1/11/2020 06:18 PM

جەلال مەلەکشا؛ جێماوەکەی ئەدەبی بەرگری

ئەدەبی بەرگری ئەگەرچی وەکوو ژانرێکی تایبەت قورسایی و پێگەی خۆی هەیە لە ئەدەبیاتی جیهاندا، بەڵام لە ساحەی کردەوەدا کەمن ئەو گەلانەی وا ئەدەبی بەرگری تەنها کەرەستەیەکی کاتی بۆ شۆڕش و سەرهەڵدانە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان نییە و دەبێتە بەشێک لە شوناسی نەتەوەییان. نەتەوەی کورد بە هۆی ئەو ژینگە-جیهانە تایبەتەی هەیەتی یەکێک لەو گەلانەیە کە ئەدەبی بەرگری بەردەوام بە دەمارەکانیدا گەڕاوە و زیاتر لە "ئەدەبیات" رۆڵی لە بزاوتە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە.
ئەو بابەتەی سەرەوە ئەگەرچی وەکوو خاڵێکی چەسپاو لە مێژووی ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردیدا رەچاو دەکرێت بەڵام بێگومان کواڵیتی ئەم شتە لە هەموو سەردەمەکانی ژیانی مرۆڤی کوردا وەکوو یەک نەبووە. سەدەی بیستەم سەدەی سەرهەڵدانە جۆراوجۆۆرە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان بوو. بەتایبەت شەپۆلی سۆسیالیزم کە باڵی بەسەر چوار قوڕنەی جیهاندا کێشابوو. گەلی کوردیش هاوتەریب بەڵام هێورتر لە گەلانی جیهان بەر شەپۆلە گۆڕانخواز و سەربزوێنەکان کەوت و لەم نێوەندەدا ئەدەبیاتی بەرگری رۆحێکی تازەی بەر بەردا کرا.
حاجی قادر پێشتر ئازارەکانی گەلی کوردی لە توێی هەڵبەستەکانیدا خویا کردبوو، بەڵام شەپۆلە گۆڕانخوازەکانی سەدەی بیستەمی کورد تەنها لە چوارچێوەی بیرێکی نەتەوەیی-عەشیرەییدا نەمایەوە(یان نەیویست بمێنێتەوە) و هەر بۆیە ستایل و جۆری بەرگری و خەباتەکەشی گۆڕانی بەسەردا هات و ئەم گۆڕانە بێگومان ئەدەبیاتەکەشی گرتەوە.
لەم سەردەمەدا لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و شاعیر و رۆشنبیر رووبەڕوو دەبینەوە کە جگە لە خولیا نەتەوەییەکان، پرسی مرۆڤ بەگشتی دێننە ئاراوە. دیارە لە رواڵەتدا ویستی و داخوازی نەتەوەیی زاڵە بەڵام هەرچی بێت لەگەڵ ئەو تێڕوانینە تەسکەی پێشوو جیاوازی هەیە. بەرەی روانگە و بەتایبەت شێرکۆ ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم گۆڕانەن. پەشێو شاعیری تووڕە و زیزی ئەم رەوتەیە و دەیان و سەدان کەسی دیکە کە هەر کامەیان ئەستۆندەگی ئەدەبی بەرگریی هاوچەرخی کوردیان پێکهێناوە.
جەلال مەلەکشا لە رۆژهەڵات یەکێک لە نوێنەرانی ئەم رەوتە بوو کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ژیانی شلوێ نەبوو و ئەدەبیات لای ئەو واتە بەرخۆدان و بەرخۆدانیش واتە ئەدەبیات. لێک‌ئاڵقانی ئەدەبیات و پرسە کۆمەڵایەتی سیاسییەکان لای ئەم جیلە تایبەتمەندیی سەرەکی نووسراوەکانیان بوو.
بەڵام ئەمڕۆ ئەم تێڕوانینە بۆ ئەدەبیات لەگەڵ ئەوەی زەروورەتە بەڵام وەکوو بابەتێکی کلاسیک دێتە ئەژمار و کەمتر شاعیر و نووسەرێک دەبینین کە راستەوخۆ پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بدرکێنێ و هاواریان بۆ بکات. بەم پێیه دەتوانین بڵێین جەلال مەلەکشا یەکێک لە دوایین بەجێماوانی ئەم چەشنە ئەدەبیاتە بوو کە مێژووی کورد زۆری پێ قەرزدارە، بەڵام تەکووزی نوێی جیهانی دەرفەتی هەناسەهەڵمژینی لێ زەوت کردووە و لە باشترین حاڵەتدا لە چوارچێوەی بلوورینی مۆزەخانەکاندا قەتیسی کردوون.
یاد و ناوی ئەو مەزنەشاعیرە نەسرەوتوو و پێنووس‌پاکە بەرز و بەڕێز بێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved