26/8/2020 11:27 AM

هەواڵە شۆک‌هێنەرەکەی شەوی رابردوو

شەوی رابردو هەواڵێك هاوشێوەی بۆمبی ئەتۆمی لە نێو میدیاكانی جیهاندا تەقییەوە و رۆیشتنی میسی لە یانەی بەرشەلۆنە بوە باس و خواسی رۆژنامەكان، ئەمەش دوای ئەوە هات مە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە رێگەی فاكسێكەوە داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كرد رێگەی رۆیشتنی پێبدەن لە یانەكە، وەڵامی ئەو یانەیەش زۆر خێرابو بۆ میسی و بۆیان نوسیوە، ببورە نامانەوێت بڕۆیت.
دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە باس لەوەدەكرا كە بارتۆمیۆ بە میسی وتوە من لە بەرشەلۆنە دەڕۆم، بەڵام تۆ لە یانەكە بمێنەرەوە، بەڵام رۆژنامەی سپۆرت ئەم دەنگۆیەی ڕەتكردەوە و ئاشكرایكرد كە بارتۆمیۆ ئامادە نیە واز لە كارەكەی بهێنێت.
میسی دەیەوێت بە سود وەرگرتن لە خاڵێكی گرێبەستەكەی بەرشە جێبهێڵێت، كە بە بپێی ڕێككەوتنێك لە مۆتایی هەر وەرزێك كە میسی بیەوێت دەتوانێت یانەكە جێبهێڵێت، بەڵام یانەكەی ئامادە نین بەو ئاسانیە دەستبەرداری ببت و لە بەرامبەردا داوای 700 ملیۆن یۆرۆ دەكەن.
سپۆرت نوسیویەتی، لە ڕوی یاساییەوە میسی ناتوانێت لە بەرشەلۆنە بڕوات، تەنها بە دو مەرج نەبێت، یان ئەوەتا یانەیەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بدات كە 700 ملیۆن یۆرۆیە، یاخود بەرشەلۆنە خۆی بڵێت نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە لابەرێت بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ رۆیشتنی بكەن، چونكە لیۆ تەنها ساڵێكی گرێبەستەكەی ماوە و وەرزی داهاتو دەتوانێت بە خۆڕایی لە بەرشەلۆنە بڕوات.
دوای بیستنی ئەم هەواڵە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە ڕژانە بەردەم یاریگای كامپ نۆ و بە دروشمی "میسی بمێنەروە، ئێمە هەمومان تۆمان خۆشدەوێت"، هەروەها هاندەران دوای ئەوە دەكەن كە ماریا بارتۆمیۆ دەست لە كارەكەی بكێشێتەوە بۆ ئەوەی میسی لە یانەكە نەڕوات.
تا ئێستا بە شێوەیەكی دروست ئاشكرا نیە كە كۆتایی ئەم بارودۆخەی بەرشەلۆنە چۆن دەبێت، بەڵام وەك رۆژنامەكان باسی لێوە دەكەن، میسی سورە لەسەر رۆیشتنی لە یانەكە و ئەستەمە پەشیمان ببێتەوە لەو بڕیارەی داوێتی.
ڕۆژنامەی سپۆرت نوسیویەتی، هۆكاری ئەم بڕیارەی میسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو یاریزانە توڕە بوە لە بارتۆمیۆ و پێی وتوە "زیاتر لە جارێک تۆ منت فریوداوە و پشتگیری یانەکەت نەکردوە، لە ئێستاوە ئێمە گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێک ناکەین".
دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە چەند یانەیەك كەوتونەتە خۆیان بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ میسی بكەن، لە گرنگترینیان هەردو یانەكەی شاری مانچستەر، یانەی ئینتەر میلان لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی.
"ئیسپۆرت ئینتەراتیڤۆ" لەگەڵ پێگەی "ئی ئێس پی ئێن"ی بریتانی ڕایانگەیاندوە كە میسی بڕیاریداوە یاری بۆ یانه ی مانچستەرسیتی بکات، تا ئێستا زۆرینەی سەرچاوەکان میسی بە تیمەکەی گواردیۆلاوە دەبەستنەوە، باس لەوەش دەكرێت كە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میسی لەگەڵ گواردیۆلا گفتوگۆی كردوە و ئەو ڕاهێنەرە ڕازی کردوە بەوەی پەیوەندی بە مان سیتیەوە بکات و گرێبەستەکەشیان کۆتایی پێهێناوە، ئەوەی ماوە تەنها ڕێككەوتنە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved