18/8/2020 02:42 PM

لە دوای 30 ساڵییەوە سەرنجی ئەمانە بدە

لەهەر قۆناغێکی تەمەن گۆڕانکاری بەسەر جەستەدا دێت، لەگەڵ زیادبونی تەمەندا چالاکی مێتابۆلیزم کەمدەبێتەوە، پێست زیاتر توشی چرچبون دەبێت و لەگەڵ کۆمەڵێک گرفتی دیکە، بەڵام لە سییەکانی تەمەندا جەستە بە چالاکی دەمێنێتەوە، هەربۆیە گرنگە چەند نیشانەیەک فەرامۆش نەکەیت، رەنگە لە کێشەی تەندروستی ئاگادارت بکاتەوە.

باش هەرسنەکردنی خۆراک
ئاساییە بۆ ماوەیەکی کاتی بەوشێوەیە بیت، رەنگە هۆکارەکەی سترێس و دڵەراوکێ بێت، بەڵام ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر درێژە بکێشێت واتە سیستمی خۆراکیت تەندروست نییە، ئەگەر چەند مانگێک بەو شێوەیە بویت پزیشکی پسپۆر ببینە.

بیرچونەوە
هەمو کەسێک توشی ئەو دۆخە دەبێتەوە کە جار جارە شتەکان لەبیردەکات، بەڵام ئەگەر درێژەی کێشا و کێشەی بیرهاتنەوەت هەبو، پێویستە پشتگوێی نەخەیت.
لاوازی سێکسی
ئاساییە ئەگەر لەدوای تەمەنی 40-45 ساڵی روبدات، بەڵام ئەگەر لە سییەکانی تەمەندا بێت چەند هۆکارێکی هەیە وەکو بەکارهێنانی حەبی رێگری لە دوگیانی، سترێس، ناڕێکی سیستمی خۆراکی و حەبی دژە خەمۆکی، بۆیە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ ببینیت.

شەکەتیی بەردەوام
پێویست  بە نیگەرانی ناکات ئەگەر رۆژێک یان هەفتەیەک هەست بە هیلاکی و شەکەتی بەردەوام بکەیت، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەمشێوەیە بویت و ئارەزوی هیچ کارێکت نەبو، هەوڵبدە پزیشک ببینە.

ئازاری ددان و پوک یان خوێنبەربون
زیاتر ددانەکانت ئەگەر هەستیار بن یان کێشەیەکیان هەبێت پێش تەمەنی 25 ساڵی ئەو نیشانانە دەردەکەون، ئەگەر لەدوای 30 ساڵی ددانەکانت زۆر هەستیار بون بە شتی سارد و گەرم یان ئازاریان هەبو، کاتی ئەوەیە پزیشک ببینیت.

کەمخەوی
کەمخەوی هۆکارەکەی فشاری دەرونی و دڵەراوکێیە، ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر بەمشێوەیە بیت مێشک توانای کارکردنی نابێت بە باشی، ئەگەری هەیە کاریگەری بکاتە سەر تەندروستی تەواوی جەستە، بۆیە گرنگە سیستمی خەو رێکبخرێت.

 

سەرچاوە: sundayriley

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved