12/9/2020 01:44 PM

رەفیقی وێنەگر؛ گەنجینەی وێنەی یادگارییەکان!

 

خەلیل عەبدولڵا
ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەك ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فۆتۆغراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف
«پیرەمێرد»

رەفیقی وێنەگر كەسایەتییەكی دیاریی كلتووری‌و هونەریی كوردستانە، خۆی‌و باوكی لەچاوی كامێرا بچووكەكانیانەوە، مێژووییەكی مەزنیان تۆمار كردووە. وێنەی كەسایەتی نیشتمانی‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و زانستی‌و فەرهەنگی، دیمەنی شارو گەڕەك‌و گوند، سروشت، بۆنەی نیشتمانی‌و نەتەوەیی، شوێنی گشتی، ئاهەنگ، شەڕ، كارەساتی سروشتی، كەوتوونەتە ناو بۆسەی چاوی ئەو كامێرانەوە‌و گیروان، ئیدی ئەو وێنانە بوونەتە تۆمارێكی راست‌و زیندووی شاری سلێمانی‌و شار‌و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی گەورە. بەوەش ئەو خانەوادەیە لەرێی چاوی گەشی كامێرەكانیانەوە، هەزاران وێنەیان گرتووە، بەوەش خزمەتێكی گەورەیان بەمێژووی گەلی كوردستان كردووە‌و ناویان لە لاپەڕە زێڕینەكانی مێژوودا بەشانازییەوە تۆمار دەكرێت.
رەفیق مەحموود محەمەد كە بەرەفیقی وێنەگر ناسراوە، ساڵی 1932 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە.
ئەو لەئامێزی خێزانێكی خوێندەوار‌و نیشتمانپەروەردا پەروەردە بوو. هەر لەمناڵییەوە بەهۆی مەحموود ئەفەنی رەسامی باوكییەوە، بە كامێرا‌و فۆتۆ ئاشنا بوو. چونكە باوكی بەفۆتۆگرافەرە پێشەنگ‌و دێرینەكانی شاری سلێمانی دادەنرێ‌، ئەو دوای جەنگی یەكەمی گێتی، بەخۆی و كامێراكەیەوە لە شاری قودسەوە بۆ شاری سلێمانی گەڕایەوە. مەحموود ئەفەنی لە کاتی جەنگی یەکەمی جیھان ئەفسەری عوسمانی بووەو لەلایەن سوپای ئنگلیزەوە بەدیل گیراوەو لەشاری قودس زیندانی بووە، لەزیندان بەشداری خولی فۆتۆگرافەری کردووەو سەرکەوتوو بووەو کامێرەیەکی بەدیاری دراوەتێ .دوای ئازادبوونی بەخۆی وکامێرەکەیەوە گەڕاوەتەوە سلێمانی. ئیدی كاری فۆتۆگرافەری كردە خولیا‌و سەرچاوەی بژێویی ژیانی، بەوەش ئەو پیشەیە لای رەفیقی كوڕی خۆشەویست دەبێت‌و درێژەی پێدەدات.
رەفیق سەرەتای ژیانی منداڵی دەخرێتە حوجرە‌و لەوێ‌ قورئانی پیرۆز‌و دەرسە ئاینیەكانی دیكە دەخوێنێ‌،دواتر دەچێتە مەكتەبی رەسمی‌و لەقوتابخانەی فەیسەڵییە درێژە بەخوێندن دەدات.
بەهۆی ئەوەی محەمەد قودسی برای لەگەڵ سێ‌ ئەفسەری دیكەدا بەشداری كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەكەن‌و دوای روخانی كۆمار دەگەڕێنەوە عیراق،لە 19ی حوزیرانی 1947 لەلایەن رژێمی پاشایەتییەوە لەسێدارە دەدرێن‌و دواتریش خانەوادەكەی نەفی دەكرێن بۆ شارەكانی هەولێر‌و كۆیە‌و رواندز، ئیدی رەفیق دەرفەتی خوێندنی لەدەست دەچێ‌‌و خۆی بۆ كاری فۆتۆگرافەری تەرخان دەكات.
ساڵی 1954 دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی‌و لە نزیك سەرا ستۆدیۆیەكی بەناوی خۆیەوە دانا‌و بەكاری فۆتۆگرافییەوە سەرقاڵ دەبێ‌‌و ئەرشیفی وێنەیی باوكی دەوڵەمەندتر دەكات.
ساڵی 1962 پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەكات‌و دەبێ‌ بەپێشمەرگە، لەژیانی پێشمەرگایەتیش بایەخ بەهونەری وێنەگرتن دەدات‌و چەندین وێنە‌و ڤیدیۆی جوان‌و ناوازەی پێشمەرگەو ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا دەگرێت.
دوای پێشمەرگایەتی‌و هاتنەوەی بۆ ناوشای سلێمانی لەسەر كاری فۆتۆگرافەری بەردەوام دەبێ‌‌و زۆربەی تەمەنی خۆی بەو كارە پیرۆزە دەبەخشێت.
ئەو وەك خۆی باسی دەكات نزیكەی نیو ملیۆن وێنەی جیاجیای سەرانسەری كوردستانی گەورەی هەیە‌و نزیكەی 34 هەزار جامی وێنەی نەشۆراوەی هەیە، كە هەموو ئەوانە سامانێكی گەورە‌و بەنرخی مێژووی كوردستانە.
كاك رەفیق زۆربەی تەمەنی لەگەڵ كامێرا‌و پیشەی فۆتۆگرافەری بەرێكرد‌و بەچاوی كامێرا‌و دەستە رەنگینەكانی مێژوویەكی پڕ شانازی بۆ خۆی‌و خانەوادەكەی‌و كوردستان تۆمار كردووە، كە جێگەی ستایش ‌و دەستخۆشییە.
كاك رەفیق 88 ساڵ ژیا، سەرباری تەمەن‌و ماندوو بوونی زۆر، کۆڵی نەداو لەم ساڵانەی دواییدا بەشێكی وێنەكانی لەگەلەرییەكەی نمایش كردبوو ، کەمێژوومان بۆ دەگێڕنەوە. ئەوهیوای ئەوەی دەخواست‌ كە وێنە‌و بەرهەمەكانی پارێزراو بن‌و لەخزمەتی كورد‌و كوردستاندا بن.
لەكۆتاییدا رێزو ستایشی بێپایان بۆ ئەم پیاوە گەورەیە، كە لەرێی چاوی گەشی كامێراكەیەوە، مێژوویەكی جوان‌و رەنگینی شار‌ی سلێمانی و كوردستانی تۆمار كردووە.
بەداخەوە بەرەبەیانی 8ی ئەیلولی 2020 بۆ دواجار چاوە گەشەکانی لێکناو بەسەیوان سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved