12/8/2020 03:15 PM

یاریی ئەمشەوی پاریسییەکان و ئەتڵەنتا

ئەمرۆ بە ئەنجامدانی یارییەك قۆناغی چارەكی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەستپێدەكات، كە یانەی پاریس سان جێرمان و یانەی ئەتڵەنتا لە پورتوكال ڕوبەڕوی یەكتر دەبنەوە.
لە ئێستادا هەردو یانە گەیشتونەتە لیشبۆنە بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە، یارییەكەش كاتژمێر 10:00 شەو بە كاتی باشوری كوردستان ئەنجامدەدرێت و لە یارییەكانی ئەو قۆناغە ئەمشەو تەنها ئەو یارییە بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئەم روبەروبونەوەیە  یانەی پاریس سانجێرمان بەهۆی پێكانەوە لە تواناكانی ڤیراتی و كۆرزوا بێ بەشەو دیماریاش ڕاگیراوە، پێش ئەنجامدانی ئەو یارییەش تۆماس تۆخێڵی ڕاهێنەری یانە پاریسیەكە ئاشكرایكرد كە مباپێ بۆ ئەم یارییە ئامادە دەبێت و بەشداری دەكات، كە بەهۆی پێكانەوە گومان هەبو لە بەشداریكردنی.
یانەی ئەتڵەنتا لە یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە ئاستێكی باش دەركەوتوە، توانی سەركەوتن بۆ ئەم قۆناغی بەدەستبهێنێت و لە خولی ئیتاڵیاش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەم تیمە یاریزانی بەناوبانگی تێدا تیە هاوشێوەی تیمەكانی دیكە، بەجۆرێك تەواوی موچەی یاریزانانی یانەكە هێندەی موچەی نەیمارە.
ئەتڵەنتا لە قۆناغی کۆمەڵەکان لەگەڵ مان سیتی بە پلەی دوەم سەرکەوت، لە قۆناغی 16دا یانەی ڤالەنسیای ئیسپانی دورخستەوە، پاریسیش لە قۆناغی رابردودا یانەی بۆروسیا دۆرتموندی کردەدەرەوە.
ڕاهێنەرەكەی ئەتڵەنتا سەبارەت بەم یارییە دەڵێت "وا لە نەیمار دەكەم لە یاریگادا بەرگری بكات، چونكە ئێمە تەنها بۆ بردنەوە هاتوین، هەمو ئیتاڵیەكان چاویان لە دەستی ئێمەیە و ئیم یارییە بۆ ئێمە وەك یاریی هەڵبژاردەی نیشتیمانی وایە".

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved