19/9/2020 03:32 PM

شوێن‌پێی مرۆڤی 120هەزار ساڵە

دێرینەناسان توانیان لە سعودیا چەندین شوێن‌پێی مرۆڤ کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 120هەزار ساڵ لەمەوبەر بدۆزنەوە. بەر لە دوایین سەردەمی سوهۆڵبەندان کە لە ماوەی 112 بۆ 122هەزار ساڵ لەمەوبەر رووی داوە، دوو یان سێ مرۆڤ لە درێژایی باشووری دەریاچەیەکی دێرینی دەشتی "نفود"ـی سعودیا هەنگاویان ناوەتەوە. ئەم کەسانە کە بۆ کۆکردنەوەی ئاو بەرەو دەریاچەکە خوار بوونەتەوە، تەنها نەبوون و ئاژەڵی دیکەش بۆ نموونە ئەسپ، فیل و وشتریش لەو کاتەدا لەو دەوریان بوون.
ئەم کەسانە پاش خواردنەوەی ئاو لەم ناوچەیە تێپەڕ بوون، بەم حاڵەوە شوێن‌پێی ئەوان لە قوڕدا جێماوە وهەڵبەت بابەتێکی لەم چەشنە بۆ ئاژەڵیش هەر راستە. پاش ماوەیەک ئەم شوێن‌پێیانە وشک و رەق دەبنەوە و پاشان لم دایاندەپۆشێت و بۆ 100هەزار ساڵ پارێزراو بوون.
بوونی شوێن‌پێی مرۆڤ لە نیمچە دورگەی سعودیا کە بە دەروازەی ئەفریقا و ئوراسیا دێتە ئەژمار، ئەوە نیشان دەدات کە مرۆڤە سەرەتاییەکان یەکەم گەشتی خۆیان بۆ چ کیشوەرێک بووە. جێهێشتنی ئەفریقا لەلایەن مرۆڤەکانەوە زۆر سەمەرە نییە چونکە بەڵگەی مێژوویی دیکەش هەیە کە باس لە بوونی مرۆڤ لە باشووری یۆنان دەکات لە 210هەزار ساڵ لەمەوبەر و نزیکەی 180هەزار ساڵ لەمەوبەر لە شام.
ئەگەرچی دێرینەناسان بەڵگەیەکی کەمیان دەست کەوتووە بەڵام زانیاری زۆریان سەبارەت بە ئاراستەی یەکەم گەشتەکانی مرۆڤیان لەبەر دەستە. گەشت کردن بۆ سعودیا لە باری جوگرافی و بەکردەوەیی‌بوونەوە، لۆژیکی‌تر دێتە بەرچاو. سعودیا لە ئێستادا یەکێک لە وشکترین شوێنەکانی جیهانە، بەڵام پێشتر وانەبووە بۆیە مرۆڤی سەرەتایی لە ئەفریقاوە گەشتی کردووە بۆ ئەوێ.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved