21/11/2020 09:08 PM

سارا خەڵاتی باشترین نووسەری ساڵی لە دانیماك پێبەخشرا

كچە كوردێكی دانیشتووی وڵاتی دەنیمارك خەڵاتی باشترین نووسەری ئەدەبی دانیمارك دەباتەوە.

سارا عومەر نووسەری كوردی  دانیشتووی شاری  كۆپنھاگنی دەنیمارك خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel ى پێبەخشرا.

سارا عومەر لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسیویەتی: خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم كە بەرواری 18ی نۆڤێمبەر لە شاری كۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارك خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurelم پێبەخشرا.

ئەوەشی وتووە: ئەمە خەڵاتێكی ئەدەبی دانیماركییە، كە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێنراوە، ھەموو ساڵێكیش بە یەكێك لە نووسەرەكانی وڵاتی دانیمارك دەبەخشرێت.

ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەكە دەدات پێكھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبی و خاوەن كتێبخانەكانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەكە بە كتێبێك دەبەخشن، كە ئاستێكی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاكێشابێت.

نووسەری براوە كەسێكە زۆرترین خوێنەری ھەبووەو كتێبەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو بەناو كۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێك لە نووسەرە گەورەكانی دانیمارك ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوەو ھەر نووسەرێكیش دەتوانێت یەكجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

سارا باسی لەوەش كردووە: من كە ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەكەمین نووسەرێكم، كە پاشخانێكی كوردی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لە من ئەو خەڵاتە بە كەسێكی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەكەمین نووسەرێكی پەناھەندەم كە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەكچۆن لەھەمانكاتدا گەنجترین نووسەرێكم خەڵاتەكەم پێبەخشرابێت.

هەروەها سارا وتوشیەتی: بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێكیتر پێ لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ دابگرم، وەكچۆن لە وتارەكەی دوێنێمدا لە شاری كۆپنھاگن باسمكرد. لەلای من بەرگریكردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەكی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەك تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵكو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەك ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریكردن لە ئازادی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییەو فێركردنیان، كە ڕێزی لێبگرن. من وەك نووسەرێك ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەكانیدا بەتایبەتی، بێدەنگبم. ئەگەر ڕۆمانەكانی من مانایەكیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریكردنیاندایە لەم ئازادییانەو لە ڕێگرتن لە سوكایەتیكردندا بە مرۆڤ، یان كورتكردنەوەی بۆ كەسێك كە خاوەنی ڕاوبۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەك بێت بۆ بیستن و دووبارەكردنەوەی قسەو بۆچوونی گەورەكانی.

خاك - ئاژانسه‌كان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved