15/8/2020 03:02 PM

کامیان رووبەڕووی بایرن میونشن دەبنەوە؟

لە دواهەمین یاریی قۆناغی چارەكی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەمشەو یانەی مانچستەر سیتی و یانەی لیۆنی فەرەنسی ڕوبەڕوی یەكتر دەبنەوە لە پێناو ئەوەی یەكێكیان بگاتە قۆناغی نیوەی كۆتایی و لەوێشدا بەرامبەر یانەی بایرن میونشن یاریی دەكەن.
مان سیتی بە راهێنەرایەتی گواردیۆلا و بە ورەیەكی بەرزەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەن، دوای ئەوەی توانیان لە قۆناغی دوەمی پاڵەوانێتیەكە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بكەنە دەرەوەی پاڵەوانێتیەكە و هەردو یارییەكەیان بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لێبردنەوە، گواردیۆلاش دەڵێت "ئێمە توانیمان پادشای چامپیۆنس لیگ بكەینە دەرەوە، كە ئەمەش هێزێكی باشمان پێدەبەخشێت".
گواردیۆلا دەیەوێت بە بردنەوەی لەم یارییەدا بۆ یەكەمین جار لە مێژودا یانەی مانچستەر سیتی بگەیەنێتە قۆناغی نیوەی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، پێشتر ئەو ڕاهێنەرە لەگەڵ بەرشەلۆنە لە ساڵانی 2009 و 2011 نازناوی چامپیۆنس لیگی بەدەستهێناوە.
لەو كاتەی گواردیۆلا ڕاهێنەری یانەی بایرن میونشن بو سێ جار لە قۆناغی پێشكۆتایی ماڵئاوای لە پاڵەوانێتیەكە كرد، لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە قۆناغی نیوەی كۆتایی .
بۆ ئەم یارییە گواردیۆلا پشت بە تواناكانی گابرێل جیسۆس و ڕەحیم ستێرلینگ دەبەستێت، چونكە ئەگوێرۆ پێكانی هەیە و ناتوانێت بەشداری ئەم یارییە بكات.
دوای چەندین ساڵ یانەی لیۆنیش دەجەنگێت لە پێناو ئەوەی بگاتەوە قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، چونكە ئەو یانەیە لە وەرزی 2009 بو 2010ەوە نەگیشتۆتە ئەم قۆناغە، كە ئەو كات ڕوبەڕوی یانەی بایرن میونشن بۆوە و هەردو یارییەكەی لە لیۆن بردەوە و گەیشتە یاریی كۆتایی، بەڵام لە كۆتایدا بە ئینتەر میلانی ئیتاڵی دۆڕا.
لیۆن لە یارییەكانی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراوی تۆماركرد و لە قۆناغی 16ی ئەو پاڵەوانێتیەدا یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی كردە دەرەوەی پاڵەوانێتیەكە و ڕوناڵدۆیان بێبەشكرد لە گەیشتن بە لەشبۆنە.
رۆدی گارسیا بۆ ئەم یارییە پشت بە توااكانی ممفیس دیپای یاریزانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەبەستێت، كە گۆڵێكی لە یانەی یۆڤانتۆس تۆماركرد و بوە هۆكاری دەركردنی ئەو یانە ئیتاڵیە لە پاڵەوانێتیەكە، هەروەها موسا دێمبڵی یەكێكی دیكەیە لەو یاریزانانەی كە لە لایەن گارسیاوە بە شێوەیەكی سەرەكی پشتی پێبدەبسرێت. 

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved