د.سه‌یوان حه‌مید داودی پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری گشتی بابه‌تێكی له فه‌یسبوك بڵاوكردووه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به نه‌خۆشی مایه‌سیری و تێیدا ئه‌وه‌ی ڕوونكردوه‌ته‌وه كه ئایا هه‌موو مایه‌سیرییه‌ك پێویستی به نه‌شته‌رگه‌رییه؟ ئه‌و پزیشكه له بابه‌ته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، مایه‌سیری گمۆڵه‌ی بۆرێچكه‌ی خوێنه له‌ناوپۆشی كۆم، له هه‌موو كه‌سێكدا هه‌یه، ته‌نها كاتێك ده‌بێته هۆی دروستكردنی نیشانه ئینجا به نه‌خۆشی داده‌نرێت، وه‌كو خوێندانان له كۆمه‌وه، ئازار، گه‌وره‌بوون، هتد.. هه‌روه‌ها جۆره‌كانی مایه‌سیری دیاریكردووه‌و ده‌ڵێت: مایه‌سیری دوو جۆره؛ ناوه‌كی و ده‌ره‌كی. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی گشتی 4 پله‌ی مایه‌سیری هه‌یه: ئه‌وانیش: پله‌ی یه‌كه‌م: ته‌نها له ناوه‌وه‌ی كۆم گه‌وره ده‌بێت و نایه‌ته ده‌ره‌وه‌ی كۆم. پله‌ی دووه‌م: له‌كاتی پیسایی كردن و زه‌خت له‌خۆكردن دێته ده‌ره‌وه‌ی كۆم، به‌ڵام دوای خۆخاوكردنه‌وه خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوه‌وه. پله‌ی سێیه‌م: دێته ده‌ره‌وه‌ی كۆم به‌ڵام خۆی ناگه‌ڕێته‌وه ناوه‌وه، پێویسته به ده‌ست پاڵبنرێته ناوه‌وه. پله‌ی چواره‌م: له ده‌ره‌وه‌ی كۆم ده‌مێنێته‌وه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌وه، ئه‌مه‌یان مه‌ترسی ڕه‌شبوونه‌وه‌و بوونه‌برینی هه‌یه. ئه‌و پزیشكه ئاماژه‌ی به خاڵێكی گرنگ كردووه كه بریتییه له‌وه‌ی ڕه‌نگه له كه‌سێكدا مایه‌سیری ناوه‌كی و ده‌ره‌كیش بوونی هه‌بێت. هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌شته‌رگه‌ری ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێت كه مایه‌سیریه‌كه‌یان گه‌وره‌یه، نیشانه‌ی سه‌ختی تێدایه، یاخود ده‌ره‌كی و ناوه‌كی پێكه‌وه هه‌یه. له‌باره‌ی چاره‌سه‌ریشه‌وه ده‌ڵێت: *مایه‌سیریی پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م به‌بێ نه‌شته‌رگه‌ری چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، وه‌كو چاره‌سه‌ری قه‌بزی و زه‌خت له‌خۆنه‌كردن، زۆر خواردنی سه‌وزه‌و زۆر خواردنه‌وه‌ی ئاو و هتد. *به‌ستنی مایه‌سیری به لاستیك. بۆ مایه‌سیری پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و هه‌ندێك جۆری پله‌ی سێیه‌میش به‌سووده، پێویستی به به‌نج و مانه‌وه له نه‌خۆشخانه نیه. *مه‌یاندنی مایه‌سیری به تیشكی ژێرسوور. ئه‌مه‌شیان بۆ مایه‌سیری پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م به‌كاردێت، پێویستی به به‌نج و مانه‌وه له نه‌خۆشخانه نیه. *ده‌رمانی وشككردنی مایه‌سیری. ئه‌مه‌ش به‌هه‌مانشێوه بۆ مایه‌سیری پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و هه‌ندێك جۆری پله‌ی سێیه‌میش به‌سووده، پێویستی به به‌نج و مانه‌وه له نه‌خۆشخانه نیه. *بڕینی مایه‌سیری ده‌ره‌كی مه‌ییو. ئه‌مجۆره ئازارێكی زۆر دروستده‌كات، ده‌توانرێ مایه‌سیرییه‌ك لاببرێت ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی 3 ڕۆژدا بوو، دوای ئه‌وه پێویست به لابردن ناكات چونكه ئازاره‌كه‌ی نامێنێت و كڵۆ خوێنه‌كه ده‌ست به شیبوونه‌وه ئه‌كات. *نه‌شته‌رگه‌ری بڕینی مایه‌سیری. خاك - ئا/ لانه كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure