20/8/2020 03:46 PM

ئەستێرەکە چی بەسەر دێت؟

رۆناڵد کۆمانی راهێنەری نوێی بارسا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا دڵنیایی نەدا کە میسی لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە یان نا، ئەو باسی لەوەکرد کە حەزدەکات لیۆ لەگەڵیبێت و ئەو کوڕەی رۆزاریۆ بەشێکە لە پرۆژەکەی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە میسی هێشتا تووڕەیە و بڕیاری مانەوەی نەداوە، هەڵوێستی روون نییە و خۆی یەکلانەکردووەتەوە.
میدیاکانی ئیسپانیا و کەتەلۆنیا بەتایبەت، دڵنیانین لە مانەوەی میسی، بەپێی دوایین راپۆرت کە باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دەکات لە نێوان کەسوکارەکەی میسی و دەیڤد بێکهامی ئەفسانەی پێشووی ئینگلتەرا و خاوەنی یانەی ئینتەرمیامیی ئەمریکی، راپۆرتەکە دەڵێت " باوکی میسی پرسیاری رێوشوێنەکانی پەیوەندیکردنی کوڕەکەی بە یانەکەی بێکهامەوە کردووە و باسیان لە چەند بابەتێكی گرنگ کردووە کە پەیوەستە بە داهاتووی میسییەوە، لەوانە لایەنی دارایی و ژیانی ئەمریکا و رکابەرییەکانی خولی ئەو وڵاتە".
راپۆرتەکە ئاماژەشی بەوەکردووە کە زەحمەتە لیۆ لە یانەیەکی دیکەی ئەوروپا یاری بکات، چونکە ئەو دەیەوێ کاتێک لە بارسێلۆنا دەڕوات، ئەو چاوە میدیاییەی کە ئێستا لەسەریەتی نەمێنێت یانیش ئەو پەستانە زۆرەی کە هەموو وەرزێک دەخرێتەسەری کەمببێتەوە و کۆتاییەکانی کاروانی وەرزشیی خۆی دوور لە ئەوروپا بەسەرببات.
ئەمە لە کاتێکدا کە ناوی میسی بە چەندین یانەی ئەوروپاوە بەستراوە، لەوانە ئینتەرمیلانی ئیتالی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی.
هەموو ئەو مقۆمقۆیانە و ئەو پرسیارانەی کە رۆژانە هاندەرانی بارسا و لیۆ دەیکەن سەبارەت بە مانەوە یان رۆیشتنی ئەو یاریزانە، ئەمڕۆ یان سبەی لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ماریا بارتۆمیۆی سەرۆک و رۆناڵد کۆمانی راهێنەر و لیۆنێل میسیی کاپتندا یەکلادەبێتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا کۆمان پرۆژەکەی خۆی بۆ میسی شیدەکاتەوە، ئەگەر بە دڵیبێت، ئەوا دەمێنێتەوە، ئەگەریشنا ئەوا بڕیاری رۆیشتن لەو یانەیە دەدات کە هەموو تەمەنی وەرزشیی خۆی تێدا بەسەربردووە.
پێشتر پرۆژەیەک هەبوو کە لە میدیاکاندا دەنگۆی زۆری نایەوە، ئەویش پەلکێشکردنی هەردوو سوپەرتاری تۆپی پێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل میسی بوو بۆ یەک یانە کە ئەویش یانەکەی بێکهام بوو.
دوای شکستە گەورەکەی بارسا بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی، کە 2 - 8 پێیدۆڕا و لە قۆناخی هەشتەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاریدا گۆڕانێکی ریشەیی لە تیپەکەیدا بکات و یەکەم بڕیاریشی دەرکردنی کیکێ سیتێنی راهێنەر و دانانی رۆناڵد کۆمانی هۆڵەندی بوو لە شوێنی, بڕیاریشیانداوە چەند یاریزانێکی سەرەکی لە یانەکە دووربخەنەوە و دەستبەرداریان ببن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved