18/8/2020 01:41 PM

بەرشەلۆنە چی لە "کۆیمان" دەوێت؟

یانەی بەرشەلۆنە دوای دوورخستنەوەی کیکێ سیتێن، لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی بەتەواوی لە رێککەوتن لەگەڵ رۆناڵد کۆیمان نزیکبووەتەوە، بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات.
میدیای ئیسپانی دەڵێت، ئۆسکار گراو، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە کە بۆ قسەکردن لەگەڵ کۆیمان چووبووە هۆڵەندا گەڕایەوە بەرشەلۆنە، ئەو بەدەستی بەتاڵەوە نەگەڕاوەتەوە و رێککەوتن لەگەڵ راهێنەرە هۆڵەندییەکە کراوە، بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری بارسا، بەڵام چەند وردەکارییەکی کەم ماون چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ تەواوبکرێن و رۆژی چوارشەممەش بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیێندرێت.
سەرچاوەکانی نزیک یانەی بەرشەلۆنە دەڵێن، کارگێری بارسا داوای لە کۆیمان و ئەبیدال کردووە، یانەکە پاکبکەنەوە، یاریزانەکانی وەک، لویس سوارێز، خۆردی ئەلبا، ئیڤان راکێتیچ، ساموێل ئومتیتی، مارتن برایتوەیت و بەشێکی زۆری یاریزانەکانی ئێستای یانەکە لەگەڵ کەتەلۆنییەکان بەردەوام نابن.
هەروەها یانەکە بە راهێنەرە نوێیەکەی گوتووە، دەرگا بەڕووی یاریزانە گەورەکاندا بکاتەوە بۆ ئەوەی لە یانەکە بڕۆن، ئەوەشی کە ئامادەنەبوو بڕوات مووچەی کەمدەکرێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رادیۆی کادینا کۆپی، بارسا لە هەنگاوەکانی کۆتاییدایە بۆ ئەوەی کۆیمان بەفەرمی بکاتە راهێنەر، گرێبەستی ئەو راهێنەرە بۆ ساڵێک دەبێت، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی بۆ ساڵێکی دیکە.
لە ئەگەری بوون بە راهێنەری یانەکەش، پێویستە بەرشەلۆنە یەک ملیۆن یۆرۆ بداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا، وەک قەرەبووی بردنی ئەو راهێنەرە بۆ یانەکەی کە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە.
یەکەم یاریزان کە کۆیمان لەکاتی وەرگرتنی راهێنەرایەتی بارسا دەیەوێت بیگوازێتەوە ناوی ئاشکرابوو، نزیکەکانی بەرشەلۆنە دەڵێن، گواستنەوەی دۆنی ڤان دیبیک، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئایاکس لە ئامانجەکانی کۆیماندایە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ بلاوگرانا یاریی بکات، کە ئێستا نرخەکەی 25 بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدا کە پێشتر هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد دەیانەویست ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان، بەڵام زیدان گواستنەوەی رەتکردەوە و مان یونایتدیش سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانیدا.

 

خاک _ پشکۆ  کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved