22/8/2020 05:38 PM

ئازاری کلێنچکە و چارەسەرەکانی

ئازاری کلێنچکە ئازارێکی بێزارکەرە لەناوچەی ئێسکی خوارەوەی بڕبڕەکانی پشتدا دروستدەبێت و دەبێتە هۆی نائاسودەیی لە کەسی توشبوو و لە هەندێک حاڵەتدا توانای رۆیشتن لەناو دەبات. لەم بابەتەدا هۆکار و چارەسەرەکانی ئەم ئازارە دەخوینە روو.

ھۆکارەکان:
1. لەئەنجامی پێکان و کەوتن بەپشتدا.
2. دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر رویەکی تەسک و ڕەق، کەدەبێتە ھۆی ھەوکردنی جومگەکە.
3. داخورانی جومگەکە.
4. لەخانماندا زۆر جار بەھۆی منداڵبونی سروشتی رودەدات، کە ئێسک و جومگەکەکە زەبریان پێدەگات لەئەنجامی فشاری منداڵەکەوە.

نیشانەکان:
ئازاری کلێنچکە، ئازارێکی بێزارکەرە، ھەندێک جاریش تیژە، لەھەندێک چالاکیدا زیاتر دەبێت، وەکو دانیشتن، لەکاتی ھەڵسان لەدانیشتنەوە بۆ وەستان بەسەرپێوە، یاخود وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر، پیسایکردن و لەکاتی سێکسکردندا، بۆ ئافرەتان ھەندێک کات لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئازارەکە زیاد دەکات.

چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوە ئازارەکەی:

1. لەکاتی دانیشتندا دۆشەکەڵەی تایبەت بەکاربێنە، کەناوەکەی کونێکی تیادابێت، یاخود لەشێوەی حەرفی (V) ی ئینگلیزی بێت.
2. لەکاتی دانیشتندا دەتوانیت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ پێشەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.
3. جەوەنە و پاکی سارد یاخود گەرم دەتوانیت بەکاربێنیت بۆ شوێنی ئازارەکە، بەپێی نەخۆشەکە بەکامیان ئارامتر دەبێت.
4. ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربھێنرێن بەتایبەتی دژەھەوکردنە ناستێرۆیدەکان، بەڵام باشترە لەژێر رێنمایی پزیشکدا بێت لەبەر زیانە لاوەکییەکانیان.
5. ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی و وەرزشی تایبەت بەو کێشەیە، کەپزیشکی پسپۆڕ بۆت دادەنێت.

ئەگەر ئازاری کلێنچکەت بەو چەند رێگەیە چارەسەر نەبو، ئەوا پزیشکەکەت لەوانەیە پشکنینت بۆ بکات بۆ زانینی ھۆکاری تر، ئەشیعەی ڕەش و سپی و ئەشیعەی تەنووری ھەندێک جار پێویستن بۆ بینینی شکاوی، داخوران، یاخود ھەندێک حاڵەتی دەگمەنی وەک شێرپەنجە.

چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچکە:

1. لێدانی دەرزی ستیرۆید، پرۆلۆتێراپی، پلاسما بۆ کلێنچکە لەژێر دەلالەتی سۆنەردا.
2. بەکارھێنانی ئامێری رادیۆفریکوینسی لەژێر ئامێری (C arm) دا بۆ گرێ دەماری (ganglion impar) بۆ نەھێشتنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچک.
3. نەشتەرگەری، کەئەمیش زۆر بەدەگمەن دەکرێت و ئێسکەکە لادەبرێت.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved