19/8/2020 01:59 PM

گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی

ناسنامەی کتێب: «گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی»، د.  فەرهاد شاکەلی، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: د. محەمەد خزری ئەقدەم، چاپەمەنیی مادیار، سنە .۲۰۲۰

لە بنەڕەتدا، ئەم پەڕتووکە توێژینەوەیەکی ئاکادێمیکە کە ساڵی ۲۰۱۶ لە لایەن زانکۆی “ئۆپسالا”ی سوێد لەژێر ناوی «The Modern Kurdish Short Story» چاپ کراوە و تێیدا بە لەبەرچاوگرتنی بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان، باس لە ڕەوتی لەدایکبوونی کورتەچیرۆک و چیرۆک و ڕۆمانی کوردی دەکرێ و دەکەوێتەی بازنەی “خۆناسینی کوردانە”، لەبەرانبەر “کوردناسیی ڕۆژهەڵاتناسانە”، بەو واتایە کە ئەگەرچی توێژینەوەکە بە زمانی “ئینگلیزی” نووسراوە، لێ بە عەقڵێکی کوردانە و لە دەرەوەی خەیاڵی خۆرهەڵاتناسان و هزری ڕۆژاواییەکاندا ڕسکاوە.
کتێبەکە هەڵگری چەند بەش و بنبەشە، کە ئەوانیش بریتین لە وتەی وەرگێڕ، وتەی نووسەر، پێشەکی، پاشخانی مێژوویی و بیبلیۆگرافی، ناوەڕۆک، فۆرم, سووکەئاوڕێک لە بەرهەمی ساڵەکانی ۱۹۸۸-۲۰۰۰ و ئەنجامگری.
وەرگێڕ لە وتەکانی خۆیدا ئاماژە بە گرنگیی ئەدەبییات و ئەدەبی مۆدێرن وەک یەکێ لە سەرچاوەکان بۆ دۆزینەوەی «خود» و ناسینی “ناسێنە” دەکات و ئەم کارەش وەک سەرەتایەک بۆ «بەرکوتی خەرمانی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی» دێنێتە ئەژمار. هەروەها، وەرگێڕ ئاماژە بەوە دەکا کە ناوێکی گشتیی تری کردووەتە سەردێڕێ کتێبەکە بۆ ئەوەی لەلای خۆێنەری کورد جوانتر خۆی وێنا بکا؛ بۆیە وازی لە وەرگێڕانی دەقاودەقی ناوی کارەکە هێناوە کە بریتییە لە”کورتەچیرۆکی مۆدێرنی کوردی” و لە جیاتی ئەوە، ناوەڕۆکی کارەکەی بە ماک گرتووە و ناوی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی لەسەر داناوە؛ چونکە لەو کارەکەدا جگە لە کورتەچیرۆک، باسی چیرۆک و ڕۆمانیش دەکرێ. هاوکات، ناوبراو باسی ئەوە دەکا کە لە شوێنی پێویست و لە داوێنی هەندێ لە لاپەڕەکاندا، کەوتووەتە شیکردنەوەی زیاتری بابەتەکان و بەم جۆرە کارەکەی لە حاڵەتی “وەرگێڕانێکی پاسیڤانە” دەرهێناوە و خستوویەتە قاڵبی “وەرگێڕانێکی چالاکانە”وە.
لە کۆتاییدا، وەرگێڕ شێوازی وەرگێڕان و پێبەندیی خۆی بە دەق لەلایەک و وەفاداریی خۆی بە خەزێنەی وشە و زاراوە و ئیدیۆمی زمانی کوردی لە لایەکی ترەوە نەشاردووەتەوە و لای وایە کە وەرگێڕ جگە لە ڕاگوێزکردنی واتا، پێویستە مەیدانی وەرگێڕان بکاتە دەرفەتێک بۆ خزمەتی زمانی کوردی.
نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەدا، سێ مژاری سەرەکی دەورووژێنێ، کە ئەوانیش بریتین لە دۆخی کەلتووری و ڕامیاریی هەرێمی کوردستان، چاندی کوردان لە سۆڤێتی پێشوو و کورد و نووسین بە زمانی “ئەوانی‌ تر”. لە پێشەکیی کارەکەشدا، شاکەلی ئاماژە بە هەندێ بابەت دەکا وەکوو ڕەچەڵەکناسیی وشەی چیرۆک و شێوازی لێکۆڵینەوەکەی خۆی و ناساندن و هەڵسەنگاندنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ کارەکەی بوونەتە بنەما. وێڕای ئەوە، لە بەشی پاشخاندا، نووسەر دەپەرژێتە سەر دەقە گرینگەکانی پەخشانی کوردی، ڕۆژنامەگەریی کوردی و گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی و ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی. لە بەشی دووهەمدا، ناوبراو ناوەڕۆکی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی لەژێر سەردێڕەکانی مێژووی کورد، کێشەی چینایەتی، خەباتی نەتەوایەتی، پرسی ژنان و دواکەوتووییدا پۆلێن و گەنگەشە دەکات. لە بەشی سێهەم و لەمەڕ بابەتی فۆڕم و شێوەوە، دێتە سەر مژارگەلی وەک فۆرمی دەرەوە، فۆرمی ناوەوە و زمان و فۆرمی دەربڕین. جیالەوانە, لە بەشی چوارەمدا پاشکۆیەک بۆ بەسەرکردنەوەی بەرهەمی ساڵەکانی ۱۹۸۸-۲۰۰۰ تەرخان و لە دوایین بەشیشدا، شاکەلی تێگەیشتنی گشتیی خۆی وەک دەرئەنجامی توێژینەوەکە دەخاتە بەرچاو.
جیا لەو بەرکارە سەرەکییانە، “کتێبنامە” یەک لە کۆتایی پەڕتووکەکەدا هاتووە، کە دەتوانێ ژێدەرێکی باش بێ، بۆ ئەوانەی دەیانەوێ کاری پتر لەسەر کورتەچیرۆک و چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بکەن. وێڕای ئەوە، وەرگێڕ خۆی بەشی “ئیندێکس”ی لەژێر سەردێڕی” لێزگەی ناوەکان” ئامادە و بە کتێبەکەیەوە لکاندووە, هەتا خوێنەران خێراتر بتوانن بابەتەکان ببیننەوە.
بە گشتی، وەرگێڕانی توێژینەوە و نامە ئاکادێمیکەکانی پێوەندیدار بە مێژووو و وێژەی کوردی لە زمانە ئەورووپییەکانی وەک ئینگلیزی و فەڕانسی و ئاڵمانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی، کارێکی گرینگە بۆ خزمەتی زیاتر زمان و مەعریفەی کوردی لە لایەک و پێویستیشە بۆ گرێدانی مەیدانی ئاکادێمیک بە گۆڕەپانی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی کوردییەوە. ئەم پەڕتووکەش یەک لەو کتێبانەیە، کە وێڕای بەرهەمەکانی تر دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ سازکردنی وێنایەکی گەورەتر و بەرهەمی بەپێزتر لە مەیدانی لێکۆڵینەوەی کوردیدا.

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران



هەواڵی زیاتر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved