28/7/2020 03:00 PM

هۆکاری سەرەکیی بۆنی ژێر باڵ

زانایان پەردەیان لەسەر میکانیزمی چۆنیەتی بەرهەمهاتنی بۆنی ناخۆش و نەگونجاوی ژێر باڵ هەڵدایەوە. زانایانی زانکۆی "یۆرک" پاش ئەنجامی کۆمەڵێک توێژینەوەی درێژخایەن تێگەیشتن کە هۆکاری ئەم بۆنە ئەنزیمێکە کە لە جەستەی میکرۆبێکدا دەژی کە لەم بەشەی جەستەدا جێگیر بووە.
توێژەران بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەم ئەنزیمە هۆکاری ئەم بۆنە ناخۆشەیە، ئەنزیمەکەیان خستە ناو جەستەی میکرۆبگەلێکی‌ترەوە کە لە ژێر باڵدا هەن و هیچ رۆڵێکیان لە بەرهەمهاتنی ئەم حاڵەتەدا نییە. لەدرێژەدا تێگەیشتن کە پاش تێکەڵاوبوونی ئەم ئەنزیمە بە جەستەی ئەم میکرۆبانەوە، ئەوانیش دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی ئەم بۆنە.
بەهۆی ئەم توێژینەوانەوە دەکرێ چاوەڕوان بین کە کە لە داهاتوودا مەوادی پاککەرەوە و دژەبۆنی زۆر بەهێزتر دروست بکرێت. بە گوتەی زانایان ئەم ئەمزیمە لە مەیموونەکانەوە بە میرات گەیشتووە بە مرۆڤ!
پرۆفیسۆر "گوین تۆماس"، میکرۆب ناسی باڵای ئەم تیمی توێژینەوەیە لەم بارەوە دەڵێ: "ئێمە زانیمان کە بۆنی ژێر باڵ چۆناوچۆن بەرهەم دێت. ئێستا ئەوە شتەی کە دەبێ بیزانین ئەوەیە کە ئەم بۆنە بۆچی بەرهەم دێت."
ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی ئەم بۆنە لەلایەن جەستەی مرۆڤەوە دروست نابێت. بۆنی ناخۆشی ژێر باڵ لەڕاستیدا بەرهەمێکی لاوەکییە و کاتێک دروست دەبێت کە میکرۆبەکان لەسەر پێست لە پێکهاتەکانی پێست کەڵک وەرگرن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەر وەک ئاماژەی پێ درا دەتوانێ چاوەڕوانییەکان بۆ دروستکردنی مەوادی دژەبۆن بە ئەنجام بەگەیەنێت؛ مەوادێک کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەو میکرۆبە تایبەتانە دەبێت و زیانێکی بۆ میکرۆبە بەسوودەکانی سەر پێست نییە.

 

سەرچاوە: telegraph

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved