30/8/2020 04:56 PM

یانە مەزنەکە تووشی قەیران هاتووە

یانەی بارسێلۆنا نزیکە لەوەی بەیەکجار چەند یاریزانێکی لەدەستبدات و بە کۆمەڵ یانەکەیان جێبهێڵن.
رۆژنامەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، یاریزانانی بارسێلۆنا بەیەکەوە یانەکەیان جێدەهێڵن دوای ئەوەی رۆناڵدۆ کۆمان بە چەند یاریزانێکی راگەیاندبوو، شوێنیان لە یانەکەدا نابێتەوە.
پێش هەموو شتێک ئەم هەفتەیە هەفتەی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ مێسی، ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە رەتیکردووەتەوە پشکنینەکان ئەنجامبدات و بگەڕێتەوە نێو راهێنانەکان، ئەمڕۆ وادەی پشکنینەکانە و سبەی یانەکە یەکەم مەشقی خۆی بۆ دەستپێکی وەرزی نوێ ئەنجامدەدات.
جگە لە مێسیش لویس سوارێز لە هەوڵدایە بە زووترین کاتدا یانەکە جێبهێڵێت و لەگەڵ کارگێڕی بارسا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بە زوویی کارەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کۆتاییپێبێنێت و ئەم هەفتەیە ببێتە یاریزانی یوڤێنتوس.
ئارتورۆ ڤیدالیش چارەنووسی لەم هەفتەیەدا یەکلایی دەبێتەوە و ئینتەرمیلان نزیکترین یانەیە سەرەڕای ئەوەی کە یانەی ئەیاکسیش گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدات.
یانەی سێڤییاش نزیکە لەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ ئیڤان راکیتیچ واژۆ بکات و بیگەڕێنێتەوە یانەکەی.
بارسا تاوەکو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ ترینکاو واژۆ کردووە و دۆنی ڤان دی بێکیش نزیکە لەوەی ببێتە کەتەلۆنی، جگە لەمە یانەکە شوێنگرەوەی بۆ هیچ کام لە یاریزانەکانی دیکە دەستنیشاننەکردووە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved