30/8/2020 01:28 PM

مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس

 

خەلیل عەبدولڵا

بڕوانە خەیمەی بەرزی ئاسمان
لەرۆژ‌و مانگ‌و لەئەستێرەكان
بەو نەخشانەوە كە فیكری مانی*
سەرگەردان ئەبێ‌ لەشێوەی جوانی
(مودەڕیس)
مودەڕیس: زانای ئاین‌و ئەدەب!
مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس زانایەكی ناوداری كوردستان‌و عیراق بوو، لەرشتەكانی ئاین‌و ئەدەب خزمەتێكی زۆری كردووە‌و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە.
عەبدولكەریم محەمەد عەبدولفەتاح ناوی تەواوی ئەو زانایە‌و بە مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس ناسراوە.
ساڵی 1901 لە گوندی گوێزەکوێرەی سەر بەشارۆچكەی مەریوانی رۆژھەڵاتی کورردستان لەدایك بووە.
لەبیارە‌و سلێمانی دەرسە ئاینیەكانی خوێندووە،ساڵی 1924 لەسەر دەستی زانای ناسراو شێخ عومەر قەرەداخی لەرێورەسمێكدا لەسلێمانی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.
لە بیارە‌و هەڵەبجە‌و سلێمانی‌و بەغدا كاری مەلایەتی كردووە، مەلایەكی زیرەك‌و بەتوانا بووە.
مامۆستا مودەڕیس ئاینپەروەرێكی قوڵ‌و لەهەمان كاتدا كوردپەوەرێكی دڵسۆز بووە. یەكەم مەلای كورد بووە، وتاری نوێژی هەینی بە زمانی شیرینی كوردی پێشكەش كردووە.
ژیانی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاینی‌و خواپەرستی لەلایەك‌و بۆ لێكۆڵینەوەی ئەدەبی كلاسیكی كوردی تەرخانكردووە‌و دوانەی ئاین‌و ئەدەب وەك دوو كۆرپە‌و جگەر گۆشەی خۆشەویستی خۆی سەیر كردووە‌و تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.
مامۆستا مودەڕیس لەساڵی 1960ەوە دەچێتە بەغدا، لەمزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە مودەڕیس دادەمەزرێ‌‌و ئیدی تا كۆتایی ژیانی لەبەغدا دەمێنێتەوە، بەغدا دەرگایەكی گەورەی زانستی ئاینی‌و ئەدەبی بۆ ئەو دەكاتەوە، ئیدی لەو پایتەختەوە بازنەی پەیوەندییەكانی فراوان دەبێ‌، كاروانی بەخششە ئاینی‌و ئەدەبییەكانی بەڕێدەكەوێ‌‌و تا دوا رۆژەكانی ژیانی خەرمانێك بەرهەمی ئەدەبی‌و ئاینی پێشكەش دەكات. كەخۆی لە 83 كتێبدا دەبینیتەوە، 47یان بەكوردی‌و 29یان بە عەرەبی‌و 7یان بەفارسی.
كتێب‌و لێكۆڵینەوەكانی بەگشتی بابەتی زانستیی بەنرخن، لەناویاندا بەرهەمە ئەدەبییەكانی بۆ ساخكردنەوە‌و شیكردنەوەی دیوانی شاعیرانی كورد‌و بەچاپگەیاندن‌و بڵاوكردنەوەیان خزمەتێكی گەورەی كەم وێنەیە، ئەو‌و كوڕەكانی نەبونایە ئەو سامانە نەتەوەییە بەپەرتەوازەیی دەمایەوە.
هەربۆیەش هێمنی شاعیر هەموو هاوڵاتییەكی كورد بەقەرزداری ئەو زاتە دەزانێت.
بەكۆشیی ئەو‌و كوڕەكانی دیوانی شاعیرانی وەك:(مەولەوی، بێسارانی، نالی، مەحوی، سالم، فەقێ‌ قادری هەمەوەند) ساخ كراونەتەوە‌و چاپكراون.
مامۆستا مودەڕیس خۆشی شاعیر بووە‌و بەنازناوی نامی شیعری بڵاو كردۆتەوە.
لێكۆڵینەوەشی لەسەر بەرهەمەكانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی‌و شێخ عوسمان سیراجەدین كردووە.
چەند كتێبی دیكەی هەیە لەوانە(مەكتوبانی كاک ئەحمەدی شێخ- چوار بەرگ، یادی مەردان- دوو بەرگ،بنەماڵەی زانیاران، عەقیدەی مرزیەی مەولەوی، تەفسیری نامی بۆ قورئانی پیرۆز- حەوت بەرگ)‌و چەندانی تر.
مامۆستا مودەڕیس ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد بووە، لەرێی ئەو دەزگایە‌و گۆڤارەیەكەوە خزمەتێكی زۆری بەئەدەبی كوردی كردووە.
ئەندام‌و بەرپرس بووە لە چەند رێكخراوێكی باڵای ئاینی‌و پێگەی دیار بووە.
پاش  تەمەنێكی  پڕ بەخششی  زیاتر لە یەك سەدە‌و خزمەتێكی زۆر بەكاروانی ئاینی‌و ئەدەبی، لەشەوی29 لەسەر ٣٠ ئابی 2005، بۆ دواجاری چاوەكانی لێكنا‌و چووە بەر دلۆڤانی خودا‌و لەمزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی  لە بەغدا بەخاك سپێردرا.
دروودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مودەڕیس، ئەو زانا كوردەی لەرێی دوانەی ئاین‌و ئەدەبەوە خزمەتێكی زۆری كرد‌و  گوڵاوی رێز‌وخۆشەویستی پرژاند.
* مانی نیگارکێشێکی گەورەی چینی بووە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved