3/8/2020 01:48 PM

گوڵشیفتە بوو بە فەڕەنسی

گوڵشیفتە فەراهانی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرام باسی وەرگرتنی مافی هاووڵاتی بوون لە فەڕەنسای کرد. ئەم ئەکتەرە ئێرانییە چەند رۆژ لەمەوبەر لە پۆستێکدا باسی لەوە کردبوو کە بووەتە شارۆمەندی فەڕەنسا و سپاسی لاینگرانی خۆی کرد. ئەو لەم پۆستەدا نووسیویەتی: "هاوینی 2008 لە هێلانەکەم هەڵفڕیم و پاش 12 ساڵ لەسەر زەوی نیشتمەوە. سپاسی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە هاوڕێم بوون، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، سپاستان دەکەم. بە بێ ئێوە گەیشتن مەحاڵ بوو."
گوڵشیفتە فەراهانی کە لە ناسنامەکەیدا ناوی بە "رەهاوەرد" تۆمار کراوە، لەدایکبووی 1983ـی تارانە، کچی بەهزاد فەراهانی و فەهیمە رەحیمی‌نیا و خوشکی شەقایق فەراهانییە کە هەموویان چالاکی بواری سینەما و تەلەفیزیۆنن.
ئەم ئەکتەرە یەکەم جار ساڵی 1997 لە فیلمێکدا بە ناوی "داری هەرمێ" بە دەرهێنەری "داریۆش مێهرجوویی" دەستو پاش کرد بە چالاکی لە بواری نوانددا و پاشان لە چەندین فیلمی دیکەدا دەوری گێڕا و توانی چەندین خەڵاتی ئاست بەرز لە ئێراندا دەستەبەر بکات. "بۆتیک"، "فرمێسکی سەرما" و "سەبارەت بە ئێلی" بەشێک لە فیلمە سەرکەوتووەکانی ئەم خانمه ئەکتەرە ئێرانییەن.
فیلمی "مشتێک درۆ/ Body of Lies" بە دەرهێنەری ریدلی سکات و بە دەورگێڕانی لیۆناردۆ دیکاپریۆ ، یەکەم فیلمی دەرەوەی وڵاتی گوڵشیفتەیە. لە هاوینی 2008ـدا گەشتی دەروەی وڵات بۆ ئەم ئەکتەرە بە بۆنەی دەورگێڕان لەم فیلمەدا لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە قەدەغە کرا و هەر لەو ساڵەدا گوڵشیفتە بۆ هەمیشە ئێرانی جێهێشت.
فەراهانی پاش هاتنە دەرەوە لە ئێران چالاکییەکانی خۆی درێژە پێدا و لەگەڵ زۆر دەرهێنەری رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی هاوکاری کرد. ئەم ئەکتەرە لە فیلمی "کچانی هەتاو" کە سەبارەت بە بەرخۆدانی رۆژاوا و بەتایبەت شاری کۆبانێیە و لەلایەن دەرهێنەرێکی فەڕەنسییەوە بەرهەم هاتووە، رۆڵی بینیوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved