24/8/2020 01:16 PM

پاڵەوانێتی بایەرن و زیانی بەرشەلۆنە

یانەی بایرن میونشن نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا بردەوە، ئەوان ئاهەنگیان گێڕا و دڵخۆشبوون، بەڵام ئەوەی زەرەرمەند بوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بوو.
کاتێک یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستی لەگەڵ فیلیپ کۆتینیۆ، ئەستێرەی بەرازیلی واژۆکرد، لە بەندێکی گرێبەستی ئەو یاریزانەدا کە لە لیڤەرپوولەوە گواسترایەوە هەبوو، کە ئەگەر یاریزانەکە چامپیۆنزلیگی بردەوە، یانە ئیسپانییەکە 5 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانە ئینگلیزییەکە.
دوای بردنەوەی نازناوەکە لەگەڵ بایرن میونشن، بارسا دەبێت ئەو پارەیە بداتە لیڤەرپوول، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە هێشتا یاریزانی بەرشەلۆنەیە و بە خواستن یاریی بۆ بایرن دەکرد.
دوای بەدەستهێنانی نازناوەکە کۆتینیۆ گوتی، زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی نازناوەکە، ئێستا کاتی گەڕانەوەیە بۆ بەرشەلۆنە، دەمەوێت بگەڕێمەوە ئەو یانەیە، نازانم چی روودەدات، دەمێنمەوە یان نا، بەڵام بە جددی کاردەکەم.
گەڕانەوەی کۆتینیۆ بۆ بارسا لەکاتێکدایە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، رۆناڵد کۆمان، راهێنەری بەرشەلۆنە دەیەوێت ئەو یاریزانە لە یانەکەی بهێڵێتەوە و لە پڕۆژەی نوێی یانەکەدا پشتی پێببەستێت.
لەلایەکی دیکەوە، یانەی بەرشەلۆنە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بەبۆنەی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ پیرۆزبایی لە یانەی بایرن میونشن کرد.
لە قۆناخی هەشتی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، یانەی بەرشەلۆنە بە 2-8 بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕا، فیلیپ کۆتینیۆش دوو گۆڵی لە دژی یانەکە تۆمارکرد.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved