29/8/2020 04:07 PM

دەمامکەکانی ڕەخنە و ڕەخنەگرانی بێ ڕوومەت

محەمەد موەفەقی(شاعیر و رەخنەگر)
وەک ئەزانین یەکێ لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمە کە ئێمەی تێدا ئەژین ، زاڵبوونی دیاردەی سۆشیاڵ میدیایە لە قەبارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە سەر کۆی پێوەندییەکانی مرۆڤی نیشتەجێی سەر ئەم جیهانە بێەروشوێنە. لە ڕاستیدا بە هاتنی تەکنۆلۆژیای نوێی پێوەندیی و سەرهەڵدانی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەسکەوتی ئەم تەکنۆلۆژیایە ، ڕۆحی شێوازی پێوەندییەکانیش بە تەواوی گۆڕدراوە و مرۆڤی ئەم سەردەمەی تووشی شۆکێکی سەرسووڕهێنەر کردووە . دیارە ئەم زاڵبوونەش لە هەناوی خۆیدا ، هەندێ دەرکەوتەی جیاوازی لێ ئەبێتەوە و لۆژیکی تایبەت بە خۆی بەرهەم دێنێت. بێگومان ڕایەڵە مەجازییەکانیش وەک هەموو دیاردەیەکی ڕۆژگاری نوێ هەڵگری دوو ڕەهەندی داهێنەرانە و کاولکارانەیە ، ئەگەر ئێمە وەک ئەندامی ئەم پانتا بەرینە یان خۆ وەک بەکارهێنەری کۆی ئەم ڕایەڵانە ، بە وردی ئاگاداری میکانیزم و سازوکاری ئەم لۆژیکە تایبەتە نەبین ، دیارە ئەم تەکنۆلۆژیایە ڕووی کاولکارانەی خۆیمان پێ پیشان ئەدا و تا دێ مەودای نێوانمان لە گەڵ ڕەهەندە داهێنەرانەکەی زۆرتر ئەبێتەوە . کە وا بوو ئەبێ بە هۆشیارییەکی تەواوەوە هەڵسووکەوت لە گەڵ ئەم دۆخەدا بکەین و بەستێنێک ساز بکەین بۆ دیالۆگی نێوان بیرە جیاواز و تەنانەت دژوازەکانیش. بەڵام مەخابن ئەوەی لەم ساڵانەی دواییەدا دەرکەوتووە ، ئەم ڕاستییە ناحەز و قیزەونەیە کە ئێمە زۆرتر هەنگاومان بەرەو ئاراستەی نێگەتیڤی ئەم دۆخە هەڵگرتووە و دەرکەوتەی عەینی ئەم شتەش سەرهەڵدان و هەڵتۆقینی کارگ ئاسای هەندێ پەیج و ڵاپەڕەی فەیک و ساختەن بە ناو ڕەخنەگرەوە کە هەر کامەو بە جۆرێک لە ژێر ناوی ڕەخنەی زانستی و ڕادیکاڵ و ڕاشکاوانەوە بێڕێزی بە کەرامەتی نووسەر و شاعێر و ساحەتی ئەدەبییاتی کوردی بە گشتی دەکەن . دیارە کەس نکۆڵی لە بوونی ڕەخنەیەکی تەندروست و بەرپرسیار و تەنانەت بە خسڵەتێکی ڕادیکاڵیشەوە ناکات . بەڵام ئەوەی ڕۆژانە ئەیبینین ، تەوژمی سامناکی کۆی هەموو ئەو پۆست و ستۆرییانەن کە لە لایەن هەندێ بە ناو ڕەخنەگری بێ ڕوومەتەوە لە هەندێ لاپەڕەی فەیکدا کاریان بووەتە ناوزڕاندن و بێڕێزی و سووکایەتی بەم و بەو.
دیارە هەر هەموومان لە سەر ئەوە تەباین کە ڕەخنە بە گشتی و ڕەخنەی ئەدەبیی بە تایبەت لە زاتی خۆیدا هەڵگرێ خسڵەتێکی ڕزگاریخوازانەیە و ئەبێتە هۆی دەرباز بوونی ئەدەبیات بە هەموو ژانرەکانیەوە لە زەلکاوی ڕاوەستان و جیا لەمەش ئەبێتە ئاستەنگێک لە بەردەم شاعێر یان نووسەرێکدا کە تووشی وەهمی خۆ بە خوا زانین بووگە. بەڵام ئەبێ ئەمە بزانین کە لاڕێ کامە و کامە شاڕێ؟!
ئەوەی بەڵگەنەویستە و حاشای لێناکرێ ئەمەیە کە ئەکتی ڕەخنە زۆر جیاوازە لەوەی ئەم بەڕێزانەی لای خۆمان پێیەوە خەریکن ، ڕەخنە مێتۆد و چوارچێوە و لۆژیکی تایبەت بە خۆی هەیە ، وا نیە هەر کە هەستێ و بە هێنانەوی دوو فاکت لە بیرمەندانی ڕۆژئاوایی و دوو جوێن بەم و بەو ، لە قەبارەی ڕەخنەگردا دەرکەوێت ، ئەم بەڕێزانەش نابێ فریووی کۆمەڵێک لایک و کامێنت بخۆن و لە خەڵوەت و تەنیایی خۆیاندا وا بیر بکەنەوە کە بوونەتە ڕەخنەگرێکی پرۆفێشناڵ و تازە ئیتر کەس پێیان ناوێرێ. کە واتە یەکێ لە کارکردەکانی ڕەخنە لە ئەساسدا ئەمەیە ببێتە ڕێگر لە بەردەم سەرهەڵدانی هەر جۆرە وەهمێکی کوشندە لای شاعێر یان نووسەرێک کە بووەتە شەبەحی دۆنکیشۆتی ڕۆژگاری ئێمە ، نە ئەوەی کە خودی سووژەی ڕەخنەگر تووشی هەمان پەتاو و وەهمی بێ سنوور ببێت ، دیارە ئەم جۆرە بە ناو ڕەخنەیەش هیچ دەسکەوتێکی نابێ جگە لە بازتولید یان بەرهەمهێنانەوەی عەقڵییەتێکی پاستۆراڵ و فەشەل کە تەنیا بوار بۆ ئاڵۆز بوون و بەرەو نادیار بردنی فەزای ئەدەبیات و داهێنانی دەقی جیددی و سەربەخۆ ، دەخولقێنێ. کە واتە با بە چاوێکی واقع بینانەوە سەیری ئەم فەوزا و فەرتەنەیە بکەین کە بە ناو ڕەخنەی ئەدەبییەوە لە لاپەڕە مەجازییەکاندا ئاراستەی فەزای ئەدەبیاتی کوردی بە گشتی و ژانری شێعر بە تایبەت ، دەکرێ.
جا من لە زۆربەی نووسینەکانمدا ، باس لە ڕەخنەی بەرپرسیار دەکەم ، ڕەنگە هەندێ کەس تووشی تێگەیشتنێکی هەڵە ببن لە هەمبەر ئەم دەستە واژەیەدا ، بۆیە بە پێویستی ئەزانم ، هەندێک ڕوون کردنەوە یان خود شرۆڤەیەک لە سەر ئەم مژارە ئاراستە بکەم ، بەر لە هەموو شتێک ئەبێ بڵێم لای من ڕەخنە تەنیا بریتی لە دوو شێوازی بەرپرسیار و نا-بەرپرسیار نیە ؛ بەڵام خۆ جۆرە شپرزەیی و نالەباریێەک بە دۆخەکەوە دیارە و هەر هەمووشمان ئەیبینین کە خود لە ڕاستیدا دەرکەوتەی غیابی مێتۆد و هەژاریی تیۆریکە ، ئەمەش وایکردووە زۆربەی ئەو نووسێنانەی کە بە ناو ڕەخنەوە لە ڕایەڵە مەجازییە کاندا ، بڵاو دەکرێنەوە تەنیا کۆمەڵێک تێ بینیی و کامێنتی شەخسی بن کە پێڕوی هیچ فێرگە و ڕێبازێکی ڕەخنەیی نین و تەنیا شێوازێکی سەلیقەیی بە سیمایانەوە دیارە ، کە وابوو ڕەخنەی بەرپرسیار بەر لە هەموو شتێک خۆی بە بەرپرس ئەبینێ لە بەردەم دۆخێکدا بە نێوی ئەدەبیاتەوە . ڕەخنەیەک کە تەنیا بپەرژێتە سەر پەراوێزەکان و خۆی لە قەرەی دەق وەک بابەتێکی خۆبژیو و قائیم بە زات نەدات؟، ئەبێ لە جەوهەر و ماهییەتی ئەو ڕەخنەیە و تەنانەت نووسەرەکەشی شک بکەین و بە گومانەوە بەرەوڕووی ببینەوە . ڕەخنەی بەرپرسیار لە ئەساسدا بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێ کە بەرەنگاری هەر چەشنە دۆخ یان فەزایەک ببێتەوە کە تێیدا کەس یان کەسانێک خەریکن بە دیدێکی قودسییەوە چاو لە پلە و پێگەی خۆیان دەکەن و خەریکن بە سەپاندنی خۆیان بە سەر فەزاکەدا ، خۆیان و بەرهەمەکانیان وەک ئەمری موقەددەس و بابەتێکی پیرۆز پێناسە دەکەن کە چما کەس بۆی نیە تخوونی ساحەتی پێغەمبەر ئاسای ئەوان بکەوێ و ئەم کارەش وەک مەعسییەتی کەبیرە و گوناهێکی هەرە مەزن دەزانن کە بکەرەکەی ئەبێ سەروماڵی لە جێی کەفارە بدات و لەمانیش تەڵەبی غوفران بکات . کارکردی ئەمڕۆکەی ڕەخنە لای ئێمە ڕێک بەرهەڵست بوونەوەیە لە هەمبەر ئەم زێهنییەتە دژە ئەدەبیاتەدا. ئیدی کاری ڕەخنە و ڕەخنەگر لەوە تێپەڕیووە کە بە پێناسە کلاسیکییەکەی ببێتە پردێکی پێوەندی لە نێوان خاوەنی بەرهەمی ئەدەبی و کۆی بەردەنگی ئەو بەرهەمانەدا . هەر چەن ئەم فانکشێنەش بۆ ڕەخنە دیاری دەکرێ ، بەڵام ڕەخنەی ئێمە دەبێ بەردەوام مەودای خۆی لە گەڵ ئەو عەقڵییەتە سەخیف و سەقەتەدا بپارێزێت کە بەردەوام پەنا بۆ لای هەندێک گوزارەی نەگۆڕ و ئەزەلی بەرێت و بە پێی پێویستییەکانی سەردەمیش ئەبێ ئەولەوییەتەکانی خۆی سەرلەنوێ پێناسە و پولێن بەندی بکاتەوە . کە وا بوو من بۆ خۆم ڕەخنەێک بە بەرپرسیار دەزانم کە هەمیشە ئەو گومان و پرسیارەم لا دروس کات بە نیسبەت دەقەوە.
بەم پێیە ، ئەرکی سەرەکی ڕەخنە بەر لە هەموو شتێک ئەمەیە کە دەقی ئەدەبی بەرەوڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەری بکاتەوە ، ئەو متمانە پیرۆزە کە لای خاوەنی بەرهەم و بەردەنگەوە چێ بووە ، کەلێنێکی قووڵی تێبخات و بیخاتە دۆخێکی چالشییەوە ، دژ بەو سەلیقه سەخیف و جوانی ناسییە سواوە ڕاوەستێ کە تەنگی بە ئەکتی داهێنان هەڵچنیووە و بانگەشە بۆ جۆرێک گەڕانەوە و پاشڤەچوون دەکات ، گەڕاونەوە بو شکۆی زاماری ئەدەبیاتی ئامانج خواز و ڕۆحی سەردەمی حەماسەکان ، کاری ڕاستەقینەی ڕەخنە بوونە ئاستەنگە لە بەردەم سەلیقەی پاوانخواز و تاکدەنگی و تاک ڕەهەندیدا و لە هەمان حاڵیشدا پابەند بوونە بە بنەماکانی دیمۆکراسی ئەدەبیی و پاڵپشتی کردنە لە فەزایەکی فرەچەشن و فرەدەنگ و فرەڕەهەند . بۆیە دەڵێم دەبێ بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانەوە ئەکتی ڕەخنە وە ئەستۆ بگرین و لە لۆژیکی ڕەخنە تێبگەین . چوون ئەگەر بێت و منی ڕەخنەگر تووشی هەڵە یان خوێندنەوەیەکی چەواشە ببم یا خود تێگەیشتنم لە ماهییەتی ڕەخنە لە ئەساسدا ناڕاست بێت ، تەنیا خۆم نەبردووەتە ژێر خاڵێکی گەورەی پرسیارەوە ، بەڵکوو لە هەمان کاتدا خوێنەریشم تووشی هەمان هەڵەی کوشندە کردووە و ئەبێ خۆم شەرمەزار بزانم لە بەردەم بابەتێکی سەرەکیشدا بە نێوی ئەدەبیاتەوە . بۆیە ئەبێ بە هەستیارییەکی تەواوە لە گەڵ ئەکتی ڕەخنە و بابەتی ڕەخنەییدا مامەڵە بکەین. بە داخەوە یەکێ لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم پەرە سەندن و گەشەی شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ، لە واقێعدا نەبوونی گوتارێکی تۆکمەی ڕەخنەگرانە بووە ، دیارە تەنیا بە بوونی جەوێکی تەندروست و ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و بەرپرسیارەوەیە کە ئەدەبیات گەشە دەکا و لەو فەزایەدا دەقی داهێنەرانە دەخولقێ ، بۆیە هەڵکشان یان دابەزینی ئاستی ئەدەبیات لە هەموو دنیادا پەیوەستە بە بوون یان نەبوونی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانەوە ، عەقڵییەتی ڕەخنەگرانەش وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دەرکەوتەی هەندێ بەستێنی تایبەتە کە دەبێ لە رووی هەندێ پێوەر و پارامێتری دەرەکی و ناوەکییەوە ، شرۆڤەی بۆ بکرێ.
ڕاسە لە هەموو دنیادا ، سەرەتا ئەبێ دەق یان خود بەرهەمێکی ئەدەبیی هەبێت ، تا بە شوێنیدا ، ڕەخنەش بێتە بەرهەم ، لە ڕاستیدا دەق و ڕەخنە ، بەردەوام لە گەڵ یەکتر دانوستانییان و تەعامولیان هەیە و دەبنە پاڵپشتی یەک ، لە لاێکەوە دەقی ئەدەبی ئەبێتە بابەتێک بۆ ئەکتی ڕەخنە و ڕەخنەش جیا لەوەی کەموکۆڕی و ناڕێکییەکانی دەقمان بو ئەخاتە ڕوو ، ئەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ ناساندنی ئەم بەرهەمە لە جوغرافیای بەردەنگدا و لە هەمان حاڵیشدا ڕەخنە کەلێن و بۆشاییەکانی ئەو دەقەمان پێ پیشان ئەدات و پێمان ئەڵێ سازوکاری حاکم بە سەر ئەو دەقانەوە چین و کامەن . ئێستە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئاخۆ شاعێر یان نووسەری ئێمە چەندە بە ڕۆحێکی ئاوەڵا و دڵێکی فراوانەوە ، پێشوازی لە ئەکتی ڕەخنە و بابەتی ڕەخنەیی دەکەن؟ یان ڕەخنەگری ئێمە چەندە بۆی هەیە بە شێوازێکی ڕادیکاڵ و بە دوور لە هەر چەشنە مولاحزەیەکی ئەخلاقی و تەنیا بە پێی لۆژیک و مۆراڵی تایبەتی خۆی ، ڕەخنەیەکی بنەماهەژێن ، بەرەوڕووی دەقە شێعرییەکان بکاتەوە؟ ئایا ئەو بەستێن و زەمینە لە ڕۆژهەڵاتدا بۆ سەرهەڵدانی ئەو شێوازە لە ڕەخنە کە هەڵگری سیفەتی شۆڕشگێڕانە و لە هەمان کاتدا ڕزگاریخوازانە بێت ، فەراهەم بووە ؟ ئایا چەندە ڕۆحی یاخی و سەربزێوی ڕەخنەگرانە و ڕەخنەوەرگرانە لە کۆنەستی مێژوویی ئێمەدا ئامادەبوونی هەیە. ئەمانە و زۆر پرسیاری تریش تا ئێستە بە نەورووژراوی ماونەتەوە و ئەبێ بۆ هەر کامەیان وڵامێکی شرۆڤەکارانەمان هەبێ تا پەی بە قووڵایی کارەساتەکە ببەین . منیش وەک زۆرێک لە هاوڕێیان لە سەر ئەو بڕوایەم کە بارستایەکی زۆر لە ڕەخنەی ئەدەبیی ئێمە تا ئێستە هیچ نەبووە جگە لە هەوڵێکی سیزیێفی لە بازنەی تەعاروفاتی ئەخلاقیدا و جۆرێک نان بە قەرز دان و ئەدای دەینێک بووگە بە نیسبەت چەمکی دۆسایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی. ڕەخنەیەک کە وەک پێشتریش‌ وتم تەنیا تووشی بێدەنگ بوونێکی کوشندە بووە بە حورمەتی موناسباتی خێڵەکی و عەشیرەیی و ڕێزگرتن بووە لە ڕۆحی نائارامی قەبیلە. دیارە ئەمانە هەر هەموو خەساری هەرە گەورەن کە ڕەخنە و بەرهەمی ئێمەی لە یەک کاتدا تکشی نەزۆکی کردووە و ئەوەی پێ ئەوترێ بەستێن یان خود ئەندێشەی ڕەخنەگرانە لە مێژساڵە لای ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ، خەسێندراوە. هۆکارەکەشی وەک وتم تێڕوانینی دوژمنکارانەی شاعێر یان نووسەری ئێمە بووە لە مەڕ ڕەخنە و بابەتی ڕەخنەیی لە لاێک و لە لایەکی تریشەوە ڕەخنەی غەزەبناک و ستایشکارانەی کۆمەڵێک ڕەخنەگر بووە کە لە نووسینەکانیاندا کەمتر پەرژاونەتە سەر واقعییەتی ئەو دەقە لە ڕووی کۆمەڵێک مێتۆد و کەرەستەی ڕەخنەییەوە ، بەڵکوو یا زۆر ستایش ئامێز لە سەر بەرهەمێک نووسیوویانە یا زۆر بە چاوێکی سووکەوە سەیریان کردووە.
ئێستە و لەم ساتەوەختەدا شتێک کە بە لامەوە سەیر و سەمەرەیە ئەمەیە کە ئێمە بەردەوام قسەی سەر زار و بن زارمان ئەم دروشمەیە کە ڕەخنە ئەبێ شەفاف و ڕاشکاوانە بێت ، ڕەخنە ئەبێ چوارچێوێکی نەزەریی و تیۆریکی هەبێت ، ڕەخنە ئەبێ مێتۆدێکی تایبەتی خوێندنەوە پێڕەو بکات ، ڕەخنە ئەبێ کەلێن بخاتە کۆی تێڕوانین و بڕواکانی ئێمەوە بە نیسـەت دەق و ڕەخنەگریش دەبێ خاوەن هەڵویست بێ و شەرافەتی نووسین و ڕەسالەتی ڕەخنەگرانەی خۆی نەکاتە قوربانی لە بەردەم هەندێ مەسڵەحەت و بەرژەوەندیی کاتی و لە هەمان حاڵدا تاکە کەسی خۆیدا. ئەم قسانە و زۆر قسەی بریقەداری تری لەم چەشنەش فارس وتەنی بوونەتە نوقڵی مەجالس و نەقڵی مەحافل. بەڵام ئێستە ئەم پرسیارە دێته ئاراوە ، ئەگەر کەس یان کەسانێک خۆیان بە دڵسۆز و خەمخۆری زمانی دایکی و ئەدەبی وڵاتەکەیان دەزانن ، ئەگەر وەک خولیا یان داڵغەیەک لە ڕەخنە و بابەتی ڕەخنەیی دەڕوانن و لایان وایە مێژووی ڕەخنە دابەش ئەبێ بە سەر دوو قۆناغی سەرەکیدا : پێش ئەمان و پاش ئەمان و پێش لە هەمان هیچ نەکراوە و ئەمان گاشەبەردێکیان خستووەتە ئەم گۆمە مەنگەوە و مێژووی ئەم بوومەلەرزە ئەدەبییە و ئەم شڵەژانە مێژوویە بەمانەوە دەس پێ ئەکات و کەس لە کوولەکەی تەڕیشدا نەیوێراوە خۆی لە قەرەی بۆشەییەکان و کەلێنەکانی نێو هیچ دەقێک بدات. بە ڕاستی ئەمەتان بە لاوە سەیر نیە؟ جا لەوە گاڵتەجاڕانەتریش ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵە بەناو ڕەخنەگرە بە پەیج و ئایدی فەیکەوە هاتوونەتە گۆڕەپانی ڕەخنەوە و وەک جەنگاوەرێکی ئەفسانەیی و شاسوارێکی نێو حەماسەکانی سەردەمی کەونئارا ، لە گەڵ ئاشەباکان وە شەڕ دێن و بە گژی تارماییەکاندا دەچنەوە. جا من قەت لەم پارادۆکسە تێناگەم ، ئەگەر ڕەخنە ئەبێ بێخەوش و بێگەرد بێت هۆی ئەم خۆشاردنەوە و ئەم هەموو دەمامکە ئەستوورە چیە لە سەر دەمووچاویان ، ئەگەر ڕەخنە ئەبێ ڕاشکاوانە و لە هەمان کاتدا بوێرانە بێت ، ئیدی چ پێویست دەکات منی ڕەخنەگر بە ئایدی ساختە و لاپەڕەی فەیکەوە بێمە مەیدانی ڕەخنەوە و شەڕی عالەم و ئادەمێ بکەم ، جا خۆ ئەمە نە تەنیا بوێریی و لێهاتوویی نیە ، بگرە ئەوپەڕی زەبوونی و ترسنۆکێش بێت ، ئەگەر بمانەوێ ئەدەبیاتی ئێمەش شان بە شانی ئەدەبیاتی نەتەوەکانی تر لە ناوچەکە پێش بکەوێ و هەموو فەخر و شانازی پێوە بکەین ، شەرەفی گەورە ئەوەیە ، سەرەڕای پاراستنی سنوورە ئەخلاقییەکان ، هەموو دەقێک بەرینە ژێر تێخی بێ درێخی ڕەخنەوە و لە ڕووی ئەخلاقی حرفەییەوە مولاحزەی هیچیش نەکەین ، نە ئەمەی کە بمانەوێ وەک کاراکتێرێکی پەردەنشین ، لە ژێرزەمینێکی تاریک و شێدار دانیشین و نوسخەیەکی سیحراویی بۆ هەموو کەس و هەموو ژانر و هەموو دۆخێک بپێچین.
ڕەنگە یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ڕەخنەی دەمامکدار و ڕەخنەگری بێ ڕوومەتیش هەمان دیاردەی ڕەخنە هەراسی یا فۆبیای سامناکی شاعێر و نووسەری ئێمە بێت لە بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و بوێرانەدا ، واتە لای ئێمە تا شاعێر و نووسەری ستایشخوازمان هەبێت ، هاوتەریب لە گەڵ ئەمەش ڕەوتی سەرهەڵدانی ڕەخنەگری فەیک و بێ ڕوومەتیش تا دێ پەرەی زۆرتر دەستێنێ و ئەم بەستێنەش ئەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ بەردەوام بوونی ئەم دۆخە نەشیاوە و لە هەمان کاتدا بۆ حوزووری تاهەتایی جەماعەتی شانتاژچی کە عەرەب وتەنی لە قەحتولرەجالیدا بوونەتە بە ناو ڕەخنەگر و زۆر زیرەکانەش سواری ئەم شەپۆلە بوونە و بوونەتە قێخا و بەڵقاسمی ئەم کاولستانە. بە ڕای من چەندە بوونی کۆمەڵێک نا-شاعێر و زڕەنووسەر ، خەسار لە ئەدەبیات و زمانی کوردی ئەدات ، بگرە بوونی ڕەخنەگری فەیک و بێ ڕوومەتیش بە هەمان نیسبەت زەبرێکی کاری و کوشندە بێت لە جەستەی نیوەگیانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردی بە گشتی. لێرە دایه کە ئەبێ سازوکارێکی تر گەڵاڵە بکرێ بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لە بەردەم خوێندنەوەی پاوانخوازانەی جەماعەتی بە ناو ڕەخنەگری پەردەنشینەوە کە فەزای ڕەخنەی ئەدەبییان بەرەو ئاراستەیەکی ناحەز و دۆخێکی قیزەون بردووە. ئاخر لە کوێی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا ، ڕەوتسازیی و گوتارمەند کردنی مژارەکان بە شەڕەجوێن و ناوزڕاندن و بێڕێزی و سووکایەتی هاتووەتە دی؟ لە کوێی ئەم دنیایە دەم پیسی و بەرهەڵست بوونەوەی هەمو کەس و ناکەسێک نێوی ڕەخنەی پرۆفێشناڵ و ڕادیکاڵی لە سەر نراوە لەم جوغرافیا نفرین لێکراوە نەبێ؟ خۆ دیارە منیش نکۆڵی لە زۆرلایەنی لاواز و لە هەڵەی زۆربەی ئەو شاعێر و نووسەرە بەڕێزانە ناکەم کە ساڵگارێکە بە ناو نووسینی شێعری کوردییەوە ، زمانی بەستەزمانی کوردییان تووشی ئاویلکە و گیان کەنشت کردووە . بەڵام خۆ دیارە ڕێگاکەی ئەمە نیە و نابێ بۆ بەرەنگار بوونەوەی دۆخێکی نەخۆزراو ، ڕێک تەسلیمی هەمان عەقڵییەتی سەخیف و لۆژیکی شاڕلاتنیزمی ئەدەبی ببینەوە و یان بۆ دەربازبوون لە شەبەحی ئەم دێوەزمە نگریسەیە ، هەمان هەڵەی ئێستراتژیک و هەمان مێتۆدی چەواشەکارانە دووبارە بکەینەوە. ئەمەیە کە ئەڵێم مەنتقی شتەکە هەر هەمانە و لە جەوهەردا هیج جیاوازییەکی ئەوتۆیان پێکەوە نیە و ئەمانیش بە هەمان ڕێگەدا ئەڕۆن کە جەماعەتی نا-شاعێر پێیدا ڕوێشتوون. کە واتە با وا بیر نەکەینەوە کە بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە هیچ نەکراوە و هەر هەموو شاعێرانی بەرەی پێشوو لە گوێی گادا خەوتوون و بە دۆزینەوەی هەندێ هەڵەی ڕێزمانی و تا ڕادەیەک تێئۆریک ، هەموو دەسکەوتەکان ڕەت بکەینەوە.
لە کۆتایی و لە دوابەشی ئەم یاداشتەدا ئومێد ئەکەم هەر هەموو بتوانین هەوڵێکی جیددی بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لە پوتانسیێلەکانی فەزای مەجازی کەڵک وەرگرین بۆ سازکردنی دیالۆگێکی خەللاق و داهێنەرانە لە نێوان بیر و تێڕوانینە جیاوازەکاندا . هەر کەس هەر هەڵویست و تێڕوانین و بۆچوونێکی هەیە با سەرەڕای پابەند بوون بە پرەنسیپە ئەخلاقییەکانەوە ، ڕاشکاوانە و بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکییەک ، ڕای خۆی سەبارەت بە هەموو مژارێکی پەیوەست بە ئەدەبیاتەوە دەرببڕێ و بەرە جیاوازەکان پێکەوە بکەونە دیالۆگێکی تەندروستەوە. بە ڕای من ئەدەبیاتێک نەتوانێ لە ئێمە ، مرۆڤێکی ئەخلاقمەند ساز بکات ، نەتوانێ دیدمان بە نیسبەت یەکترەوە ئینسانی تر بکاتەوە ، نەتوانێ گوڵی جوانی لە ناخ و دڵمانا بچێنێ ، نەتوانێ ڕۆحمان لە نگریس بوون بپارێزێت ، بێگومان ئەبێ لە ماهیەت و زاتی ئەو ئەدەبیاتەدا شک بکەین ؛ چوون ئەبێ جیاوازییەکی جەوهەری هەبێت لە نێوان کەسێک کە ئەدەبیات دەخوێنێتەوە و شاعێرانە بۆ جیهان دەڕوانێ و داڵغەی جوانی ناسانەی هەیە لە گەڵ کەسێک کە بە فەزای شێعر و ئەدەبیات و ستاتیکا نامۆیە . بۆیە ئەڵێم ئێمەمانان نابێ بە هەمان مەنتقی چاڵە مەیدانی ، ببینە قەمە و قەدارەکێشی ساحەتی ئەدەبیات. کە وا بوو هەر شاعێر یان نووسەرێک جیا لەوەی چەندە توانیوویە دەقێکی سەرکەوتوو بەرهەم بێنێت یان نە ، چەندە هەڵەی هەبێت لە کارەکانیدا ، ئایا ئێمە حەز بە کارەکانی بکەین یان نە ، جیا لە گشت ئەمانە با ئەم ڕاستییە بزانین کە ئەم شاعێر یان نووسەرە خاوەنی کەرامەتە ، غرووری هەیە ، کەسایەتی هەیە ، مەرج نیە لە بەر جیاواز بوونی بیروڕامان لە گەڵ ئەودا ، یان لە بەر هەندێک هەڵەی ڕێزمانی یان تێئۆریک ، غرووری ئەو کەسە بریندار بکەین و شکۆ و کەرامەتی لای هەموو کەس بشکێنین. بە داخەوە ئێمە بەوەشەوە نەوەستاوین و خەریکین نهێنی ترین و شەخسی ترین بابەتی یەکتر لە فەزاێکی گشتیدا بڵاو ئەکەینەوە ، بە ڕاس ئەمەیان ئیتر نە تەنیا زۆر بێ ئەخلاقانەیە ، وا ئەکات چەمکی متمانە وەک سەرمایەێکی ڕەمزی و هێمایین لە نێوان کەسەکاندا نەمێنێ و کەس نەوێرێ باسی هیچ بکات ، مەبادا کامێرای شاراوەی لە سەر بێت و ڕۆژێ سکرین چەتەکانی لە پی.ڤی یان دایرێکت بڵاو بکرێنەوە. بەم جۆرە کارانە تەنیا تەنیا دیدی خوێنەر و بەردەنگ و تەنانەت خەڵکی ئاساییش بە نیسبەتی خۆمان خەوشدار ئەکەین و لە ڕاستیدا بزمار لە تابووتی خۆمان ئەدەین و هیچی تر. با لەمە بە دوا شاعێرانیش بە دڵێکی فراوانەوە بچنە پیری ڕەخنە جیددی و ڕەسەنەکانەوە و نەبنە هۆکار بۆ ئەوەی کەسانێک مەجبوور بن بە ئایدی و پەیجی فەیکەوە ڕەخنەی بێسەروبەریان ئاراسته بکەن. ئەبێ تا بۆمان هەیە بەرهەڵستی ئەم ئێبتزالە ببینەوە و ئاسۆی دید و مەودای تێڕوانینمان کەمێ کراوەتر و قووڵتر بکەینەوە.

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران



هەواڵی زیاتر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved