7/11/2020 06:29 PM

ئایا دانیمارک دەبێتە سەرچاوەی دووەمی سەرهەڵدانی کۆرۆنا؟

وڵاتی دانیمارک سەرجەم فسۆس(Mink)ـەکان خۆی کە ژمارەیان 17 ملیۆنە بەهۆی دۆزینەوەی جۆرێکی جیاواز لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشێکیاندا، لەناو دەبات. حکومەتی دانیمارک رایگەیاندووە لە ترسی دەسپێکی دووبارەی ئێپیدێمی لە جیهاندا ئەو کارەی ئەنجام داوە.
بەگوتەی حکومەتی دانیمارک، ئەم ڤایرۆسە گۆڕدراوە کە سەرچاەەکەی کێڵگەکانی پەروەردەی فسۆسە، لانی‌کەم 12 کەسی تووش کردووە. سەرۆک‌وەزیرانی دانیمارک رایگەیاند کە ئەم جۆرە نوێیه دەتوانێ لەداهاتوودا کاریگەریی ڤاکسینی کۆڤید-19 پووچەڵ بکاتەوە
بەگوتەی بەرپرسانی دانیمارکی، بەگشتی 400 حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە کە پێدەچێ پەیوەندی بە کێڵگەکانی پەروەردەی فسۆسەوە هەبێت.
دانیمارک بۆ لەناوبردنی ئەم فسۆسانە پۆلیس، سوپا و هێزە تایبەتە ناوخۆییەکان بەکار دێنێت. ئەم وڵاتە کە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی فسۆس(مینک)ـە، لانی‌کەم 1,200 کێڵگەی پەروەردەی ئەم بوونەوەرە هەیە کە ژمارەیان 17 ملیۆن دانەیە. بەپێی خەمڵاندنەکانی حکومەتی دانیمارک ئەم لەناوبردنە دەتوانێ 875 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری ئەم وڵاتە بگەیەنێت.
سەرۆک‌وەزیرانی دانیمارک گوتی: "ئێمە بەرپرسایەتیەکی گەورەمان هەیە لەبەرانبەر خەڵکەکەی خۆمان و بەرپرسایەتییەکی گەورەتریش لەبەرانبەر خەڵکی جیهاندا."
"کارە مۆلبەک"ـی ئێپیدێمۆلۆژیستی دیاری دانیمارکی هەفتەی رابردوو گوتی: "لە خراپترین حاڵەتدا، ئەم ئێپیدێمییە جارێکی دیکە لە دانیمارکەوە سەرهەڵدەدا."
زانایان حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تا ئاستی 20٪ لە کیڵگەکانی فسۆس لە دانیمارک دۆزیوەتەوە. ئەم وڵاتە لە مانگی ژووەنەوە تا ئێستا هەزاران سەر لەم بوونەوەرەیان لەناو بردووە.
هەڵبەت دانیمارک تەنها وڵاتێک نییە کە فسۆسەکانی لەناو بردووە. سپانیا لە مانگی جولایدا، پاش دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە لە کێڵگەیەک لە باکووری ئەم وڵاتە 100هەزار سەری لەناو برد و هۆڵەنداش دەیان هەزار سەر فسۆسی تا ئێستا لەناو بردووە.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved