3/8/2020 01:43 PM

سیستەمی بیستنیش ئەشێوێنێت

بە گوتەی پزیشکان، تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لە هەستی تام و بۆن کردن، لەوانەیە سیستەمی بیستنیشیان بشێوێت. کارناسانی زانکۆی مانچستری بەریتانیا دەڵێن بەشێک لە تووشبووانی کۆڤید-19 باسی لاواز بوونی سیستەمی بیستنی خۆیان دەکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر لاوازبوون یان لەدەستچوونی هەستی تام و بۆن کردن وەکوو یەکێک لە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان کرابوو. توێژینەوەکەی زانکۆی مانچستر لەسەر 121 کەسی گەورەساڵ ئەنجام درا. بەشداربووان پاش ئەوەی لەنەخۆشخانە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە ماوەی 8 هەفتە نیشانەکانی خۆیان بە بنکە پزیشکییەکان رادەگەیاند.
8 کەس لە بەشداربووان رایانگەیاند کە سیستەمی بیستنیان لاواز بووە و 8 کەسی دیکەش گوتیان کە گوێیان ویزە ویز ئەکات.
پرۆفیسۆر کەوین مۆنرۆ، مامۆستای زانکۆی مانچستر دەڵێ: "ئێمە تا بەر لە ئێستا دەمانزانی کە ڤایرۆسگەلێکی وەکوو سووریژە و ماننژیت دەبنە هۆی لاوازبوونی سیستەمی بیستن و ڤایرۆسی کۆرۆناش دەتوانێ زیان بەو پێکهاتانە بگەیەنێت کە زانیارییەکان لە مێشک وەردەگرن و پێی دەگەیێنن. لە رووی تیۆرییەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆڤید-19 ببێتە هۆی کێشە لە سیستەمی بیستندا بۆ نموونە لە گوێچکەی ناوەندی یان شەیتانۆکەی گوێ."
بۆ نموونە لە نۆرۆپاتی بیستندا کە جۆرێک ئاڵۆزی سیستەمی بیستنە کە لەوێدا شەیاننۆکەی گوێ ئەگەرچی ئیش دەکات بەڵام کاری راگواستن لەلایەن عەسەبی بیستنەوە بۆ مێشک دەشێوێت.
پرۆفیسۆر مۆنرۆ دەڵێ ئەگەر کەسێک پێشتر سیستەمی گوێی لاواز بووبێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێ لەسەر ئەم بابەتەش کاری هەبێت. بە گوتەی ئەم پرۆفیسۆرە، پێویستە کۆمەڵێک توێژینەوەی جدی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆفید-19 لەسەر گوێ و سیستەمی بیستن ئەنجام بدرێت."

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved