6/10/2020 05:13 PM

زۆر کورت سەبارەت بە سوارە

 

مەحموود محەمەدیان
مێژوو پاشکۆی ئەو رووداوانەن که له زەماندا روو دەدەن.بەڵام چ رووداوگەلێک؟ئەو رووداوانەی که جومگەکانی زەمان لێک گرێ دەدەنەوە.ئەم ڕوداوانه له سەردەمی خۆیان تێپەڕ دەبن وبه هەرمانییەت دەگەن.ئەگەر هەندێک لەو رووداوانه دەرەنجامی ویستی خواکان بن ئەوا بەشیکی زۆریشی ئافرێندراوی دەستی مرۆڤن.هەر له شەڕوشۆڕ و هەسپی دەسەڵات خوازی تاودانەوە بگرە هەتا ئەو کاتانەی که بێ خەوشتر له دنیای ڕوانیوە،ئە کاتانەی هەڵبەست و هۆنراوەی هۆنیوەتەوە یان خود سینگی ئەشکەوت و گاشەبەردەکانی نەخشاندووه.کەوایه نووسینەوەی مێژوو ناڕاستەوخۆ نووسینەوەی مێژووی مرۆڤایەتییه. مرۆڤ هەر له کۆنەوە هۆنەری وەکوو هەگبەیەک بۆ پاشەکەوتی ئەزمونه جۆراوجۆرەکانی به کار هێناوە.ئەو کردەوەیه رەنگه سەرەتا شتێکی تەواو غەریزی و نائاگاهانه بووبێ بەڵام دواتر و لەگەڵ کرانەوەی دەرگاکانی زانست به رووی مرۆڤدا،بێگومان ئامانجمەد بۆتەوە.هەر بۆیه دەستی داوەته کۆکردنەوە و پاراستنیان. ئەدەبیات که بەشیک لەو دنیا بەرفرەوانەیه وەکوو هونەریکی نڤیساری،شانی وەبەر هەندیک له لایەنەکانی پاراستنی ئەو ئەزموونانە داوە و داهاتووان له ڕێی خوێندنەوەیەوە سەرەڕای چێژ وەرگرتن جۆرێک له مەعرەف و زانیاریشی بۆ دەستەبەر بووە.مێژووی ئەدەبیاتیش پاشەکەوتی ئەو ئەزموونه ناوازانەن که توانیویانه  له سەردەم و کاتی خۆیان تێەڕ بن و داهاتوو چێ بکەن.هەموو نەتەوەکانی دنیا بایەخێکی زۆر بەو مێژووە دەدەن و به پێی پێوەرگەلی جۆراوجۆر پۆلێنبەندی دەکەن.یەکێک لەو بنەما و پێوەرانەی که جومگه مێژووییەکان لێک گرێ دەداتەوە،وەزه و توانای ئافراندن و تازەگەرییه،له سەردەمه جیاوازەکاندا.واته هەندێک جار له زەمانێکی دیاری کراودا کەس یا کەسانێک له چوارچێوەی زەمانی هەنووکەیی لا دەدەن و رووبەرێکی نوێ دەستەبەر دەکەن.ئەو کەس یا کەسانه دواتر وەک لووتکەکانی مێژووی ئەدەبیات دێنه ئەژمار و کار و بەرهەمەکانیان دەدرێته بەر رەخنه و شیکاری.وەک ئەوەی هەموو توانستە ئەدەبییەکانی سەردەم لەواندا پەنگی خواردبێتەوە.
له مێژووی ئەدەبیاتی کوردیشدا کەم نین لەو کەس یا کەسانەی که بڕگەیەکی مێژووییان به ناوی خۆیانەوە تۆمار کردووە.هەنووکه لەم نووسراوە کورتەدا دەرفەتی ئەوە نییه کە به تێر و تەسەلی هەر کام لەو لووتکانه شرۆڤه بکرێ بەڵام دەتوانین به کورتی دەست بخەینه سەر چەند دانه لەوان،وەک ئەحمەدی خانی،مەلای جزیری،نالی،مەحوی،سالم،مەولەوی،حاجی قادر و هتد.دیارە لە بابەت هەر کام لەو شاعیرانەی ئاماژەی پێ درا وتار و نووسینی جۆراوجۆر هاتوونه ئاراوە.ئەوان وەک پاشخانی کلاسیکی ئەدەبیاتی کوردی به نیسبەتی بەرەی نوێ زیاتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە  و هەروەها رەنگدانەوەی پتریشیان لە دەقی کۆمەڵگەدا هەبووە.بۆیه وەک زەروورەتیش بێ لەنگر گرتنه سەر نووسەر و شاعیری بەرەی نوێ  پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئەگەر بمانهەوێ به کورتی باسی مێژووی نوێ بوونەی ئەدەبیاتی کوردی بکەین رەنگه یەکەم کەسێک که بیرێکی مۆدێرنی لۆکاڵ و خۆماڵی هێنایه بەر باس حاجی قادری کۆیی بێ.حاجی قادر لەگەڵ ئەوەی له درێژەی رەوتی ئەدەبی و شیعری پێش خۆی دایه،هاوکات لەنگەر لەسەر بیرۆکەیەک دەگرێ که پێی دەگوتری بیری نەتەوەیی که خۆی له خۆیدا بیرێکی مۆدێرنیستیه.واته ئاوڕدانەوە لەو چەمکانەی کە نەتەوەیەکی پێ پێناسه دەکرێ.ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی گرینگ و مێژووسازه بەڵام ئاڵوگۆڕەکه له ئاستی ناوەرۆکدا قەتیس دەمێنیتەوە و سەر به خانەی فۆرمدا ناکا.واته شیعر هەر لەسەر کێشی عەرووزی دەڕواته پێشێ.بەڵام ئەوەی گرینگه ئەوەیه که ئەم بیرۆکەیه رەگ دادەکوتێ و ئەدەبیاتی دوای خۆی دتەنێتەوە.ئەگەر هەنگاوەکانمان بەلەزتر هەڵبێنینەوە و تا سەردەمی دەستبردن بۆ فۆڕم رانەوەستین دەگەینه عەبدوڵڵا گۆران.گۆران بەرهەمی سەردەمی شۆڕشی فۆرمییه.شاعیرێک که به باشی ئاگاداری رەوته ئەدەبییەکانی ناوچە و به گشتی جیهانه.تیۆرییە ئەدەبییەکانی خوێندۆتەوە و به کورتی کارتی هاتنه ژووری گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی فۆڕمی پێیه.کەوایه دەستبرنی گۆران بۆ فۆرم له رووی ئاگاهییەوەیه.هاوکات کێش خۆماڵی(پەنجەیی) له ناخی شیعرەکانی عەبدوڵڵا گۆراندا هەناسە دەداتەوە و دێتەوە ساحەی ژیان.
ئەو پێشەکییه زۆر زۆر کورتەی سەرێ پێویستییەک بوو بۆ ئەوەی شاعیرێک که بەرهەمی هەموو ئەو ئەزموونانەیه پێناسه بکرێ:سوارەی ئیلخانیزاده.پێشەنگی نوێخوازی شیعری له رۆژهەڵاتی کوردستان.

سوارە ساڵی ١٣١٦ەی هەتاوی له گوندی تورجان له دایک بووە.دواتر ماڵیان دەگوازنەوە بۆ گوندی قەرەگوێز.سەرەتا له بۆکان دەچێته قوتابخانه و پاشان له تەورێز بەڵگەنامەی دیپڵۆم وەردەگرێ.سوارە بۆ درێژەی خوێندن روو له شاری تاران دەکا و له بەشی مافی زانکۆی تاران وەردەگیرێ.ئەو کاتەی سوارە دەچێته تاران سەردەمی گەشەسەندوویی ئەدەبیاتی نوێی فارسییه.ئەزموونەکانی نیما دەروونی بوونەتەوە و شاملوو و فرووغ و ئەخەوان سالیس ئەو ئەزموونەیان به لووتکه گەیاندووه.ئەو سەردەمه(دەیەی ٤٠ی هەتاوی) بێگومان سەردەمی زێڕینی ئەدەبیانتی هاوچەرخی فارسییه.سوارە زۆر به ئاسپایی و به نەرمەهەنگاوی ئەو ئەزموونانه دەخوێنێتەوە.هاوکات دەشنووسێ بەڵام به فارسی.شیعرە فارسییەکانی سوارە تێم و فەزای لووتکەکانی ئەو سەردەمەی شیعری فارسی پێوە دیارە بەڵام دیسانیش نکۆڵی له توانستی شیعریی ئەو ناکرێ.تا ڕادەیەک که شیعرەکانی له گۆڤارە به نێوبانگەکانی تاراندا بڵاو دەبنەوە.فەزای ئەو کاتی شیعری کوردی له رۆژهەڵاتی کوردستان هەر له چوارچێوەی نوێ بوونەی ناوەرۆکدا له هات و چۆدا بوو.فۆرم ئێستا دەقی نەشکابوو.کێش و سەروا هێشتاش دڵ و ناخی شیعردۆستانی پاراو دەکرد،بەڵام سوارە ئاگری نوێخوازی له ناخیدا بڵێسەی دەدا.هەڵبەت سوارە لەو رێگه پڕئەسکۆند و چاڵەدا که بڕیار بوو بیپێوێ تەنیا نەبوو.عەلی حەسەنیانی(هاوار) و فاتێح شێخۆلئیسلامی(چاوە)ش هاوڕێی بوون.واته ئەو سێ کەسە وەک سێ کوچکەی نوێ بوونەوەی شیعر له کوردستانی ئێران دەناسرێن.هەڵبەت دەور و کاریگەریی هەر کام لەو سێ کەسه جیاوازن. جەعفەر حوسێنپوور(هێدی) له پێشەکی دیوانە شیعرەکەی "هاوار"دا دەڵێ یەکەم شیعری نوێی کوردی له کوردستانی ئێران لە لایەن هاوارەوە هاتۆته ئاراوە.دوای ئەو چاوە ئەو کارەی کردووه و دواجار سوارە.ئەو مێژووه هەرچی بووبێ ئێستا ناوی سوارە وەک پێشەنگی ئەو رەوته ناس دەکرێ.لێرەدا دەردەکەوێ که رچەشکێنی به تەنیا و بێ هەوڵ و مانەوەی بەردەوام نابێته هۆی هەرمانییەت و رەوتسازی له هونەردا.شیعری هاوار و چاوە تێمی نوێخوازی و تازەگەری تێدایه بەڵام به شێوەیەکی کاڵ و پێنەگەیشتوو.هۆکارەکەشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی که ئەو دوو کەسە هەر زۆر زوو گۆڕەپانی شیعر جێ دەهێڵن و درێژەی نادەن.ئەگەرچی شیعری "کەژاڵەکەم"ی هاوار و شیعری "شەوه"ەی چاوه ئێستاش دەکرێ وەک نموونەی باشترین شیعرە نوێیەکانی ئەو سەردەمه ئاماژەی پێ بکرێ.بەڵام لەسەر لەسەر ئەو رێبازه بەردەوام دەبێ و نووسینەکانی درێژە دەدا.
ژیانی ئەدەبی و فەرهەنگی سوارە دەکرێ بەسەر چەن بەشدا دابەش کەین.سەرەتا ئێمه سوارەیەک دەبینین که سەرقاڵی ئەزموون و راهێنانی خۆیەتی به زمانی فارسی،دواتر دەگاته ئەو قەناعەتە که ئەو ئەزموونانه بگوازێتەوە بۆ زمانی کوردی.کەوایه سوارە پێگەیشتووانه دێته نێو گۆڕەپانی نووسینی کوردییەوە و ئێمه ئاکامی ئەو تۆکمە بوونه له توێی ئەو رادە کەمه شیعرەی که بەرهەمی هێناوە به باشی دەبینین.به تایبەت ئەو پێگەیشتووییه لە شیعری "خەوە بەردینە"دا دەگاته لووتکه و لە راستیدا دەتوانین وەک مانیفیستی شیعری سوارە باسی لێوە بکەین.
شیعری سوارە به گشتی شیعرێکه که خاڵی لێک ئاڵقانی جوانی ناسی و ئەمری کۆمەڵایەتییه.ئەو تایبەتمەندییه لە هێمنیشدا به تەسەلی هەیه بەڵام سوارە فۆڕمی دەربڕینی رووەکیش لەبەر یەک دەبا.ئیستعاره تێمی سەرەکی شیعرەکانی سوارە پێک دەهێنن و هەر بۆیەش خوێندنەوەی شیعری سوارە به تایبەت شیعر "خەوەبەردینه" پێویستی به پشوودرێژییەکی زۆر هەیه.بۆچوونی جیاواز لەسەر کۆی شیعرەکانی سوارە هەیه.لە کتێبی شەنگەسواردا ٢٥ شیعری کوردی و٢٠ شیعری فارسی به نێوی سوارەوە له کتێبەکەدا گونجێندراوە.دیارە ئەو کتێبه دوایین کۆکراوەی بەرهەمەکانی سوارەیه.له نوسخەکانی پێشوودا رادەی شیعرەکان کەمترن.هەروەها لەسەر چەند دانه لە شیعرەکان لەمەڕ ئەوەی هی سوار بن یان نا،ناکۆکی هەیه و هەر کام لەو کەسانەی کۆکەرەوەی کارەکانی سوارەن تێبینی خۆیان هەیه.

سوارە لەو شاعیرانەیه که درەنگتر لەو شتەی کە دەبوو خوێندرایەوە.خوێندنەوەکانیش ئەوەندە نین که فارس گوتەنی حەقی مەتڵەب ئەدا بکا.له زۆربەی خویندنەوەکانیشدا لەنگەر لەسەر شیعرەکانی گیراوە،له حاڵێکدا سوارە شرۆڤەکار و لێکۆڵەرێکی باشی بواری ئەدەبیات بووە و ئەوەش به گوێرەی ئەو کۆمەڵە بەرنامەیەی که له ژێر ناوی "تاپۆ و بوومەلێڵ" له رادیۆ تاران-بەشی کوردی بڵاو بوونەتەوە دەردەکەوێ.سوارە لەو بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵدا که ئێستا وەک نووسراوە که کتێبی "شەنگەسوار"دا هەن،بەربڵاو بەڵام به تۆکمەیی لەسەر بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەر و ئەدەبیات دەدوێ و هەر لەوێدایه کە شەممی رەخنەیی خۆی دەنوێنێ و دەیسەلمێنی که گرینگی زۆر به ئەمری رەخنه و شیکاری زانستی دەدا.له سەردەمی مۆدێرن دایه که رەخنەگەر سەرهەڵدەدا و نێوەنجییەتی نێوان بەردەنگ و بەرهەمهێنەری هونەری دەکا.سوارە به باشی ئەم زەروورەته فام دەکا و له چوارچێوەی ژیانی ئەدەبی خۆیدا دەینوێنێتەوە.کەوایه سوارە لەگەڵ ئەوەی وەک پێشەنگی شیعری نوێی کوردستانی ئێران دێره ئەژمار،دەتوانین وەک پێشەنگی رەخنەی ئەدەبیش نێودێری بکەین.
به گشتی سوارەی ئیلخانیزاده هەگبەیەکی دەوڵەمەندە له ئەزموون و دەربڕینی نوێ له شیعر و رەخنەی ئەدەبیدا که دەبێ زۆر شێلگیرانەتر لە لایەن ئەدیبان و نووسەرانەوە بخوێندرێتەوە.ئەگەر تەمەن زیاتر مەودای بەو شاعیرە دابایه،رەنگه ئاراستەی رەوتی نوێخوازی ئەدەبی به شوێنێکی دیکەدا رۆیشتبا.هەرچەن لەو ماوە کەمەشدا راسپێری خۆی به باشترین شێوە به ئەنجام گەیاندووە و ئەوە ئەرکی ئێمەیه که بە هەڵدانەوەی ئەزموونەکانی درێژه به هەردەم نوێبوونەوە بدەین و لەو ئەرکه گرینگ و مێژووییه پاشگەز نەبینەوە.
سوارەی ئیلخانیزادە دوای ململانەیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی له بەرفرانباری ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی و له شاری تاران به جوانەمەرگی سەر دەنێتەوە و ئێستاش لە گۆڕستانی بنەماڵەیی خۆیان له گوندی حەمامیانی بۆکان رووبەرێکی نوێی له "خەوەبەردینه" دەستەبەر کردووە.
نه،وەستان ئەوەستێ به دەستێ
که خاراوی ئێش و سواوی سوێ بێ!
له هەر شوێنێ راماوە،داماوە،کاری تەواوە!
ئەزانێ ئەبێ هەر بژێ و باژوێ،تا بژی،تا بمێنێ؛
هەناوی به هەنگاوە،نەسرەوتنه،کووڵەکەی ڕۆحی ئاوە!

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved