14/10/2020 05:35 PM

ئائۆدی Q8ـی هایبریدی؛ ئۆتۆمبێلە بەهێزە ئەڵمانییەکە

ئائۆدی Q8 rs پێشتر رەوانەی بازاڕ کراوە و وەکوو ئۆتۆمبێلێکی بەهێز رۆڵی خۆی گێڕاوە. ئەم ئۆتۆمبێلە بەهۆی 591 ئەسپەهێز وزە و 800 نیۆتۆن‌مەتر زەبرەوە بێ‌ڕکابەر دەنوێنێت بەڵام لەم دواییانەدا وەشانێکی هایبریدی نوێ لە ئائۆدی Q8 خراوەتە روو لە لە بواری توانایی تەکنیکییەوە خۆی لە بەهێزترین ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی نزیک کردووەتەوە.
ئائۆدی Q8 TFSI E Quattro ئۆتۆمبێلیکی کۆپەی هایبریدییە لە زنجیرەی مۆدێلەکانی Q8ـی بە شێوەیەکی دڵخواز کامڵ کردووە. ئەم ئۆتۆمبێلە لە دوو جۆری 55 و 60-E Quattroـدا بەرهەم دێت. ئەم دوو مۆدێلە خاوەنی بزوێنەرێکی تۆربۆشارژی 3 لیتریی 6 سیلەندەرین کە توانای بەرهەمهێنانی 340 ئەسپەهێز و 450 نیۆتۆن‌مەتر زەبری هەیە و بەردەوام لەلایەن مەکینەیەکی ئەلەکتریکی و باترییەکی لیتیۆمی 17.8  کیلۆوات/کاتژمێرەوە سەپۆرت دەکرێت.
مۆدێلی 60-E Quattro کە وەشانی بەهێزترە دەتوانێ لەگەڵ بزوێنەرە کارەباییەکە 462 ئەسپەهێز وزە و 700 نیۆتۆن‌مەتر زەبر بخاتە بەردەستی بەکارهێنەرەکەی و لە ماوەی 5.4 چرکەدا خێراییەکەی لە سفرەوە دەگاتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. مۆدێلی 55-E Quattroـش دەتوانێ 381 ئەسپەهێز وزە و 600 نیۆتۆن‌مەتر زەبر بەرهەم بێنێت و سفر تا 100 کیلۆمەترەکەشی 5.8 چرکەیە.
نرخی ئەم مۆدێلانەی ئائۆدی لە 75,351 دۆلارەوە دەست پێدەکا و دەگاتە نزیکەی 88,464 دۆلار. ئەم ئۆتۆمبێلە لەئێستادا تەنها لە بازاڕەکانی ئەوروپا دەست دەکەون.

 

سەرچاوە: motor1

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved