28/10/2020 03:43 PM

فیل و کەر؛ هێمای سەرەکی دوو حزبە سیاسییەکەی ئەمریکا

هەر کات لە ئەمریکا هەڵبژاردن دەکرێت وێنەی فیل و کەر لە رێکلامە سیاسییەکاندا دێنە بەر چاو. بەڵام ئەم وێنانە هێمای چین و پەیوەندی ئەمانە لەگەڵ سیاسەت چییە؟ لە ئەمریکا کەر هێمای دیموکراتەکان و فیل هێمای کۆمارییەکانە و لە ساڵی 1853ـەوە تا ئێستا سەرجەم سەرۆک‌کۆمارەکان سەر بەم دوو لایەنە بوون.
دەگوترێ ئەو فیلەی هێمای کۆمارییەکانە یەکەم جار لە یەکێک لە رۆژنامەکانی "ئیلینۆی" ئەمریکا لە ماوەی کەمپینی هەڵبژاردنی "ئابراهام لینکۆڵن" لە ساڵی 1860ـدا بڵاو بووەوە و ئەگەر هەیە هێمای خۆڕاگری بێت.
سەبارەت بە کەری دیموکراتەکانیش دەبێ بڵێین کە بەپێی لێدوانەکان یەکەم جار لە یەکێک لە کەمپینەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 1828ـدا وێنەی ئەم ئاژەڵە بەکارهاتووە و پاش ئەمە "ئاندرۆ جاکسۆن" کە یەکێک لە بەربژێرەکانی حیزبی دیموکرات بوو، ئەم وێنەیەی لە پۆستری ریکلامەکانی خۆیدا بەکار هێنا. جاکسۆن یەکێک لە کەسایەتییە سەربازییە خۆشەویستەکان بوو (پاش سەرکەوتنەکانی لە شەڕی ساڵی 1812 و یەکەم شەڕی سمینۆل). ئەو لەم پەیوەندییەدا کەمپینێکی رێک خست بە دروشمی: لێگەڕێن با خەڵک حکومەت بکات.
بەڵام دژبەرانی جاکسۆن هێرشیان کردە سەر و ئەویان بە پۆپۆلیست ناوزەد کرد و نازناوی "Jackass" یان پیاوی گەمژەیان لێنا. بەڵام جاکسۆن زۆری حەز بەم نازناوە دەکرد و کەری کە هێمای جۆرێک گەمژەیی بوو وەکوو هێمای کەمپینەکەی خۆی هەڵبژارد.
لە 7ـی نۆڤەمبەری 1874ـدا "تۆماس نەست"ـی کاریکاتۆریستی ئەمریکی بە بڵاوکردنەوەی کاریکاتۆرێک کە وێنەی ئەم دوو ئاژەڵەی تێدا بوو، ئەم دوو ئاژەڵە بۆ هەمیشە بوون بە هێمای سەرەکی ئەم دوو حیزبە سیاسییە لە ئەمریکا.

 

سەرچاوە: rferl

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved