6/10/2020 11:35 PM

كتێبێكی توێژینەوە لەسەر "كوردو ئەمریكا" بڵاوكرایەوە

كتێبی "كوردو ئەمریكا.. پەرەسەندنی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە كوردی عیراق" لە دووتوێی 372 لاپەڕە پێكدێت و لەلایەن د.شیرین فواد مەعسوم-ەوە نوسراوە كە لە ساڵی 2007 وەك تێزی دكتۆراكەی لە زانكۆی دراساتی ئیسلامی لە لەندەن بەزمانی ئینگلیزی پێشكەشی كردووەو رزگاری عومەر عەلی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لە ساڵی 2011 چاپی یەكەمی كراوەو لەبەر گرنگی بابەتەكە بۆ جاری دووەم بە دیزاینی نوێوە چاپكراوەتەوە.  

ئەم كتێبە توێژینەوەیەكی وردو پوختە لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی (1918-2006) كە تێیدا بەوردی باس لە گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنێتی مامەڵەی لەگەڵ مەسەلەی كورد دەكات. هاوكات بەوردی باس لە خەباتی بزوتنەوەی كورد بەگشتی و بەتایبەتیش مێژووی خەباتی كورد لە عیراق لەنێوان ساڵانی (1918-2006) دەكات.

جێی باسە لەم توێژینەوەیەدا 36 لاپەڕەی تایبەتە بەو سەرچاوانەی لە كتێب و گۆڤارو رۆژنامە بیانییەكانی پەیوەست بە بابەتەكە بەكارهاتووە. لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەك لە ئەرشیفی ئەمریكا بۆ یەكەمجار بەڵگەو سەرچاوەی زۆر تایبەت بەكارهاتووە كە نوسەر هەوڵێكی جدی یاوە تا بەدەستیان بخات. بە وتەی نوسەر تا ساڵی 2001 ئەو بەڵگەنامانە لە ئەمریكا بە نهێنی ماونەتەوە.

دەربارەی چاپی دووەمی كتێبەكە د.شیرین فواد مەعسوم دەڵێت "لەم توێژینەوەیەدا زۆرترین سەرچاوەو بەڵگەی تایبەت لە ئەرشیفی ئەمریكا بەكارهاتووە كە تا ساڵی 2001 نهێنی ماونەتەوەو بۆ رایگشتی بڵاونەكراونەتەوە. كە من خۆم لە زانكۆی جۆرج واشنتن لە واشنت بەڵگەكانم بەدەستهێناوە. من یەكەم كەس بووم وەك ژنێكی كورد توانیومە ئەو سەرچاوانە بەدەستبهێنم و لەم توێژینەوەیدا بڵاویانبكەمەوە. نوسەر دەشڵێت: گرنگە توێژینەوە لەوبارەیەوە بكەین تا بزانین ئەمریكا چۆن لەگەڵ كورددا هەڵسوكەوتی كردووە، ئایا هیچ سیاسەتێكی بەرامبەر بە كورد هەبووە؟ هەروەها ئەم توێژینەوەیە چاوێكیش بە سیاسەتەكانی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە شێوەیەكی گشتی دەخشێنێتە‌وەو باس لەوەش دەكات كە چۆن واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێوەگلاوە، بەتایبەتیش لە عیراق ‌و ئێراندا.

خاك - پوكمیدیا





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved