26/9/2020 01:03 PM

پەرەپێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە قۆناغی كۆتایی نزیك دەبێتەوە

هەوڵەكانی وڵاتانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا بەرەو كۆتایی دەچێت و كۆمپانیای نۆڤافاكسی ئەمریكیش ڕایگەیاند لە كۆتا قۆناغی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەدا زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتی بە شێوەی خۆبەخش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە لەسەریان.

دوای زیاتر لە ١٠ مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆمپانیای تەكنەلۆژیای ئەمریكی (نۆڤافاكس) ڕایگەیاند: قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوە ڤاكسینی كۆڤید-١٩ی دەستپێكردووەو ئەوەش وا دەكات ١١-هەمین كوتانی تاقیكاری لە جیهاندا بگاتە قۆناغی كۆتایی.

بە وتەی كۆمپانیای نۆڤافاكس لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ هەزار خۆبەخش كە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٨٤ ساڵ دایە ئامادەن بەشداری لە تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینی كۆرۆنادا بكەن و ئەمە ١١-هەمین ڤاكسینە لە جیهاندا كە دەچێتە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوە پزیشكییەكانەوە، كە دەیان هەزار خۆبەخش تێیدا ئامادەن تاقی كردنەوەیان لەسەر بكرێت، كە بە زۆری دابەش كراون بۆ دوو بەشی یەكسان بەشێكیان لە ڕێگەی كوتانەوە و بەشەكەی تریشیان ڤاكسینی ئەزموونی وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەشكردووە لە ئێستادا پێشكەوتووترین پڕۆژەی ڕۆژئاوایی لەسەر ڕێگای بەرهەمهێنانی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنادایە، تاقی كردنەوەكانیش لە ڕێگەی زاناكانی زانكۆی ئۆكسفۆردەوە دەكرێت و دوو ڤاكسینی تریش لە لایەن كۆمپانیاكانی فایزەر و مۆدێرناوە پەرەی پێدەدرێت وە كۆمپانیای نۆڤافاكس كە لەلایەن ئەمریكاوە زیاتر لە ١.٦ ملیار دۆلاری لە پارەی گشتی ئەمریكا بۆ تەرخانکراوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ١٠٠ ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا.

هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسین لە هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیاش پڕۆژەی هاوشێوە كاری لەسەر دەكرێت و خەریكە لە هەنگاوی كۆتایی نزیك دەبنەوە. 

لە لایەكی تریشەوە سندوقی وەبەرهێنانی ڕووسی و كۆمپانیای دەرمانی ئۆزبەكستان ڕێككەوتنێكیان ئیمزاكرد بۆ دروستكردنی ٣٥ ملیۆن ڤاكسینی سپۆتینگ ڤی لەلایەن ڕووسیاوە بۆ ئۆزبەكستان.

كیریڵ دیمیتریڤ بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕووسی ڕاگەیاند: "سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕووسی لەگەڵ كۆمپانیای لاكسام كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دەرمانسازی لە كۆماری ئۆزبەكستان دا ڕێككەوتوون بۆ ئەوەی ٣٥ ملیۆن ڤاكسینی (سپۆتنیك - ڤی) بۆ ئۆزبەكستان دابین بكەن" ، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند توانیوویانە بە سەركەوتووی ڤاكسینی سپۆتینگ ڤی دژی كۆرۆنا پەرە پێبدەن.

هەروەها پێشتر كیریڵ دیمیتریڤ سەرۆكی سندوقەكە ڕایگەیاندبوو كە داواكاری زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیهانیان پێگەیشتووە بۆ كڕینی ١ ملیار لە ڤاكسینی سپۆتینگ - ڤی.

هاوكات ئاماژەی بەوەدا كە ڕووسیا ڕازی بووە ئەم ڤاكسینە لە پێنج وڵاتی تردا بەرهەم بهێنێت و دەتوانن ساڵانە نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا بەرهەم بهێنن.

خاك - ئاژانسه‌كان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved