2/8/2020 03:51 PM

مردن لەپێناو ئایدیاکاندا

بە حەز و شادییەکی زۆرەوە، هاوکات بێفیزانە لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە ئامادەکارییەکان بۆ وەرگێڕانی کوردی کتێبی مردن لەپێناو ئایدیاکاندا ئاگادارکرامەوە. نەبەز سەمەدی هاوڕێم هەواڵەکەی پێدام، ئەوەی شادی و چێژێکی گەورەتری پێدام ئەوەبوو، کە ئەو هەر خۆی کتێبەکە وەردەگێڕێت. من بۆ یەکەم جار لە ئازاری ٢٠١٥دا، لە زانینگەی ئۆکسفۆرد لە ئاهەنگی بڵاوبوونەوەی دەقی ئینگلیزی کتێبەکە لە بەریتانیا، نەبەز و هاوسەرە باش و میهرەبانەکە (خەندە)یم بینی. ئەوە زۆر هەستی جووڵاندم و کاری تێکردم، کە ئەوان ئەو هەموو ڕێگەیان لە مانچێستەرەوە بڕی بوو تاکو بەشداری لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا بکەن، ئەوکاتە نەبەز خەریکی خوێندنی ماستەرەکەی بوو لە زانینگەی مانچێستەر. 
بەڵام من ساڵێک پێشتر، بەڕێی ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێرەوە کە هەندێ گۆتاری منیان بەهەند وەرگرتبوو و بۆ کوردی وەریان گێڕابوون، پەیوەندیم لەگەڵ نەبەزدا هەبوو. من ناتوانم کوردی بخوێنمەوە، بەڵام کاتێک بۆ یەکەم جار بڵاوکراوەکەم بینی، ئەوەی منی هۆشسام کرد ئەو بابەتانە بوون کە تێیدا بڵاوکرابوونەوە: دوور لە دۆخی نالەباری ئەوسا و هەنووکەیی عێراق، زۆربەی هەفتەنامەکە لەبارەی بابەتگەلی وەهاوە نووسرابوو کە وێناناکرێن: گەشەندی کۆن و نوێی هۆنراوە، فەلسەفە، زانستە مرۆڤایەتییەکان، هونەر. لە وێنەکانی ئەو ژمارەیەدا (کە ئەوە هەموو ئەو شتە بوو من دەمتوانی بیخوێنمەوە) وێنەی هۆنەران، هزرڤانان و هونەرڤانانم لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا، لە ئەوروپا، ئاسیا، و ئەمریکا، لە هەموو شوێنێکەوە دەبینی. ئەوەی دەمزانی لەو کاتەدا لە عێراق چی ڕوو دەدات و دۆخی کوردستان چۆنە، وەهای دەکرد کە باوەڕ بە چاوەکانم نەکەم! و بە خۆم بڵێم: ئێرە ئەو شوێنە نییە کە لەلایەن دیکتاتۆریەتی هۆڤی، پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆساید، جەنگ، و وێرانکردنی بێکۆتاییەوە داڕندراوە. سەرەڕای ئەمەش، هێشتا خەڵک لێرە کاتیان هەیە، حەزیان هەیە، هەستیان هەیە بۆ بەهەندوەرگرتنی خوێندنەوە لەبارەی ئەو چەشنە بابەتانە. داخۆ تەنانەت ئەوە چۆن شیاوە، چۆن دەکرێت؟ ئایا گریمانەی ئەوە ناکرێت کە خەریکبوون بە هونەر، فەلسەفە و ئەدەب هی سەردەمی خۆشگوزەرانی و تێروتەسەلیین، ئاخر ئەو خەڵکانە لەو شوێنەی کە بەهۆی جەنگەوە وێرانکراوە ناتوانن پێوەی خەریکبن؟ داخۆ ئاشتی پێشمەرجی ئەو چەشنە خەریکبوونە نییە؟
بەڕوونی نەخێر. لە سەیرکردنی ئەو ژمارەیەی ڕەخنەی چاودێرەوە، جارێکی دیکە لەوە تێگەیشتم، کە فەلسەفە، ئەدەب و هونەر تەنیا بابەتی خۆشگوزەرانی و تێروتەسەلی نین، بەڵکو ئەوان پێویستی و ئاتاجی ژیانن. ئاخر ئەوان بەتایبەتی کاتێک سەردەمەکە ”لێکدابڕاو و هەڵوەشاوەیە” پێویستن. تۆ دەتوانی بەرەنگاریی تیرۆری مێژوو ببیتەوە نەک بە قووڵتر چوونە نێویەوە (ئاخر ڕەنگە ئەمە کێشەکان خراپتر بکات)، بەڵکو بەتەواوی بەڕێی هەنگاوێک دوورکەوتنەوە لێی و گەڕان بۆ پەناگەیەک لەنێو فراژووتنی ئەو شتانەدا کە هەرکاتی، ئەبەدی و نەمرن. بۆیە دانایییەکی قووڵ لە هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەدا هەبوو کە بڵاوکرابوونەوە؛ و ڕیالیزەکردنی ئەوەی کە دووبارە یادەوەرییە کەسەکییەکان بهێننەوە یاد. هەروەها بۆ منیش، کە لە وڵاتێک (ڕۆمانیا)ەوە هاتووم، بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مێژوو تۆ گەرەک بوو پشتی لێ وەربگێڕی؛ بۆ ئەوەی بە هۆشمەندی بمێنیتەوە و ڕاستگۆیی خۆت بپارێزی، ئەوا دەبوایە خۆت لە هەڵبەز و دابەز و گۆڕانکارییەکانی مێژوو بپارێزی، لەبری ئەوەی ببی بە بەشێک لەو مێژووە. لەم شوێنانەدا، کە تێیدا بەریەککەوتنێکی توند و زۆردارانە لەگەڵ مێژوودا دەبێ بە چارەنووس، ئەوەی تۆ بەزیندوویی دەهێڵێتەوە بەتەواوی خەریکبوونە بە شتە نەمرەکانەوە: خەریکبوونە لەتەک هۆنراوە، ئەدەب، و فەلسەفەدا.
ئەم وەرگێڕانەی مردن لەپێناو ئایدیاکاندا من بێفیز دەکات لە تێگەیشتن لەوەی کە کتێبێکی ”بێکەڵک” نەبێت، وەک هەموو کتێبێکی فەلسەفە، کە ڕەنگە وەک بەشێک لە هەمان پڕۆژە و لەگەڵ هەمان چاوەڕوانی و پێشبینی لە هۆشدا: ئەویش یارمەتیدانی خوێنەر بۆ خەریکبوون بە مێژوویەکەوە کە زۆر ڕەق و زبرە، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات و هاریکاریان بێت بۆ هەنگاوێک دوورکەوتنەوە لەو مێژووە. داخۆ کتێبەکە ئەو چاوەڕوانی و پێشبینییە دەهێنێتەدی؟ ئەمە بۆ من نییە بڕیاری لەسەر بدەم، هەرچەندە پرسیارەکە زۆر بەخراپی من دەترسێنێ.
هەرچەندە، گەورەترین ترس و سامی من، لە شوێنێکی دیکەوە سەرچاوە دەگرێت. لە دۆخی کەمایەسییەکی بنەڕەتیدا کە من لە پەیوەندیمدا لەگەڵ خوێنەرە کوردەکانم لە کوردستانی عێراق، خۆمی تێدا دەدۆزمەوە. من دەتوانم چی لەبارەی مەرگ و مردنەوە بە ئێوە بڵێم کە ئێوە پێشتر نەیزانن؟ من دەتوانم چی فێری ئێوە بکەم لەبارەی ”مردن بۆ مەسەلەیەک،” کاتێک ئێوە بۆ چەندین سەدە پراکتیکتان کردووە؟ هێنانی پڕۆژە بچووکە ئەکادیمییەکەم لەبارەی مەرگ بۆ بەردەم خەڵکانێک کە زۆریان بەدەستی مەرگەوە چەشتووە، ڕەنگە مەشق و ڕاهێنانێکی کامیلی بێکاریگەر و نەزۆک بێت. بۆیە هیوادارم ببەخشرێم.

ناسنامەی کتێب: کتێبی مردن لەپێناو ئایدیاکاندا، کۆستیکا براداتان، وەرگێڕانی نەبەز سەمەد، چاپەمەنی نووسیار، سلێمانی 2020.

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved