21/11/2020 07:32 PM

زۆر کورت سەبارەت بە سەرەتاکانی فەلسەفە

مەحموود محەمەدیان
دەستبردن بۆ فەلسەفەی یۆنان و باس کردن لەسەری وەک ئەوەیە دەستت لە سندووقێکی کۆنی هەزاران ساڵ نابێ و لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوەی گەنج و ئاڵتوون بێتە بەر دەستت، هاوکات ترسی ئەوەی مار یان دووپشکێک سەر پەنجەکانت بگەزن لەوانەیە تا ڕادەیەک شیرینی ئەو گەنجە مزر بکاتەوە. هەڵبەت هیچ سەیر نییە کە هاوکات ئەم دوو هەستە لە دڵی کەسی خولیای فەلسەفەی یۆناندا بگوورێ، چون قسە لە ساڵێک و دە و سەد و ئەوە نییە؛ قسە لە ٢٥٠٠ ساڵە. کەوابوو هەر ئەوەی دەوێری دەستی بۆ ببەی و خۆی لە قەرە بدەی خاڵیکی هیوابەخش و دڵخۆشکەرە.
بەڵام مەبەست لەو دوو تەمسیلە لێکدژه چییە؟ سەرەتا لە دۆزینەوەی گەنجەکەوە دەست پێ دەکەم و لێرەدا گەنجەکەی ئێمە خودی فەلسەفەیە. ئەوەی وا هانت دەدا هەڵگەڕێیەوە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر و سەرەڕای ئەو ترسەی کە باسم کرد، بە تامەزرۆییە مل لە ملی پارمێنیدێس توند کەی و ناوچاوانی سوقڕات تەحەمول بکەی، ئەوەیە کە پاش ئەم هەمووە ساڵە، پاش ئەو هەمووە تۆزەی کە لە لەت‌وکوتی قسەکانیان نیشتووە، ئێستاش کە لاپەڕەی هەر کتێبێکی فەلسەفی هەڵدەدەیەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ شوێن‌پێ و کاریگەریی ئەم مرۆڤە لەمێژینانە دەبینی و وەک شتێک ئێستای فکر و ئەندێشەش هەر قەڵافەتی ئەوانە کە زەمان درێژی کردوونەتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بوونی هەمیشەییان کەڵک وەربگرێت. کەوابوو هانەی سەرەکی بۆ ئەم گەڕانەوەیە ئەوەیە کە بزانین ئەم بیرمەندانە ئاخۆ چیان گوتووە و چۆنیان گوتووە کە سەر بە هەر کەلێن و کونێکدا دەکەی، یەکیان بە باخەیەک ڕیشەوە لەوێ دانیشتووە و جەنابیشت دەبێ شاگردایەتی بفەرمووی.
ئەی ترسەکە چییە؟ ترسەکە ڕێک ئەو کۆن کەوتن و تۆزلێنیشتووییەیە. دەڵێن خاک مەیل بڕە بەڵام وادیارە ترسێنەریشە و کە لە بەژنی شتەکان و مرۆڤەکان دەنیشێ، هەر چاکەیان بڵێی باشترە تا وەردیان بدەیەوە و کونجکۆڵی بکەی. ئەگەر باسەکە بێنینەوە سەر فەلسەفەی یۆنان ئەم ترسە لە خودی مێژووەکەیدا خۆی حەشار داوە. مەبەستم لە مێژووی یۆنان هەموو لایەنەکانیەتی؛ هەر لە میتۆلۆژیاوە بگرە هەتا مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتد. دوور بوونی ئەو زەمەنە لە ئێستا کارێکی کردووە کە سەریەکخستنەوەکەی ئەستەم بێت و ئەگەر زۆری لێ ورد بییەوە(لانی‌کەم بۆ خوێنەری فەلسەفە)دەکەویە دەریایەکی بێ بنەوە کە نەجاتیت نایە. کەوابوو ئەوەی وا شیرینیەکەت لێ مزر دەکات ئەوەیە. هەر بۆیە دەبێ هەوڵ بدەی لەم بازاڕە ئاڵۆزەدا تۆ وەک خوێنەری فەلسەفە تەنیا بەشوێن سەرەداوێکەوە بی، ئەویش سەرەداوی فەلسەفەیە کە بەختەوەرانە بەهۆی ئەوەی مێژووی یۆنان و فکری مرۆڤی یۆنانیی ئەو کات بەنسبەت شوێنەکانی دیکەی جیهان، کەمتر لە داوی ئوستوورە زەبەلاحەکاندا قەتیس بووە، دۆزینەوەی ئەم سەرەداوە زۆر زۆریش ئەستەم نییە. بەڵام دیسانیش دەبێ ئەو هۆشدارییە لەبەرچاو بگرین.
ستراترێن لە پێشەکی کتێبی "ئاشنابوون لەگەڵ سوقرات"ـدا لەگەڵ ئەوەی مێژووی فەلسەفەی یۆنان لە سەرەتاوە تا سوقڕات لە لاپەڕەکەیدا کورت دەکاتەوە، بەڵام دەست لەسەر خاڵێکی زۆر گرنگ دادەنێ کە لە دێڕەکانی سەرەوەدا سووکە‌ئاماژایەکم پێدا. ستراترێن دەڵێ لەو سەردەمەدا کە فکری مرۆڤ لە ڕێگای ئوستوورەوە جیهان و دیاردەکانی فام دەکرد، نیزامی ئوستوورەیی یۆنان بەنسبەت بابێل و میسر لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو. جگە لەوە لەم دوو شارستانیەتە گەورەیەدا ماتماتیک، بیناسازی و ئەستێرەناسی لەوپەڕی خۆیدا بوو، بەڵام یۆنانییەکان قسەی گەرمی مەجلیس و بازاڕیان لەسەر چوار لەتە خودای بەڕواڵەت مرۆڤ بوو کە ڕۆژێک یەکیان خەیانەتی دەکرد، یەکیان هەڵدەگیرا و یەکیان دزی لەوی دیکە دەکرد و هتد. بەڵام ئەم دواکەوتووییە لەکۆتاییدا ڕێچکەیەکی کردەوە کە ٢٥٠٠ ساڵە دەوامەی هەیە و هەر جارەی بە جۆرێک و لە قاڵبی ڕەوتێک و کەسێکدا خۆی نوێ کردۆتەوە.
ئەم دۆخەی باسمان کرد زۆر زوو رێگای بۆ ئەوە خۆش کرد کە چۆنایەتیی بیرکردنەوەی مرۆڤی یۆنانی تووشی گۆڕانی بنەڕەتی بێت. ئەو گۆڕانە بنەڕەتییە تێپەڕینە لە ئوستوورەوە بەرەو فەلسەفە، لە ئوستوورەوە بەرەوە ئاوەزمەندی و بە واتایەکەی‌تر تێپەڕین لە مۆتۆسەوە بەرەو لۆگۆس.
هەر وەک دەزانین فەلسەفە دەستەواژەیەکی یۆنانییە و لە دوو بەشی Philo و Sophia پێک دێت؛ واتە هۆگری حیکمەت. جگە لەم مانا ئاساییە زۆر پێناسەی دیکەش لە فەلسەفە کراوە بەڵام باشترین کار ئەوەی لێ گەڕێین فەلسەفە بۆخۆی خۆی پێناسە بکات. فەلسەفە بوونەوەرێکی مێژووییە کە لە ٦٠٠ ساڵ بەر لە زایینەوە لەدایک بووە و تا ئێستاش بەردەوامە و لە هەر سەردەمێکدا وتەبێژێکی بۆخۆی هەڵبژاردووە. کەوابوو کاری توێژەری فەلسەفە ئەوەیە بزانێ چۆناوچۆن فەلسەفە لە تالێسەوە کۆچی کرد بەرەو فیساغۆرێس، چۆن لە هێراکلیتەوە بوو بە پارمێنیدێس و ئەفلاتوون بۆ بوو بە ئەرەستوو و هەتد.
مەسەلەیەکی دیکەش کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە یەکەم تێڕوانیەکان بۆ ناسینی جیهان و گەڵاڵەکردنی چەمکە ئوستوورەییەکان بەر لە سەرهەڵدانی فەلسەفە لە ئەدەبیاتی یۆناندا دەست پێ دەکات، بەڵام بەکارهێنانی ئوستوورە لە ناسیاوترین حاڵەتی خۆیدا؛ و ئەم شتە بە چڕی لە کارەکانی هۆمێردا خۆی نیشان دەدات. ئەم ڕەوتە کاتێک دەگاتە "هێزیۆد" رواڵەتێکی دیکە بەخۆیەوە دەگرێ و ئەگەرچی تەواو لە داوی ئوستوورە ڕزگاری نەبووە بەڵام پێناسەیەکی دیکە لە چەمکە ئوستوورەییەکان دەدا بە دەستەوە.. کەوابوو دەتوانین بڵێین هیزیۆد لە نێوان فەلسەفە و ئوستوورەدا ڕاوەستاوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved