6/10/2020 12:29 PM

بۆچی پێویستە پێش قسە کردن باش بیر بکەینەوە؟


زۆرئاساییە کە هەندێک جار هەست بەسەرماندا زاڵ بێت و هەندێک قسە بکەین کە دواتر لێیان پەشیمان ببینەوە؛ بەڵام هەندێک کەس زیاتر لە ئاستی نۆرماڵ ئەمکارە دووبارە ئەکەنەوە. لەوانەیە هەندێک کەس لە دایک و باوکیانەوە فێر بووبێتن کە پێش قسە‌کردن باش بیری لێبکەنەوە. بەڵام ئەگەر ئێوە لە کاتی تووڕەبووندا توانای ئەوەتان نییە کە هەستی خۆتان کۆنترۆڵ بکەن، باشتر وایە سەیری ئەم هۆکارە گرینگانەی ژێرەوە بکەن و باش بیریان لێبکەنەوە:

١. وشەکان ئاوێنەی کەسایەتی ئێوەن
لە مناڵییەوە دایک و باوک فێرمان دەکەن کە جنێوە نەدەین. ئەمە تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە جێنو و قسەی سووک کارێکی نەشیاو و ناشیرینە، بەڵکو وشەکان دەرخەری کەسایەتی مرۆڤن و بە شێوەیەک توانای ڕازاندنەوە یان ناشیرین کردنی کەسایەتی ئێمەیان هەیە.

٢. وشەکان خاوەنی دەسەڵاتن
وشەکان دەسەڵاتیان هەیە و ئەم دەسەڵاتە لایەنی باش و خراپی هەیە. وشەکان هەم دەتوان رووحی کەسێک بریندار بکەن و بی‌ڕەنجێنن و هەم دەتوانن بە مێهرەبانی و بەرزنرخاندن، ئاوپڕژێنی ڕووح بکەن و یارمەتیدەر بن. کەوایە پێوسیتە بەدەوام بە بیرکردنەوە وشەکان بەکار بهێنین و ببینە مایەی دڵنەوایی نەک دەڵشکاندن.

٣. هەستەکانمان وا ئەکەن هەندێک وشە بەکار بهێنین کە مەبەستێکی تایبەتمان لێیان نییە
بێگومان بەسەرتان هاتووە کە قسەیەک بکەن و بەبێ ئەوەێ مەبەستێکتان بووبێت، دڵی کەسی بەرامبەرتان شکاندبێت. لە باری زانستییەوە تووڕەیی وا ئەکات کە ناوەندی لۆژیکی مێشک لەگەڕ بکەوێت یان خاو ببێتەوە و ئاکامی ئەوەش ئەوەیە کە ئیتر هەستەکانمان کۆنترۆڵی کردەوەکانی ئێمە بەدەستەوە بگرن. فەرامۆشی مەکەن کە ناوەندی هەستەوەری مێشک توانای فیلتەر کردنی وشەکانی نییە و لە ئاکامدا ئێوە وشەیەک دەدرکێنن کە لە گوتنی پەشیمان دەبنەوە.

٤. لەوانیە خراپ لە نییەتی کەسی بەرامبەر تێبگەن
لەوانەیە ئێوە لە هەندێک کەس زوێر بن، هۆکارەکەشی ئەمە بێت کە لاتان وابووە مەبەستییان ئازاردانی ئێوە بووە. بەڵام باشترە لەم ڕاستییە ئاگادار بن کە سەرجەم ئەو کەسانە مەبەستیان ڕەنجاندنی ئێوە نییە. هەندێک جار بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە لێکدانەوە بۆ قسەی کەسی بەرامبەر دەکرێت؛ کەوایە زیاتر بیاندوێنن تا لەمەبەستیان تێبگەن و ئیزن مەدەن لێکدانەوەی هەڵە، کاریگەری لەسەر بڕیار و هەڵسوکەوتی ئێوە دابنێت.

٥. پەیوەندی خۆتان و کەسی بەرامبەر لەبەرچاو بگرن
لەوانەیە زۆر بە ساکاری بتوانن لە دۆست، خوشک یان براکەتان تووڕە بن و هرچی حەزتان لێبێ بیدرکێنن، بەڵام ئایا دەتوان لەگەڵ شێف و خاوەن کارەکەشتان بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکەن؟ بەرلەوەی وشەیەک بدرکێنن، پەیوەندی خۆتان و کەسی بەرامبەر هەڵسەنگێنن. جیا لەمە، ئەو شوێنەش گرینگە کە ئێوە لەو کاتەدا لەوێن. بۆ نموونە لە دەوام یان لە میوانی، باشتر وایە خۆتان کۆنترۆڵ کەن و ئەگەر بڕیارە شتێک بە شێفەکەتان بڵێن کە ئەزانن ئەیڕەنجێنێ، باشترە دایبنێن بۆ شوێن و کاتێکی گونجاوتر.

٦. وشەکان ئەتوانن پەیوەندییان تووشی داڕمان بەکن
لەناو پەیوەندییەکاندا هەرچەندە زیاتر وشەی ناشیرین و نەشیاو بەکار بهێندرێت؛ پەیوەندییەکە بەرە بەرە بەرەو ڕوخان  ئەچێت و سەرئەنجام ئەپچرێت. ئایا خۆتان حەز ئەکەن هەموو ژیانتان لەگەڵ کەسێک بژین کە قسەی نەشیاو ئەکات و ئیهانەتان ئەکات؟ بە دڵنیاییەوە نا. وشەکان ئەتوانن ژیانی هاوبەشتان لەناو ببەن.

٧. هەرگیز ناتوانن قسەکانتان وەربگرنەوە
کاتێک قسەیەک ئەکەن، ئەم قسەیە بۆ هەمیشە ئەمێنێتەوە. هەرگیز ناتوانن بیگەڕێننەوە ئەگەر تەنانەت هەوڵێکی زۆریشی بۆ بدەن. ئەمە وەک ئەوە وایە کە هەوڵ بدەین ژیان بگەڕێنینەوە بۆ پاشەوە کە شتێکی مەحاڵ و نەکراوە.

کەوایە چ بکەین؟
تا ئێرە زانیمان کە بۆ پێویستە بەر لە قسەکردن بیر بکەینەوە. ئێستا پێویستە بزانین کە چۆن ئەم کارە ئەنجام بدەین؟ بیر کردنەوە بەر لە قسەکردن بۆ هەنێک کەس کارێکی زۆر ئاسان بۆ هەندێکی‌تر زۆر زەحمەتە.
کەوایە کاتێک کە تووڕەن، بەر لە قسەکردن ٥ بۆ ١٠ چرکە دەس‌ڕابگرن و هیچ مەڵێن. گەر ناتوانن سەبر بکەن؛ باشترە ئەو شوێنە جێ بهێڵن. بەمشێوەیە بەر بە درکانی ئەو وشانە دەگرن کە دواتر لە گوتنیان پەشیمان دەبنەوە.
لەم دەرفەتەدا بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا خاڵێکی گرینگ هەیە کە پێویست بە باس کردن بێت، یان شتێکی وا هەیە کە بەسوود و یارمەتیدەر بێت یان نا؛ لەوانەیە باشتر بێت هیچ نەڵێن.
بەر لەوەی قسەیەک بکەن، دۆخی ڕووحی کەسی بەرامبەر لەبەرچاو بگرن. بیر لەوە بکەنەوە کە قسەکانی ئێوە لەم دۆخەدا دەتوانێ چ کاریگەرییەکی لەسەر دابنێت. ئەگەریش پێشتر قسەیەکتان کردووە کە ئەوەی ڕەنجاندووە، بەرپرسیار بن و داوای لێبوردنی لێبکەن.

 

سەرچاوە: lifehack

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved