1/9/2020 06:29 PM

گوتارناسی و لێکدانەوەی گوتاری ڕەخنەیی لە کتێبه‌ شیعری "پارانۆیا"

جه‌لال پوور حه‌سه‌ن

یەکێک لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی لێکدانەوەی گوتاری ڕەخنەیی نیشاندانی پێوەندی نێوان نووسەر، دەق و خوێنەرە و ئەو کارەش لە ڕێگەی زمان و داڕشتی دەقە و زانستی بەستێنی خوێنەرەوە ئەنجام دەدرێت. یەکێک لەو بابەتانەی لەو بەشەی وتارەکەمدا دەمهەوێ لێی ‌بکۆڵمەوە، ڕادەی دیموکراسییەتی دەقە بە نیسبەت چەند بابەت شێعری. چەند بکەر لە پارانۆیادا ڕۆڵ دەگێرن کە لە دوو ڕەگەزی مێ و نێر پێک دێن، دەنگی زاڵی ڕەگەزی نێر بە سەر تۆی دەقەکەدا زاڵە، کاتێک نۆرەی ڕەگەزی مێینە دێت دەق لە توانستی گەیاندن کەم دەکات و هەمیشە بانگهێشتی مێینە بە شیوەی بەردەنگ بە چەند ناو دێتە پانتای نووسینەوە: "کارلی"(2 جار)، "کارلی کا"(2 جار)، "ئالیا"(2 جار) و"لاڤینیا"(2 جار) هەروەها "هاوڕێ" یەک لەو ناوانەیە کە بەردەوام بۆ ڕەگەزی نێر دووپات دەبێتەوە و دیارە ئەو ناوەش لە خۆیدا ئاوەڵناو و نازناوێکە لای ئەو کەسانەی باوەڕی چەپیان هەیە و ناوەکانی دیکە تەنیا لە سوبژێکتیوتەی شاعیردا هه‌ن و سەر بە ژینگە جهانی ئەو نین. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە شاعیر نەیویستووە شێعرەکەی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی سەرڕاستی ببێت بۆ جهانی ڕاستەقینە. هەر وەک دیارە بەشی هەرە زۆری دیالۆگەکانی نێو شێعر بەر ڕەگەزی نێر دەکەوێ و هەڵبەت دەکرێ ئەوەش بەو پێیە بێت کە شاعیر لەو شێعرەدا لەگەڵ سێ ژن دەدوێت. وەک دابەشکردنی ئەرکیش لەو شێعرەدا زیاتری ئەرکەکان بە پێی فەزای بەرهەم هاتوو وەبەر پیاوان دەکەوێت، کە ئەو ئەرکانە بە پێی باوەڕی ئایدۆلۆژی پیاوسالاری بۆ پیاوان و ژنان دابەش کراون. ئەو شێعرەش بە پێی هەمان پەیڤینی باو ئەو دابەشکارییە ئەنجام دەدات.
ئەرکە دابەشکراوەکان بۆ ڕەگەزی پیاو:
١- فیلسووف:
فیلسووفە قژنەکەی دراوسێمان ئەڕواتە حەمام/ بیر لە شانە و قژی موجەعەد دەکاتەوە
....
فیلسووفە قژنەکەی حەمام سێکس ئەیباتەوە
٢- پۆلیس:
مەزە ناکا پۆلیس چۆڕابەی جوانییەکەی تۆ/ بەتەمەنتر لە ڕۆژەکانی بێ داڵغە شەڕ ئەکا
بێهوودە خیابانان گەز ئەکا
٣- دکتۆر:
دکتۆر/ فێرت کردین/ تەنانەت تف بەین لە دەستمان/ خەون بە ئاڵۆشی پشیلەوە ببینین
عادەتمان بێ فێڵ و فیل بین
٤- بازرگان:
فۆبیاکانت قوتوویەکی ڤۆدکای/ فڕیدراوەی بەردەم بازەرگانەکان بوو/ ئەوان بەر لەوەی بتکەن فکریان گابووی.
ئەرکە دابەشکراوەکان بۆ ڕەگەزی ژن و مێینە:
١- کچە زەیتوونیەکانی شەنگال: کە دەتوانێ خوازەیەک بێت لەو کچانەی لە لایەن داعشەوە لە شەنگال بە دیلی بران، یا کوژران و یا لە بازاڕەکانی حەڵەب و شام و مووسڵدا فرۆشران.
٢- شاعیر:
من ئەگەر-نا-شاعیر/ منێکی خەتخواردوو/ وە تۆیش پیاوی زەمیر تار و ترافیک
٣- پەرەستار:
شۆفیر تەکسییەک بە فیکەوە قاوم بکا و/ جاڕم بدات/ بیمارستان و باندپێچ و خانمی پەرستار/ پەرداخێ سەنیچی سارد
بە وردبوونەوە لەو ڕۆڵانەی لەو شێعرە بۆ دوو ڕەگەز دیاری کراوە، دەردەکەوێ کە ئەو ڕۆڵانە بە پێی پەیڤینی ئایدۆلۆژیک/هێز ڕێک‌خراوە، کە ئەو ئایدۆلۆژییە لە کۆمەڵگای ئێمە ڕۆڵەکانی ژن و پیاو دەستەبەندی دەکات. بۆیە بە شێوەیەکی ئۆتماتیک دێینەوە سەر چۆنیەتی پێکهاتە و پەیڤی ئەو شێعرە، ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی ئێمە ئایدۆلۆژییەکان بە شێوەی سرووشتی کراو و باوەڕپێکراو دێنینەوە نێو گوتاره‌کان. یان وەک فێرکلاف دەڵێ: "سرووشتی‌بوونەیی، نواندنەوە ئایدۆلۆژییە تایبەتەکان بە شێوەی ئاوەزی سەڵت دەردێنێت و بەو جۆرە ناڕوونیان دەکات، واتە چیتر وەک ئایدۆلۆژی لێیان ناڕوانێت". نووسەر بە بێ ئەوەی هەستی بە ئایدۆلۆژی سیستمەمی پیاوسالاری کردبێت، ڕۆڵ و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان بە سەر دوو ڕەگەزدا دابەش دەکات تا ئەوانە وەک "لێهاتوویی و فەنگەلێک هەست پێ بکرێن کە بۆ بە دەست‌‌هێنانی پێگەی بکەری دووڕەگەز دەجوڵێنەوە و لە خۆیاندا سەرچاوەی سرووشتی‌بوونەیی و ناڕوونییە".
بە باوەڕی من لێرەدا تەنیا هۆکارێک کە دەبێتە هۆی خوێندنەوە "ئەسڵی گەمەیە"(هەم لە جۆری ویتگێنشتاینییەکەی و هەم لە جۆری گادامێرییەکەی). دەق وەک تۆناتۆن و لابیرێنتێکە کە دەستپێکی دیارە و کۆتایی ڕوون نییە، بەڵام ئەوە "ئەسڵی چێژبردنه"‌ لە چوونە نێو ئەو گەمەیە کە خوێنەر بە داڵانەکانی ئەو لابیرێنتەدا دەبات. گەمەکردن لەگەڵ دەق وەک گەمەکردنی یارییەکی کامپیوتێری وایە. کەس بۆی گرینگ نییە کێ ئەو گەمە و یارییەی ساز کردووە، بۆیە داهێنەر بە قازانجی لە دایک بوونی خوێنەری چالاک و کارا تووشی مەرگ دێت. "پارانۆیا"ش لەو پرسە بەدەر نییە.
دەق لە دەلاقەی چەند پرسیارەوە
لێرەدا چەند پرسیارێک ئاراستە دەکەین و هەوڵ دەدەین لەو دەقەدا وڵامیان بدەینەوە:
1 – ئایا دەقی پارانۆیا توانیوێتی پێرسۆنای سەربەخۆ ساز بکات؟
2 – ئایا دەقی پارانۆیا چەنددەنگی و باس‌خوازی ڕەچاو کردووە؟
3 – ئایا ئیزن دراوە باوەڕ، خواست و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان لە پەیڤینی سەربەخۆدا خۆیان نمایش بدەن؟ ئه‌زموونی دیموکراسییەت پارێزراوە؟
لە دەقی پارانۆیا دەتوانین چەند دەنگێک لێک جیا بکەینەوە کە خەریکی وتووێژن، ئەو وتووێژە لە پێکهاتەی شێعره‌که‌دا سەرەتا دەنگی شاعیر حازر دەبێ وەک نۆرەگرتنەوە بۆ دەسپێکی پەیڤین.
لە "لە خۆت بەوەلاتر- تەعتیلییەکان- کاول ئەتڕوانن" تا "هاوینان نیو سێبەرێ بەسەرمەوە خەوتبی"، هۆی تووش بوونی پێرسۆنای "کارلی"ـیە بە فۆبیا و پارانۆید دەگەڕێنێتەوە بۆ: "دنیا لە بەرەی جەنگتا بوو".
دواتر پێرسۆنایەکی دیکە پەیڤینی دەست پێدەکات. ئەو پێرسۆنایەی خەریکی "عادەتە موزەخرەفەکان"ـه کە "کاری ڕۆژانەی" بۆتە "سەر بەسەر موبایل داگرتن"، "سێڵفی گرتن"، "ڕازیکردنی خانمێکی پاڵتۆشۆڕ"، "پاس‌کردنی دووچەک" و "کارمەندێکی ژمێریاری".
لە "من گیرۆدەم بە زۆرشت" مەنتقی وتووێژی بە ئاراستەی دیالۆگی ژنانە دەجووڵێتەوە؛ ئەو ژنەی ئەوەی بۆی گرینگە "مۆدەکان"ی، "موبایل"، "حەب"، "جگەرە"، "پێریۆدی ڕۆژانە" و " سفتی کەمەر و کەمەرگا"یەتی.
لە دێری "من کە ژیانم پڕیەتی لە سەگەکانی ئەندلووس و/ چاوە سەگییەکانی لاڤینیا" تا من "بە بادە سەری خۆم بە با نادەم"، دیسان دەنگی شاعیر لە چوارچێوەی یەکێک لە بگێڕەوەکان دێتەوە نێو نۆرەگرتنەوەی گوتار.
لە "بسم اللە/ بازیکەن دوگمەی کراسەکە" دەنگێکی دیکەش زیاد دەبێت کە دەکرێ دەنگی بن‌ئاژۆخوازانەی کەسێک بێت کە بە نێوی ئایینەوە هەموو کارێک دەکات. من ئەو بەشە بە هۆی ئەوەی نامهەوێ زیاتر جەختی لە سەر بکەم بە جێ دەهێڵم تەنیا مەبەست لێی ئەوە بوو کە دەنگەکان لە چوارچیوەی پەیڤینی جیاواز دا نیشان بده‌م.
لە "پارانۆیا"دا بەردەوام دوو دەنگ بە نیسبەت دەنگەکانی دیکە بەرجەستە دەکرێنەوە، دەنگی شاعیر وەک بگێڕەوەی یەکەم و ده‌نگی کارلی وەک کەسایەتی شاعیرانە و بگێڕەوەی دووهەم. لە گوتاری هەردووکیشیاندا جۆرێک لە بێ ئیمانی و بێ باوەڕی بە گێڕانەوەی ئایینی، وەک گەوەرە ڕەوایەتێکی رەفز و ڕەدکراوە ئاشکرایە. سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ئەو مەبەستە لە تەمهیدی نێوان دەقیش لە سووڕەت و ئایەکانی قورئان کەڵک وەردەگرن، بەڵام ئەو کەڵک‌وەرگرتنە بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئەو وێرانییە کە بە باری هێناوە و ژیانی لەو جیهانە تا ڕادەی کۆتاجیهان و پەسلان کێشاندووە. وەک: "خودای بێباکی خاوەرمیانە، خودای باکداری ئەو لای خاوەرمیانە/ ئەی خودای ئەو خەڵکانەی ناتوانن مردنت دانلەود بکەن" یان "خوای من و ئێسی/ بووم هەتا من بووم و ئەو جوغرافیا له‌عنه‌تییه‌/ قوربانی پیاوە فاسده‌کانی خاوەرمیانەین" یان "بۆ دیواری من کۆتاترە لە دیواری یونسی مەتا؟/ یا کە دەریام تەسکە بە ماسییەکانی تۆ؟" یان "بێنە ئیمان بە ئایەتەکانی سوورەی بەنی نەزیر/ کە خوا و تاوان هەر یەکە" و "تا مەنزڵێکی دوور/ لە خوا دوورتر/ لە خوا دوور".
یەکێکی تر لە نیشانەکانی پۆلی‌فۆنی و چەند دەنگی ڕاکێشانی دەنگ(دەق)ی پێشتر و یا کەڵک وەرگرتن لە زمانی فولکلۆر، ڕاوێژی زاراوەکانی تری نێو ئەو زمانە و زمانی بیانییه‌، کە لەو شێعرەدا چەندین جار کەڵکیان لێ وەرگیراوە تا نێوان دەقێتی ببێتە یەکێکی تر لە فاکتەرەکانی چەند دەنگی کردن. وەک: شێوە ئایەتی "اقسم لا بهاذالبلد" کە ئایەیەکە لە قورعان بەڵام لێرە پاڕوودی کراوە. یان زاراوەی که‌لهوڕیی "داشی مەراقم یەسە...". کەڵک وەرگرتن لە فولکلۆر: "هەلاران و مەلاران/ خوایە داکاتە باران..."، ئاوردانەوقە لە زمانی بیانی و فارسی: "انگار سکوتم از جنس ... "، یان پشتبەستن بە شێعری شاعیرانی پێشتر: " من بە بادە سەری خۆم بە با نادەم" یان "گاە دەسووتێم و..."(کە یەکەمیان شێعری مامۆستا هێمن‌ـه و بە شێوەی پاڕوودی- ئایرونی کەڵکی لێ‌وەرگیراوە و دووهەمیشیان کۆپلەیەکی شێعرێکی وەفاییە).
لە کۆتایی ئەو بەشەدا بۆ وڵامی ئەو سێ پرسیارە دەتوانین بڵێین ئەو دەقە توانیوێتی پێرسۆناسازی بکات بە ئاوردانەوە لەوەی کە پێرسۆناکان هەڵگری جۆری تایبەتمەندی خۆیانن کە زۆر جار لای ئەویتری نێو دەقەکەوە تایبەتمەندییەکانیان باس دەکرێتەوە. بۆ وڵامی پرسی دووهەم هەر وەک لە سەرێ شرۆڤە کرا چەند دەنگی ساز بووە و بۆ وڵامی پرسیاری سێهەم ئەو پەیڤانەی لە لایەن پێرسۆناکان و شاعیرەوە بە شێوەی نۆرەیی ئاراستە دەکرێنەوە خاوەنی خواست، ئارەزوو و ئایدۆلۆژی خۆیانن، کە تێیاندا ئایدۆلۆژی دژە ئایینی لەوانی تر بەرجەستەترە.
لابردنی توخمەکانی قسە و مەودادانان
یەکێکی تر لە تکنیکەکان کە لە شێعری پۆست‌مۆدێرندا ڕەچاو دەکرێ لابردنی توخمەکانی قسە و مەودادانانە بۆ ئەوەی شاعیر پشکێک لە دەق بە بەردەنگ بدات بۆ ئێنزمامی‌سازیی بەشێک لە گوتار و گێرانەوە. شاعیر کاتێک لەم تکنیکگەلە کەڵک وەردەگرێت قاییلە بە جۆرێک دیموکراسییەت تا فەزایەک پێک بێت بۆ ئەوەی بەردەنگ بتوانێ ڕاڤەی و هەڵگرتنەوەی خۆی ببێت.
لابردنی توخمەکانی قسە بە چەند شێوە ئەنجام دەدرێت، وەک لابردنی فیزیکی یەک یا چەند بنەمای ڕستە بە قەرینەی لەفزی و مەعنەوی، لابردنی بەشێک لە ڕستە بۆ وەدواخستنی واتا، لابردنی بەشێک یان ڕستەیەک بە شێوەی لادانی مەفهوومی. بەڵام ویستی من لە هێنانە گۆڕێی ئەو باسە دەگەڕیتەوە بۆ کارکردی ئەو لابردنە، شاعیر بۆ ئەوە بەشێک لە بنەماکانی ڕستە یان خودی ڕستە دەسڕیتەوە تا هاوڕییەتی و بەشداری خوێنەر مسۆگەر بکات. خوێنەر لە ڕێگەی پڕکردنەوەی ئەو بەشە لابراوانە هێزی ئێنزمامی‌سازیی بۆ مسۆگەر دەبێت. ئەو ئێنزمامی‌سازییە لە ئاوەزی هەر خوێنەرێکدا بە جۆرێکی تایبەت ساز دەبێت. بۆیە ئەو دەقانەی توانای ئەوەیان بێت بەشێک لە توخمەکانی قسە لابەرن، دەقگەلێکی چەند واتایی و ڕاڤەهەڵگرن. لە قسە و باسی ڕۆژانەش‌دا سەدان ڕستە هەن کە هەرگیز لە لایەن بێژەرەوە تەواو ناکرێن، بەڵام هەمیشە ئەو ڕستە ناتەواوانە لە لایەن بەردەنگەوە ئێنزمامی‌سازی و واتادار دەکرێن. شاعیرانی ئەوڕۆ لە ڕێگەی زانستی بەستێنی بە باشی ئاگاداری دۆخی خوێنەرانی خۆیانن، بۆیە گەمەکە بە شێوەیەک ڕێک دەخەن کە باشترین جۆری هاوڕێیەتی خوێنەر وەدەست بێنن. بەدەست هێنانی هاوڕێیەتی بەردەنگ و جێ بۆ کردنەوەی لە دەق‌دا وەک جۆرێک لە هاوڕێیەتی، قەبوڵ‌کردنی ئایدۆلۆژی خودی نووسەرە، کە نایهەوێ ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەوەوە باس بکرێت. لێرەدایە پێشدەستیی ڕەخنەگر بۆ وەدەرخستنی شێوەی داپۆشرای ئایدۆلۆژی لە داڕشتەی کەلام و پەیڤدا گرینگی پەیدا دەکات کە لە ڕێی لابردنی تۆخمەکانی زمان بەرجەستەسازی دەکرێتەوە. ئەو بەرجەستەسازییە لە شکڵی هونەری و ئەدەبی‌دا جوانی و زەرافەت و تێک‌پەستانی واتا لە خۆی‌دا جێگیر دەکات. لە هەمان کاتدا وەدەست هێنانی هاوڕێیەتی بە نرخی ساغکردنەوەی بەشێک لە پەیڤ و قسە، خۆی پرسێکی ئایدۆلۆژیکە بۆ ئیمان هێنان بە ڕواڵەتی دەق کە واتا لە ڕه‌نگ و ڕووی حەقیقەتێکی هەمیشەیی ئامادەیە کە ئەویش کەلامی نووسەرە کە لە هەموو شکڵەکانی گێڕانەوەدا ئامادەیە. بەڵام بەو ساغکردنەوەیەی بەشێک لە قسە لە لایەن خوێنەرەوە توانای ئێنزمامی‌سازی پەیدا دەکات کە بەو شێوەیە گەمەی خوێنەر بۆ ڕۆنانی باری ئایدۆلۆژیکی قسەی خۆی کراوە دەمێنێتەوە. بەوجۆره‌ خوێنەر داهێنەر تووشی مەرگ دەکات. دەی کەوایە گەمەی لابردنی توخمەکانی زمان، گەمەیەکی دوو جەمسەرییە کە هەرکام لە نووسەر و خوێنەر تێیدا بەشدار دەبن.
کەماڵ شه‌نگالی لە کتێبی "قاڵاو یانی قەفەسێکی خاڵی" لە لابردنی توخمەکانی قسە بەو شێوەیە کەڵک وەردەگرێ:
"مشتێ چاوم/ هەڵاوەسراو بە تەنافێکا/ - نمەنمە خەریکە ببمە باڵندە-/ یەکێ بوو/ یەکێ بوو/ یانی/ تا هەنارم شەوارەم کە/ تێری دڵم ئەگەر تۆی ...".
لە کتێبی "چارەکێ بۆ نسیان"ـیش ئاوا بەکاری دێنێت:
"پەڕانتزێک دانێم مەسیحێک بێنن/ ئەگەر دێت؟/ دوو پای ناچارم هەیە بۆ کەوتن/ های مەریەمێ مەسیحت کوا؟/ - یاخی های سابڵاخی-/ های یەسنا باڵێک/ ئەی دیوار لە تەوڕات تۆراوین/ یووحەننا لە ئیجیل چاوێک/ یا پێغەمبەر خۆر شەق کەی ئەگەر ئەگەر نیت/ پیرەکان میرەکان عەجەبن  کوان؟".
ڕەزا عەلی‌پووریش لە "کڕاکە" لەو تکنیکە کەڵکی وەرگرتووە:
"هەوا لۆچە و پێستت غوبار/ خوێنت فەرقە و خەڵتانی شار/ مەلافەکان نا، کفنەکان  زەردباو کپ بکە/ ئەی مەغزی کوژراوم تۆ دەڵێم جارێ تر ئەم خۆرە، جارێ تر/ کوژراوەتر بکوژرێ".
حەمەی کەریمی‌ـش لە شێعری پارانۆیادا لە لابردنی تۆخمەکانی قسە کەڵک وەردەگرێ، بەڵام ئەو نایهەوێ ڕادەی ئەو لابردنە ئەوەندە زیاد بکات کە خوێنەر بە شێوەی گەمەی گادامێری لە ساغکردنەوەدا بەشدار بێت، بەڵکە بەو ڕادەیە کەڵک لەو تکنیکە وەردەگرێت کە خوێنەر توانای کایەکردنی ویتگێنشتاینی هەیە، چونکە زۆربەی دێرە شێعرییەکانی پارانۆیا واتاتەوەرن و شاعیر لە تەمهیدی دیکە کەڵک وەردەگرێ وەک کار(فعل) سازکردنی ناباو و دێڕبەندی ناڕیزمانی.
"ڕەسمێک ئەوەنە لازمە بۆ قاپ گرتن/ ژیان لە خۆیا حەشر ئەکا/ ئەشق لە منا رێکەوتێ بوو/ بە فاسیلەی ختووتی سێوێ/ نیوتۆن هەڵەی کرد/ زەمان بە ئوتۆمبیل هەڵگرە و/ لە ترافیک لایتەکانا حەوسەلە بدوێنە".
یان لە دوو بەشی‌تردا:
"ئالیا/ من بە نیشتمانەوە خەتم خوارد-نیشتمان-/ گشتێ بووم لە پاژستان/ پاژەکانم- نا- قەلبم خەتاوی بوو/ مناڵی لە خاترەما خەتەرێک بوو کردم/ کە ئەترسام هەر ئەترسام/ شاعیر قسەیەکی نییە بۆ وتن".
"هێشوە ترێیەکی گووشراوم لە خەونی کراسێکتا/ چارۆگەی خەیاڵم لە عەرشێکتا/ کە هەرگیز نایبینی/ من بوومە پاژێکی تۆ/ بە گشتێکا تەواو ئەبم/ بە هەروایەک هەتا هەم/ پیاوێکم لە عەکسی هار و هاجییەکانی مناڵیم/ تۆ بگرە هەرەسێ پارک بی/ من حەقمە ئالوودە نەبم بە پارانۆیای شاعیران"
وه‌ک دیاره‌ که‌ریمی له‌ "شاعیر قسه‌یه‌کی نییه‌ بۆ وتن" ڕسته‌که‌ جێ ده‌هێڵێت و ئێمه‌ ده‌بێ وه‌ک خوێنه‌ر خۆمان ساغی که‌ینه‌وه‌ که‌ بزانین بۆ شاعیر قسه‌یه‌کی نییه‌ بۆ وتن. یان ئه‌وه‌ی که‌ بڕیار بووه‌ چ بڵێت که‌ په‌شیمان بۆته‌وه‌. یان نازانین نیۆتۆن له‌ چی هه‌ڵه‌ی کردووه‌ و ئێمه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دانسته‌کانی خۆمان له‌ سه‌ر نیۆتۆن تا واتای ئه‌و دێڕه‌ به‌ ده‌ست بێنین یان "تۆ بگره‌ هه‌ره‌سێ پارک بی" دیار نییه‌ ئه‌و ڕسته‌یه‌ به‌ چ مه‌به‌ستێک له‌و شوێنه‌ ئاماده‌یه‌، هه‌م پێشێی ڕسته‌که‌ و هه‌م دواتری به‌ جێ ماوه‌ بۆ خوێنه‌ر.
ئەنجام و بەرایی
به‌ سەرنجدانە ئەو تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له‌ شێعری پۆست‌مۆدێرن و پۆست‌مۆدێڕن نووسیدا باسم کرد، هەوڵم دا شێعری پارانۆیاش له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا لێک بدەمەوە و لایه‌نه‌کانی نیشان بده‌م.
هه‌روەها نیشانمان دا که‌ چۆن ده‌قی پارانۆیا له‌ نێوان ده‌قێتی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ پۆلی فۆنیک کردنی کاره‌که‌ و له‌ زاراوه‌، زمانی به‌یانی، ئایه‌تی قورئان و هاوکات له‌ شێعری پێشینیانی خۆی که‌ڵکی وه‌رگرتووه‌. ئه‌وه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی پارانۆیا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قی پۆلی فۆنیکدا بگونجێنین.
لە لایه‌نێکی دیکەدا‌ هەوڵمان دا چاو لە ڕاده‌ی به‌شداری پێ کردنی خوێنه‌ر بکەین، بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی بده‌ین ئایا ده‌ق چه‌نده‌ دیموکراسی‌خوازه‌؟ و چه‌نده‌ ئیزن به‌ خوێنه‌ر ده‌دات تا به‌شداری بکات؟ له‌ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ ڕوونم کرده‌وه‌ که‌ به‌ ئاوردانەوە لە داڕشتەی شێعره‌که‌ و جۆری بونیادنانی به‌ نیسبه‌ت ئه‌و ده‌قانه‌ی وه‌ک به‌رانبه‌ر هێنامه‌وه‌، ڕاده‌ی ئه‌و دیموکراسییه‌ته‌‌ که‌متر بوو و خوێنه‌رانی پارانۆیا به‌ ڕێژه‌یه‌کی که‌متر ده‌توانن ئێنزمامی‌سازی بکه‌ن.

*سەرچاوەکان لە دەفتەری هەفتەمانەی سیروان پارێزراوە

 

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved