14/11/2020 09:49 PM

كتێبی ئێمیل زۆلا بڵاوكرایه‌وه‌

كتێبی ئێمیل زۆلا نووسه‌رو بیرمه‌ندو چالاكوانێكی مه‌ده‌نی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نساو جیهان بڵاوكرایه‌وه.‌

ئه‌م كتێبه‌ له‌ نووسینی ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵایه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیره‌ له‌باره‌ی نووسه‌ری مه‌زنی فه‌ره‌نساو جیهان "ئێمیل زۆلا".

نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا باسی ژیانی شه‌خسی و شێوازی نووسین و تێڕوانینی ئێمیل زۆلا بۆ ئه‌ده‌ب به‌گشتی و شانۆو رۆمان و كورته‌چیرۆك به‌تایبه‌تی ده‌كات.

هه‌روه‌ها باسی مه‌زهه‌بی سروشتگه‌رایی ده‌كات كه‌ زۆلا خۆی دامه‌زرێنه‌ریه‌تی، جگه‌له‌وه‌ش باسی ژیانی رۆژنامه‌وانی و تێڕوانینی بۆ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری فه‌ره‌نسی له‌وانه‌ ڤیكتۆر هۆگۆ، به‌لزاك، ستاندال" له‌هه‌مانكاتیشدا باسی فكری سیاسی زۆلا له‌باره‌ی "ئایین، ده‌سه‌ڵات، شه‌ڕه‌نگێزی، كۆمۆنیزم، ئانارشیزم، كاتۆلیزیم" ده‌كات.

له‌ به‌شێكیشدا به‌درێژی باسی كێشه‌ی دریفوس ده‌كات، كه‌ زۆلا داكۆكی له‌ ئه‌فسه‌رێكی بێتاوانی جوله‌كه‌ی فه‌ره‌نسی ده‌كات، زیاتریش زۆلا به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ جیهاندا ده‌ناسرێت.

له‌ دوابه‌شیشدا نووسه‌ر خوێندنه‌وه‌ی بۆ 10 رۆمانی زۆلا كردووه‌.

كتێبه‌كه‌ له‌ دووتوێی 250 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ مامناوه‌ند پێكهاتووه‌و له‌لایه‌ن ناوه‌ندی سارا بۆ چاپ و په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ چاپكراوه‌.

خاك - پوكمیدیا




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved