10/8/2020 04:10 PM

گەدە و جگەر و ریخۆڵەی لە درەوەی سکیەتی!

کاتێک دایکی "لۆرێل" دووگیان بوو، پزیشکەکان لە وێنەی سۆنەردا چاویان بە تۆپەڵێکی گەورە لەسەر جەستەی لۆرێل کەوت کە نیشانەی ئەوە بوو دیواری سک بە باشی پێک نەهاتووە و لەو رووەوە کە ئەگەری ئەوە هەبوو مناڵەکە بە مردوویی لەدایک بێ، پێشنیاریان بە دایک و باوکی لۆرێل کرد مناڵەکەیان لە بار ببەن. بەڵام  ئەم دایک و باوکە بڕیاریان دا دەرفەتی ژیان بەم کۆرپەلەیە بدەن و دواجار لۆرێل لە 2018ـدا لەدایک بوو و پێشبینی پزیشکەکانی هەڵوەشاندەوە.
زۆرینەی ئەو مناڵانەی کە کێشەیەکی لەم چەشنەیان هەیە پاش ئەوەی لەدایک بوون عەمەلیات دەکرێن و ئەو ئەندامانەی لە دەرەوەن ئەیخەنەوە ناو سکیان، بەڵام تۆپەڵە ئەندامەکەی لۆرێل ئەوەندە گەورە بوو کە پزیشکەکان هۆشداریان دا کە نابێ تا بەر لەوەی تەمەنی بگاتە 3 ساڵ ئەم عەمەلیاتەی بۆ ئەنجام بدرێت.
لۆرێل وەکوو هەموو مناڵێکی دیکە دەتوانێ بخوا و بخواتەوە و کاروباری رۆژانەی خۆی جێبەجێ بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی توێژێکی زۆر ناسک دەور و پشتی جەرگ و ریخۆڵە و گەدەی داپۆشیوە، دەبێ دایک و باوکی زۆری ئاگاداری بکەن، چونکە ئەگەر زیانێک بەم شوێنانەی بگات ئیتر قەرەبووکردنەوەکەی زۆر ئەستەمە.
بە گوتەی دایک و باوکی لۆرێل، مناڵەکەیان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەم دۆخە نییە و ئەم تۆپەڵەیەی وەکوو بەشێک لە جەستەی قەبووڵ کردووە و بەم کارەی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کردووە. ئەوەش بڵێین لە لۆرێل مناڵێکی عەجوول و هاروهاجە.
لۆرێل لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە بە ماوەی سێ مانگ و نیو بە دەزگای هەناسەی دەسکرد دەژیا و پاشان گەراوە بۆ ماڵەوە و ئێستا ژیانێکی ئاسایی هەیە لەگەڵ بنەماڵەکەی. بەڵام بڕیار وایە لە سەرەتاکانی ساڵی 2021ـدا عەمەلیات بکرێت و ئەم کێشەیەی بۆ هەمیشە چارەسەر بکەن.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved