تیدرۆس گیبریسۆس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هۆشداری ده‌داته ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌وتوونه‌ته نیوه خولگه‌ی باكووره‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت دۆخه‌كه بۆ ئه‌و وڵاتانه ناجێگر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی توشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید-19) رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه. گیبریسۆس له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راشیگه‌یاندووه، مانگه‌كانی داهاتوو یه‌كجار قورس ده‌بێت و بۆ هه‌ندێك وڵات جێگه‌ی مه‌ترسییه‌و له زۆرێك له‌و وڵاتانه‌دا حاڵه‌ته‌كان به شێوه‌یه‌كی خێرا زیاد ده‌كه‌ن و پێویستی به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی به‌په‌له هه‌یه. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوه‌كه داواش له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه ده‌كات ده‌ستبه‌جێ رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر له‌پێناو رێگریكردن له روودانی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر‌و داڕمانی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و داخستنی خوێندنگاكان. لای خۆیه‌وه، ماریا ڤان كیركۆف شاره‌زای بواری ڤایرۆسی كۆرۆنا له رێكخراوی ته‌ندروستی ئاشكرایكرد رێكخراوی ته‌ندروستی له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوودا 445 هه‌زار حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنای تۆماركردووه، به نزیكه‌یی نیوه‌ی له ئه‌وروپا تۆماركراون. راشیگه‌یاند: له هه‌ندێك له شاره‌كانی ئه‌وروپا، له هه‌فته‌كانی داهاتوودا به‌شه‌كانی سه‌رپه‌رشتیاری چڕ پڕده‌بن و توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆش ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی. وتیشی: پلانه‌كانی نێرده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ناسینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاژه‌ڵی ڤایرۆسه‌كه به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت، وا پێشبینی ده‌كرێت له رۆژانی داهاتوودا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی زانیاری زیاتر ئاشكرابكه‌ن. خاك - ئاژانسه‌كان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure