23/11/2020 09:39 PM

ئەڵمانیاو ئیسپانیا كاتی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنایان راگەیاند

ئەڵمانیاو ئیسپانیا وادەی بەكارهێنان و پێدانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دیاریدەكەن و پێدەچێت لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت جیهانیش ببنە یەكەم دوو وڵات كە بڕیاری بەكارهێنانی ڤاكسینەكەیان دابێت كە بەهۆیەوە 58 ملیۆن كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون و 1 ملیۆن و 400 هەزار كەسیش بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

جینس سپان وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی بەنیازە لە مانگی داهاتوودا دەستبكات بە بەكارهێنان و پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆڤید-19.

سبان لەمیانی دیدارێكی رۆژنانووسیدا راشیگەیاند: ئەوەی جێی دڵخۆشییە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا لەمساڵدا رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینەكە دراوە، ئەمەش وادەكات دەستبەجێ‌ دەست بە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە بكەین.

روونیشیكردۆتەوە: داوا لە هەرێمە فیدڕاڵییەكانی ئەڵمانیا كراوە ناوەندەكانی پێدانی ڤاكسینەكە پێش ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەم ئامادەبكەن لەوبارەیەشەوە كاری باش ئەنجامدراوە.

وەزیرەكەی ئەڵمانیا جەختیشیكردۆتەوە كە وڵاتەكەی 300 ملیۆن دۆزی ڤاكسینەكەی لەڕێگەی كۆمسیۆنی ئەوروپاو گرێبەستەكانەوە دەستكەوتووە.

وڵاتی ئیسپانیاش رایگەیاند: بەنیازن لە مانگی داهاتوودا دەست بە پرۆسەی بەكارهێنان و پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بكەن.

لەوبارەیەوە پیدرۆ سانشیز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند: مەدرید لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا بەرنامەیەكی فراوان بۆ بەكارهێنان و پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا جێبەجێ‌ دەكات و پێشبینی دەكەن كە لە ماوەی 6 مانگدا بەشێكی زۆری دانیشتوان لەو بەرنامەیە سوودمەند بن و ڤاكسینەكەیان پێبدرێت.

راشیگەیاند: ئیسپانیاو ئەڵمانیا لەناو یەكێتی ئەوروپا دەبنە یەكەم دوو وڵات كە پلانێكی ئاوایان هەبێت بۆ پێدانی ڤاكسینەكە بە سەرجەم دانیشتوان.

خاك - ئاژانسەكان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved