7/11/2020 11:14 PM

پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له‌ سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌

بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌یادی ساڵیادی دامه‌زراندنی سلێمانیدا، پێشانگای نێوده‌ڵه‌تی كتێب له‌ سلێمانی بكرێته‌وه‌و ماوه‌ی 10 رۆژ به‌رده‌وامبێت، له‌ رۆژی 18-11-2020 له ‌سه‌عات 10:00ی به‌یانی پێشانگای نێوده‌ڵه‌تی كتێب له‌ سلێمانی بكرێته‌وه‌و له‌ 27-11-2020 كۆتایی پێدێت.

شه‌وقی عومه‌ر مه‌حمود به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و ماركێتین له‌ پێشانگای نێوده‌ڵه‌تی سلێمانی رايگه‌یاندووه: وه‌ك پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌ گرێبه‌ستێكی 15 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی سلێمانیدا ئه‌م پێشانگایه‌مان گرتووه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ جۆره‌ها پێشانگای تیا بكه‌ینه‌وه‌، له‌وانه‌ش (پێشانگای كتێب و كشتوكاڵ و ده‌رمان و به‌روبومی خۆراكی.. هتد)، بۆ ئه‌مساڵیش یه‌كێك له‌ چالاكییه‌كانمان به بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی شاری سلێمانییه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌یادی دامه‌زراندنی سلێمانیدا، ساڵانه‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب ده‌كه‌ینه‌وه‌، ساڵی پار خولی یه‌كه‌می بوو بۆ ئه‌مساڵیش خولی دووه‌مێتی كه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

وتیشی: بۆ ئه‌مساڵ كه‌ خولی دووه‌مێتی نزیكه‌ی له‌ 15 وڵاته‌وه‌ به‌شداریكردن هه‌یه‌ له ‌پێشانگاكه‌دا له‌وانه‌ توركیاو ئێران و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپیش به‌شدارن له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتی ئه‌فریقیدا زۆربه‌ی دارنه‌شره‌كان له‌ پسپۆڕه‌ جیاوازه‌كان، له‌وانه‌ یاساو كلتورو رۆشنبیری و ئاین و مێژوو و مرۆڤناسی و ده‌روونزانی و كۆمه‌ڵناسی و چه‌ند بوارێكی تر له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه‌ له‌ پێشانگاكه‌دا به‌شدارده‌بن، به‌ هه‌موو زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان و وڵاتانی دراوسێمان له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ به‌ زمانی كوردی و زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و توركی كتێب به‌رده‌ست ده‌بێت بۆ خوێنه‌ران.

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و ماركێتین له‌ پێشانگای نێوده‌ڵه‌تی سلێمانی راشیگه‌یاندووه: له‌هه‌مانكاتدا پێشانگا داشكاندن و ئۆفه‌ری تایبه‌تی داوه‌ به‌ كوردانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، چونكه‌ ئه‌م پێشانگایه‌ی سلێمانی ئێستا كه‌ ده‌سته‌خوشكی سنه‌و شاره‌ به‌ناوبانگه‌كانی تری جیهانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه ‌ده‌كه‌ین كه‌ به‌شداربووانمان له‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواو باكوری كوردستانیشه‌وه‌ به‌شداربن، بۆ ئه‌وه‌ش به ‌خۆشحاڵییه‌وه‌ كارئاسانیمان بۆ كردوون، له‌ پێشانگاكه‌دا داشكاندنیان بۆ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بێن له‌ پێشانگای كتێبدا به‌شداربن.

هه‌روه‌ها وتی: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مساڵ گرفتی كۆرۆنا هه‌یه‌، به‌ڵام پێشانگا به‌ سه‌رپه‌رشتی پارێزگای سلێمانی و قائیمقامیه‌ت و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان و وه‌زاره‌تی ناوخۆو له‌سه‌وروی هه‌موویانه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌به‌ر جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێت.

وتیشی: له‌ ساڵی پاردا رۆژانه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ 10 بۆ 20 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن، ئه‌مساڵ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خه‌ڵكێكی زۆرتر سه‌ردانی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب بكه‌ن، ئه‌م پێشانگایه‌ سلێمانی ده‌كات شوێنی جموجۆڵێكی بازرگانی و كلتوری زۆر گه‌وره‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی له ‌سه‌رتاسه‌ری عیراقه‌وه‌و له ‌هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواو باكوری كوردستانیشه‌وه‌ سه‌ردانكار ده‌بێت، هه‌روه‌ها چه‌ندین كۆمپانیای گه‌شتیاری بواری گه‌شتوگوزار له ‌ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراقه‌وه‌ له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاران بێن بۆ سه‌ردانی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له‌ سلێمانی، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌م پێشانگایه‌وه‌ زۆرترین كتێب و سه‌رچاوه‌ بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆكان ده‌سته‌به‌ر بكرێت بۆ خوێندن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ وڵاتانی دراوسێمان پێشانگای كتێبی زۆر پێشكه‌وتوویان هه‌یه‌ له‌ سلێمانیدا به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وه‌كو كۆمپانیای ئه‌تڵه‌س ئه‌سیل ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ خولی دووه‌می پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێبه‌، لێره‌وه‌ چاوه‌ڕوانیمان له‌ هه‌موو ده‌زگاكانه‌ هه‌موویان بێ جیاوازی هاوكارمان بن له‌رووی مه‌عنه‌وی و ئیداری و كارئاسانییه‌وه‌، به‌ڵام له‌رووی لۆجستی و ماددیی و سپۆنسه‌رو تێچووه‌وه‌ هه‌مووی كۆمپانیای ئه‌تڵه‌س ئه‌سیڵ پێشانگاكه‌ ده‌بابه‌ڕێوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین رووداوێكی گه‌وره‌بێت وابكات كه‌ هه‌لێكی كاری زۆر له‌ سلێمانیدا بڕه‌خسێنێت، به‌تایبه‌تی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ سلێمانیدا جوڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات، بۆ نموونه‌ له‌ساڵی پاردا له‌ ماوه‌ی 15 بۆ 20 رۆژی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێبدا هۆتێل و رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی بوژانه‌وه‌یه‌كی باشیان به ‌خۆیانه‌وه‌ بینی، كه‌ چه‌ندین میوان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هاتنه‌ ئه‌م شاره‌ به‌روبومی ناخۆیی سلێمانیان ده‌كڕی و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یانبرده‌وه‌، هه‌روه‌ها كه‌رتی گواستنه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان جوڵه‌ی تێكه‌وتبوو بوژابووه‌وه‌ هه‌لی كاری كاتی و وه‌رگێڕان ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌شی خۆی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌شداریكرد له‌ ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ شاری سلێمانی.

ئاشكراشیكرد، پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له‌ سلێمانی له‌ 18 بۆ 27 ی مانگی 11-2020، واته‌ ماوه‌ی 10 رۆژ به‌رده‌وامده‌بێت، له رۆژی 18-11-2020 له ‌سه‌عات 10:00ی به‌یانی پێشانگای نێوده‌ڵه‌تی كتێب له‌ سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌.

خاك - پوكمیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved