10/10/2020 06:14 PM

ئایا ژن و پیاو دەتوانن تەنها "هاوڕێی ئاسایی" بن؟

ئایا ژن و پیاو دەتوانن هاوڕێی ئاسایی بن؟ ئەمە لەوانەیە یەکێک لەو پرسیارە سەرنجڕاکێشانە بێ کە هەمیشە باسی لێکراوە. هەر ئەو جۆرەی کە لە فیلمە بەناوبانگەکاندا بۆ نموونە "کاتێک هاری سالی بینی/ When Harry Met Sally" یان درامای "دۆستان/ Freinds" هەوڵ دراوە بخرێتە روو، وادیارە ژنان و پیاوان لەکۆتاییدا هەستی خۆشەویستیان بۆ یەک دەبێ.
هەر چەندەش هەوڵ بدەن هاوڕێیەتی لە خۆشەویستی جیا بکەنەوە، خەڵک هەمیشەی بە چاوی شک و گومانەوە سەیری ئێوە و رەگەزی بەرانبەرتان دەکەن. بەر لەوەی سەبارەت بەم بابەتە بکەونە مشت و مڕەوە. سەرەتا ئەم بابەتە بخوێننەوە.
ئەم بابەتە هەمیشە زەینی زانایانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ئەوان بەشوێن ئەو شتەوە بوون کە لە ناخی ژنان و پیاواندا روو دەدات. ئەگەرچی لەوانەیە ژنان لەسەر ئەو بڕوایە بن کە دوو رەگەزی بەرانبەر دەتوانن هاوڕێیەکی ئاسایی بن بەڵام پیاوان بۆچوونێکی دیکەیان هەیە.
"ئاپریل بلسکی-ریچک" مامۆستای بەشی دەروونناسیی زانکۆی "ویسکانسین"ـی ئەمریکا دەستی بە توێژینەوەیەک کردووە سەبارەت بەوەی کە ئایا ژنان راکێشی هاوڕێ پیاوەکانی خۆیان دەبن یان نا. ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەی راپرسییەکدا ئەنجام درا و دەرئەنجامی سەرنجڕاکێشی لێکەوتەوە.
وڵامەکان بۆ ئەم راپرسییە بەپێی پێوەرێکی 10 خاڵی بوو و دەرئەنجامەکان دەریان خست کە پیاوان زیاتر راکێشی "هاوڕێ" ژنەکانی خۆیان دەبن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ژنان کەمتر راکێشی "هاوڕێ" پیاوەکانی خۆیان دەبن. هەڵبەت ئەمە بە هۆی ساردبوونی ژنانەوە نییە؛ بەگشتی ئەوە پیاوانن کە ناتوانن پەیوەندییەکەی خۆیان لە ئاستی هاوڕێیەتییەکی ئاساییدا رابگرن و دواجار هەستی خۆشەویستیان بۆ هاوڕێ ژنەکانی خۆیان دەبێ.
لەڕاستیدا پیاوان لە زۆرینەی هەڵسوکەوتەکانی هاوڕێ ژنەکانیان بە هەڵە تێدەگەن. کەوابوو ئەگەر ژنێک لەگەڵ هاوڕێ پیاوەکەی خۆی مێهرەبان بێ، بەپێی ئەم توێژینەوەیە دوور نییە کە زۆر زوو لەگەڵ دانپێدانانە سۆزدارانەکەی ئەو پیاوە رووبەڕوو بێتەوە.
ئەوەی کە هاوڕێیەتی ئاسایی نێوان ژن و پیاو بابەتێکی نەگونجاوە کەم و زۆر لەلایەن زانایانەوە سەلمێندراوە و پەیوەندییەکی لەو چەشنە لەگەڵ سروشتی مرۆڤ تەبا نییە.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved