13/9/2020 01:23 PM

چین و روسیاش لەو چەکەی ئێمە ئاگادار نین

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ "باب ووارد"ـی سەرنوسەری بەناوبانگی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست باسی لە سیستمێکی ئەتۆمی نوێ کردووە کە بەپێی قسەکانی ئەو تەنانەت وڵاتانی رکابەری ئەمریکاش لێی ئاگادار نین. ووارد لە بەشێک لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی "Rage/ خشم"ـدا کە چەند رۆژی دیکە بڵاو دەبێتەوە ئەوە دەدرکێنێت کە ترەمپ سەبارەت بەم سیستمە پێی راگەیاندووە کە نە پۆتنی سەرۆکی روسیا و نە شی جی پینگی سەرۆکی چین لێی ئاگادار نین.
ووارد لە کتێبەکەی خۆیدا دەڵێ ترەمپ گوتوویەتی: "من چەکێکی ئەتۆمیم دروت کردووە-سیتمێکی چەکداری کە هیچ وڵاتێک تا ئێستا نەیبووە. ئێمە کۆمەڵێک شتمان هەیە کە ئێوە نەتانبینیوە و نەشتانبیستووە، ئەو شتانەی ئێمە لە چاوی پۆتن و شی جی پینگیش بەدوورن. هیچ کەس نازانێت، ئەوەی وا ئێمە هەمانه ناوازەیە."
ووارد لە درێژەی کتێبەکەیدا نووسیویەتی کە دوای بەدواچوونێک تێگەیشتم کە ئەم قسانە راستن بەڵام وردەکارییەکانیان باس نەکردووە. ترەمپ ژمارە مۆبایلی تاکەکەسی خۆی داوە بە ووارد بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ چاوەدێری دەزگای ئەمنیەت قسە بکەن و ئەوە بەو واتایەیە کە هێڵی تەلەفوونی ئەم دووانە چاوەدێری لەسەر نییە.
کتێبی "تووڕەیی"ـی ووارد هەفتەی داهاتوو بڵاو دەبێتەوە بریتییە لە 18 وتووێژی تەلەفوونی لەنێوان ترەمپ و ووارددا کە لە 2019ـەوە دەست پێ دەکات تا 2020.
دۆناڵد ترەمپ هەمیشە بەهۆی درکاندنی زانیاری پۆلێنبەندی‌کراو لەلای رێبەرانی بیانی رەخنەی لێگیراوە. بۆ نموونە ئەو تۆمەتبارە بەوەی کە ئەو زانیارییە پۆلێنبەندی‌کراوەی کە ئیسرائیل سەبارەت بە داعش لە 2017ـدا دابووی بە ترەمپ، لای وەزیری دەرەوەی روسیا باسی کردووە.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved