22/10/2020 04:47 PM

لەسێدارەدانی یەکەم ژنی ئەمریکی لە 70 ساڵی رابردوودا بەتاوانی هەڵدڕینی سکی ژنێکی دووگیان

ژنێک کە ژنێکی دووگیان دەکوژێ و بە هەڵدڕینی سکی کۆرپەلە لەدایک‌نەبووەکەی دێنێتە دەرەوە، یەکەم ژنی زیندانە فیدڕاڵەکانی ئەمریکایە کە لە 70 ساڵت رابردوودا لەسێدارە دەدرێت. "لیزا مۆنتگۆمری" کە بە درۆ گوتوویەتی دووگیانم، بەهۆی کوشتنی "بابی جۆ ستیەنت"ـی تەمەن 23 ساڵ لە دیسامبەری 2004ـدا، بە دەرمانێکی ژەهراوی لەسێدارە دەدرێت. خاتوو ستیەنت یەکەم دووگیانبوونی خۆی ئەزموون دەکرد کە لەلایەن مۆنتگۆمرییەوە بانگهێشتی ماڵەوە کرا. بکوژەکە لەدرێژەدا بە تەناف دەیخنکێنێت و بە چەقۆ سکی هەڵدەدڕێت و کۆرپەلەکە لە سکی دێنێتە دەرەوە.
پزیشکێک لە دادگا لەدژی ئەم ژنە بکوژە شایەتی داوە کە ستیەنت لەکاتی مەرگدا 8 مانگ بەسەر دووگیانییەکەیدا تێپەڕ بووە و ئەگەر هەیە لەو کاتەدا کە بکوژەکە خەریکی هەڵدڕینی سکی بووە بۆ دەرهێنانی مناڵەکە، هێشتاش زیندوو بووبێت. خاڵی جێی سەرنج لەم جینایەتەدا ئەوەیە کە ئەم مناڵە کچە کە ناوی 'ڤیکتۆریا جۆ"ـیە بەشێوەیەکی سەیروسەمەرە زیندوو دەمێنێتەوە. مۆنتگۆمری کە ئێستا تەمەنی 52 ساڵە پاش جینایەتەکەی خۆی کرد بە خاوەنی ئەو مناڵە بەڵام هەر لە شوێنی ژیانی خۆی لە "ملۆرن"ـی کانزاس دەزگیر کرا. ئەم بکوژە مانگێک پێش رووداوەکە لەگەڵ ستیەنت و هاوسەرەکەی ئاشنا دەبێت و پاشان لەڕێگای هەژمارێکی ساختەوە پەیوەندیی بە ستیەنتەوە دەگرێت بۆ ئەوەی یەک ببینن.
لە ئۆکتۆبەری 2007ـدا تەنها پاش 4 کاتژمێر، ئەندامانی دادگا مۆنتگۆمریان بەهۆی کوشتنی کەسێکی بێ‌تاوان بە تاوانبار ناسی و گوتەکانی ئەویان کە گۆیا لەکاتی ئەم رووداوەدا دۆخێکی دەروونی سەقامگیری نەبووە، رەد کردەوە. مۆنتگۆمری لەلایەن دادگاوە حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە و لەو کاتەوە چاەوەڕوانی جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەیەتی. ئێستا وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە کە "لیزا مۆنتگۆمری" تەنها حەوت هەفتەی دیکە مافی ژیانی هەیە و لە 8ـی دیسامبەردا حوکمەکەی جێبەجێ دەکرێت.
ئەگەر حوکمەکەی لیزا جێبەجێ بکرێت ئەو یەکەم ژنە کە لە دیسامبەری 1953ـەوە لەسێدارە دەدرێت. دوایین ژن کە لە ئەمریکا لەسێدارە درا "بانی هیدی" بوو کە لە تەمەنی 41 ساڵیدا کوڕێکی تەمەن 6 ساڵانی کوشت.

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved