12/11/2020 07:24 PM

چەند رێکار بۆ تەندروستیی سییەکان

سییەکان گرنگترین بەشی کۆئەندامی هەناسەن و کاتێک کێشەیەک لە کاکردی ئەم ئەندامە گرنگەدا روو دەدات، کەسەکە لەگەڵ گرفتی تەندروستیی جیدی رووبەڕوو دەبێتەوە. بەرزکردنەوەی رادەی توانایی سییەکان بۆ پاڵاوتنی خوێن واتە وەرگرتنی ئۆکسجین و خستەدەری CO2 خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی گشتیی جەستە. لەدرێژەدا لەگەڵ هەندێک لەو شێواز و رێکارانە ئاشنا دەبین کە توانایی سییەکان بەرز دەکەنەوە.

بەکارهێنانی ڤیتامین
بەپێی هەندێک توێژینەوە، بەکارهێنانی ڤیتامین بۆ نموونە ڤیتامین D بۆ ئەوە کەسانەی تووشی نەخۆشیی گیرانی سییەکانن زۆر بەسوودە و رادەی توانایی سییەکانیان بەرز دەکاتەوە. بەپێی دەرئەنجامی توێژینەوەکان، بە زیاد کردنی ڤیتامین D لە بەرنامەی خۆراکی ئەم کەسانە، لە تەنیشت دەرمانەکانی دیکە، هەندێک لە نەخۆشەکان هەستیان بەوە کردووە کە تواناییەکان بۆ وەرزشکردن بەرز بووەتەوە.

بوونی متمانەبەخۆیی
توێژینەوەکان دەریانخستووە متمانەبەخۆیی رۆڵێکی گرنگی لە رادەی کاریگەریی ورزش لە چارەسەریی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکانی سی هاتوون هەیە. لەم توێژینەوەیەدا، توێژەران بەشداربووانیان کردە سێ گرووپ. گرووپێک تەنها راهێنانی وەرزشیان ئەنجام دا لە بەشەکانی سەرەوەی جەستەدا. گرووپی دووەم لە تەنیشت ئەو راهێنانەی لەسەر کورسی ئەنجام دەدرێن، فێرکاریی تەندروستیشیان ئاراستە کرا. گرووپی سێهەم هەم راهێنانی قورسی وەرزشیان ئەنجام دا و هەم لە بەرنامەکانی بەرزکردنەی رادەی متمانەبەخۆیی بەشداریان کرد. لە کۆتایی توێژینەوەکەدا دەرکەوت گرووپی سێهەم زیاتر پێشکەوتنیان لە پرۆسەی چارەسەرییەکەیاندا دەستبەر کردووە.

پاکوخاوێنی ماڵەوە
تۆز و خۆڵ، غازە کیمیاوییەکان و شتی لەم چەشنە نیشانەکانی نەخۆشی زیاتر دەکەن؛ کەوابوو پاکوخاوێی ماڵ گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەو شتانەی تۆز لەخۆ دەگرن بەکارمەهێنن. دۆشەک و بالنج بخەنە ناو کاوێرەوە و بەتانییەکان لە ئاوێکی گەرمدا بشۆرن. کاتێک هەوای دەرەوە ژەهراوییە پەنجەرەکان دابخەن و بەگشتی هەوڵ بدەن دەوروپشتی شوێنی ژیان پاک بێت.

 

سەرچاوە: medicalnewstoday، healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved