زۆربەمان لە رۆڵی ڤیتامین D لەسەر تەندروستی ئێسک ئاگادارین. ئەم ڤیتامینە یارمەتیدەری جەستەیە بۆ رێکخستنی خووەکان، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و کۆنتڕۆڵکردنی ورووژانەکان؛ کەوابوو پێدەچێ ڤیتامین D رۆڵێکی بەرچاوی لەسەر کواڵیتی خەو هەبێت؛ لەم رووەوە کەمیی ڤیتامین D گرفت بۆ پرۆسەی خەو دروست دەکات. کۆمەڵێک توێژینەوە سەبارەت بە کاریگەریی ڤیتامین D لەسەر خەو ئەنجام دراوە. توێژینەوەیەکی نوێ دەریخست کەمیی ڤیتامین D لەگەڵ کورتبوونەوەی کاتی خەو پەیوەندی هەیە. ئەم کاریگەرییە لە کەسانی تەمەن 50 ساڵدا زیاتر بوو. زیاتر لە نیوەی بەشداربووان لەم توێژینەوەیەدا کەمیی ڤیتامین Dـیان هەبوو. کەمیی ڤیتامین D یەکێک لە کێشە باوەکانی زۆرینەی کۆمەڵگاکانە. ساڵی 2018 زانایانی زانکۆی "چینگدائۆ"ـی چین دەرئەنجامی چەندین توێژینەوەیان تاوتوێ کرد بۆ ئەوەی لە رۆڵی ڤیتامین D لە دەستەبەربوونی خەوێکی کواڵیتی بەرز تێبگەن. بەپێی ئەم دەرئەنجامانە، پەیوەندییەکی چڕ لەنێوان کەمیی ئەم ڤیتامینە و کەمخەویدا هەیە. بەپێچەوانەی ڤیتامینەکانی دیکە، گرنگترین سەرچاوەی ڤیتامین D خۆراکەکان نییە، بەڵکوو تیشکی خۆرە. کاتێک جەستە دەکەوێتە بەر تیشکی خۆر، دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی ڤیتامین D. هەر بۆیە دەکرێ ڤیتامین D لە گرووپی هۆرمۆنەکاندا ریزبەندی بکەیت. جگە لە تیشکی خۆر، ماسییە چەورەکان، زەردێنەی هێلکە و ئەو خۆراکانەی بە ڤیتامین D پیتێندراون، سەرچاەکانی وەرگرتنی ئەم ڤیتامینەن.
سەرچاوە: thesleepdoctor، bt
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure