19/11/2020 12:05 AM

كتێبی تێگه‌یشتن له‌ ڕۆمان

گفتوگۆی شاخه‌وان سدیق له‌گه‌ڵ عه‌لی عوسمان یه‌عقوب ده‌رباره‌ی پرسه‌ ئاڵۆزو ته‌كنیكه‌ جیاوازه‌كانی ڕۆمان

ئه‌م كتێبه‌ به‌رهه‌می كاری ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌ده‌بیه‌و پێكهاتووه‌ له‌ دیدارێكی ئه‌ده‌بی درێژی نووسه‌ر  ڕۆژنامه‌نووس شاخه‌وان سدیق له‌گه‌ڵ عه‌لی عوسمان یه‌عقوب ده‌رباره‌ی ژانری ڕۆمان، كتێبه‌كه‌ قه‌باره‌ی 230 لاپه‌ڕه‌یه‌و له‌لایان (زاری)ه‌وه‌ كاری دیزاینی ناوه‌وه‌و به‌رگه‌كه‌ی بۆ كراوه‌و له‌ چاپخانه‌ی كارۆ له‌ سلیمانی چاپكراوه‌و له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له‌ كۆشكی نووسیارو كه‌پر ده‌ستده‌كه‌وێت.  

شاخه‌وان سدیق ده‌رباره‌ی كاره‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م كتێبه‌ ئیشكردنێكی وردی ئێمه‌یه‌ ده‌رباره‌ی ورژاندن و دووباره‌ پیاچونه‌وه‌ به‌ پرسی ڕۆمان و ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی تائێستا بۆ پرسی (پێگه‌ی خه‌یاڵ له‌ ڕۆمان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ڕۆماننووس له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی، ئاماژه‌و به‌كارهێنان و هۆكاری توندوتیژی له‌ ڕۆمان، پێگه‌و بایه‌خی ئایین و ئه‌فسانه‌و زمان بۆ ڕۆمان، ڕۆڵی خوێنه‌ر له‌ ده‌ستنیشانكردنی مانا، به‌كارهێنانی ته‌كنیكی ده‌قئاوێزان، جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی شووناس و پێگه‌و ئه‌ركه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ڕۆمان) و چه‌ندان پرسی تر، كتێبه‌كه‌ به‌رهه‌موو شه‌ونووخونی و دڵسۆزی و ماندووبونی هه‌ردوكمانه‌و دڵسۆزانه‌ كارمان له‌سه‌ر كردووه‌، من بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم كارێكی وابكه‌م و زانستیانه‌ پرسیاره‌كان داڕێژم به‌ ده‌یان كتێبم ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندۆته‌وه‌و له‌كاتی كاركردن له‌ كتێبه‌كه‌دا ته‌واوی كاتی خۆم بۆ ته‌رخانكردووه‌. به‌بڕوای من ئه‌م كتێبه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ باشترین سه‌رچاوه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌. كتێبه‌كه‌ ئێستا ئاماده‌یه‌و به‌مزوانه‌ ده‌برێته‌ چاپخانه‌و دواتر بڵاوده‌بێته‌وه‌.

له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا لێكۆله‌رو وه‌رگێڕ (عه‌لی عوسمان یه‌عقوب) ده‌ڵێت: گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ڕۆمان له‌ڕێگه‌ی پرسیاركردن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ كارێكی هێنده‌ ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تی كاتێك پرسیاركه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێكی به‌په‌رۆش بێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و شاره‌زای دنیای ڕۆمان بێ و خوێنه‌رێكی جیددی ئه‌م ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌ش بێ. ڕاسته‌ ڕۆمان ژانرێكی زۆر ئاڵۆزه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌رخودری له‌گه‌ڵ ده‌كا فره‌ڕه‌هه‌ندن و ته‌كنیكه‌كانی له‌بن نایه‌ن، به‌ڵام پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ت و ته‌كنیكانه‌ پێویستی به‌ زانیارییه‌كی باش هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی من له‌ شاخه‌وان سدیقی ڕۆژنامه‌نووسم بینی، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك په‌رۆشییه‌كه‌ی بوو بۆ تێگه‌یشتن له‌و پرسه‌ ئاڵۆزانه‌ی پرسیاره‌كانی له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌كرد.

ئه‌گه‌رچی ڕۆمان، سه‌باره‌ت به‌و ته‌كنیكه‌ ئاڵۆزانه‌ی به‌كاریدێنێ و به‌و بابه‌ته‌ فره‌ڕه‌هه‌ندانه‌ی به‌رخوردیان له‌گه‌ڵ ده‌كا، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی دنیای ئه‌و ژانره‌، هێنده‌ فراوان و پڕجووڵه‌یه‌، بۆیه‌، به‌رده‌وام پرسیاری تازه‌ ده‌وروژێنێ. ڕه‌نگه‌ نهێنی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتییه‌ی ڕۆمان له‌وه‌دابێ، كه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ "خۆشبه‌ختانه"‌ هیچ پێناسه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه‌و له‌ سه‌رێكی تریشه‌وه‌ پانتاییه‌كی هێنده‌ فراوانه‌، به‌ئاسانی بیرۆكه‌و ته‌كنیكی تازه‌ له‌خۆده‌گرێ. بۆیه‌ به‌رخورد له‌گه‌ڵ كایه‌ مه‌عریفییه‌ جیاجیاكان و بابه‌ت و چه‌مكه‌ ئاڵۆزه‌كان ده‌كا. ئه‌مانه‌ش بوونه‌ سه‌رچاوه‌ی پرسیاره‌كانی شاخه‌وان و بابه‌ته‌كانی وه‌كو پێگه‌ی خه‌یاڵ له‌ ڕۆمان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ڕۆماننووس له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی، ئاماژه‌و به‌كارهێنان و هۆكاری توندوتیژی له‌ ڕۆمان، پێگه‌و بایه‌خی ئایین و ئه‌فسانه و زمان بۆ ڕۆمان، ڕۆڵی خوێنه‌ر له‌ ده‌ستنیشانكردنی مانا، به‌كارهێنانی ته‌كنیكی ده‌قئاوێزان، جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی شووناس و پێگه‌و ئه‌ركه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ڕۆمان و چه‌ندان پرسی تر.

هه‌ڵبه‌ت هیچكام له‌ وه‌ڵامه‌كان به‌ده‌ر نه‌بوون له‌ ئاماژه‌كردن به‌ چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ ڕۆمانی جیهانی. كاتێك وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیشم ده‌دایه‌وه‌، هه‌ستم ده‌كرد شاخه‌وان زۆر به‌وردی وه‌ڵامه‌كانی منی ده‌پشكنی و بیری لێده‌كردنه‌وه‌. بۆیه‌ جارجار هه‌ر له‌ وه‌ڵامه‌كان، پرسیاری تری ده‌وروژاند نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی وه‌ڵامێكی بۆیان نه‌بوو، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ ویستبێتی وه‌ڵامێكی جیاواز به‌ده‌ستبێنێ یان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌گشتی، له‌ بیركردنه‌وه‌و گومانی خوێنه‌ری ئاسایی ئاگاداربووبێ. بۆیه‌ ویستبێتی وه‌ڵامه‌كان زیاتر خوێنه‌ر قایل بكه‌ن. دووریش نییه‌ وه‌كو ڕۆژنامه‌نووس هه‌وڵیدابێ من بخاته‌ دۆخی شپرزه‌یی. له‌ سه‌رێكی تره‌وه من هه‌ستمكرد گفتوگۆكردنه‌كه، سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌ ورده‌كانی ئه‌و‌ به‌ ئاڕاسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه‌دا ده‌چێ، ئیتر ده‌بوو به‌ وریاییه‌وه‌ وشه و ده‌سته‌واژه‌و بیرۆكه‌كانی ناو وه‌ڵامه‌كان هه‌ڵبژێرم. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی دواجار وایكرد گفتوگۆكه‌ی نێوانمان به‌جۆش بێ، خه‌مخۆری هه‌ردوولامان بوو بۆ ڕۆمان.


خاك - پوكمیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved