8/11/2020 02:50 PM

هەژماری تویتەری ترەمپ سنووردار دەکرێت

بەپێی سیاسەتە نوێیەکانی تویتەر، ئەو هەژمارانەی هی کەسایەتییە سیاسییەکانە بۆ نموونە دۆناڵد ترەمپ بە هیچ شێوەیەک سنووردار ناکرێن. بەڵام ئەم کۆمپانیایە رایگەیاندووە لەگەڵ چوونەدەری ترەمپ لە کۆشکی سپی، هەژمارەکەی سنووردار دەکرێتەوە. لەڕاستیدا پاش ئەوەی سەرۆکی نوێ واتە "جۆ بایدن"، لە پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 20ـی ژانویەی 2021 بەفەرمی پۆستی سەرۆکایەتی وەردەگرێت، تویتەر ئیتر سیاسەتی "Public Interest" لە هەژمارەکەی ترەمپدا جێبەجێ ناکات.
تویتەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ Engadget گوتوویەتی سیاسەتی Public Interest تایبەتە بە رێبەران و بەربژێرەکانی ئێستای جیهان و بۆ کەسانێک کە ئیتر لەم پێگەیەدا نەماون، جێبەجێ ناکرێت.
تویتەر تا ئێستا کۆمەڵێک کاری بۆ سنووردار کردنەوەی کارتێکەری ترەمپ لە پلەتفۆرمەکەی خۆیدا ئەنجام داوە؛ بۆ نموونە تویتەر تویتە سەیرەکانی ئەو دیاری دەکا و یان ئەوانەی وا دەبنە هۆی توندوتیژی، لە چاوی بەکارهێنەران دەشارێتەوە. تویتەر هەر لەم ماوە کورتەی هەڵبژاردنانەدا شەش تویتی ترەمپ کە سەبارەت بە فێڵبازی لە هەڵبژاردنەکاندا بوو، شاردەوە.
سیاسەتی Public Interest و کاری لەم چەشنە، بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس تویتەر بە تۆڵەسەندنەوە لە ترەمپ و هاوپەیمانە سیاسییەکانی ئەو تۆمەتبار بکەن. سنووردارکردنەوەی هەژمارەکەی ترەمپ لەلایەن تویتەرەوە بابەتێکی دوور لە چاوەڕوانی نەبوو. بەم حاڵەوە ترەمپ هێشتاش لاینگرانێکی زۆری هەیە و بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی خۆی زۆری پاڵ بە سۆشیاڵ میدیاوە داوە. هەر بۆیە هەندێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە ئەگەری سنووردارکردنەوەی هەژمارەکەی ترەمپ، هەنگەمەیەکی گەورە دروست دەبێت. 

 

سەرچاوە: engadget

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved