31/10/2020 12:19 PM

کارەساتی ئەمڕۆ و بیرچوونەوەی سبەی!

لەوانەیە ناخۆشترین و پڕژانترین ئەخلاقی مرۆڤ بیرچوونەوە و ئاسایی‌بوونەوە بێت. کاتی خۆی مەرگێکی نامۆ، شار و تەنانەت وڵاتێکی دەهەژاند، بەڵام ئێستا مەرگە نامۆکان لە هەموو سەردەمێک ئاسایی‌تر و سروشتی‌ترن. مەرگ لە دڵی دەریادا، مەرگ بە پەنجەکانی باوک و مێرد، سە ربڕین، سووتاندن و هتد.
سەرەتاکانی شەڕی داعش لە سوریا بوو کە دۆسیەی "ئایلان کوردی" رووی هەموو کامێراکانی جیهانی بەرەو خۆ وەرسووڕاند. ئەو مناڵە شلکە شەقڵ‌نەبەستووەی شەپۆلەکان هێنایانەوە بۆ کەنار و ئەویش رووەو دەریا بە ئارامی لێی نوست؛ تا ئەوەی کە جندرمەیەک کە خۆی هۆکاری راستەوخۆی ئاژین کردنی مەرگە بە لەشی ئایلانەکاندا، خۆی، بە دەستە نەگریسەکانی ئایلان لە ئامێز دەگرێت و وێنە و ڤیدیۆی لێ تۆمار دەکات. شۆک بوو! بۆ زەوی بۆ ئاسمان بۆ درەخت بۆ باڵندە و تەنانەت بۆ دەریاش؛ بەڵام بۆ مرۆڤ نا. ئەویش وەک دەیان و سەدان و هەزاران و ملیۆنان کارەساتی لەم چەشنە کەوتە بن ددانە تیژەکانی "ئاسایی‌بوونەوە" و ورد و خاش بوو.
ئێستاش توێژێکی دی لەم زامە تاهەتاییەی کورد و گشت چەوساوەکانی جیهان لێبۆتەوە. ئەمجارەیان نەک کەسێک و دوو کەس بەڵکوو بنەماڵەیەکی تۆکمە و تەیار. ئایلان رۆژاوای نوقمی دەریا کرد و بنەماڵە سەردەشتییەکە رۆژهەڵاتیان شەڵاڵی کەنارەکانی فەڕەنسا کرد.
رەسووڵ و شیوا و 3 مناڵەکەیان(ئانیتا و ئارمین و ئارتین) گوتیان قوڕگە بریندار و کیمیابارانکراوەکەی سەردەشت جێدەهێڵین و لاپەڕەکانی دیکەی ژیانمان لە رۆژاوای جیهان هەڵدەدەینەوە. ئەوان خانووە بچووکەکەی خۆیان فرۆشت و پاش قەرز و فەڕزێکی زۆر، دواجار پارەی سەفەری مەرگیان کۆ کردەوە و گیانیان خستە ناو مستی دەریاوە.
ئەم هەواڵە کارەساتاوییەش وەکوو هەموو هەواڵە دڵ و ناخ‌تەزێنەکانی دیکە پاش ئەوەی میدیا و دەزگا هەواڵنێرییەکان تێریان لێخوارد، کاڵ دەبێتەوە و وردەوردە لەناو دەچێت. هۆکارەکانی ئەم بابەتە هەندێکیان روون و هەندێکیان ناڕوونن. هەندێکیان ناوچەیین و هەندێکیان جیهانی. بەڵام ئەوەی وا روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە شەڕ و ناسەقامگیریی ئابووری-سیاسییە کە مرۆڤەکان هان دەدا بۆ گەشتی لەم چەشنە، بۆ لە ئامێزگرتی مەترسییەکی ئاوەها.
با بیر بکەینەوە. بەشکم لەم بیرکردنەوانەدا هەتوانێک بۆ ئەم دەردانە بدۆزرێتەوە، برینەکان برین‌پێچ بکرێت و تیشکی بەختەوەری لەباوەشمان بکات.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved