27/11/2020 06:31 PM

کۆریای باکوور تووشبووانی کۆرۆنا لە زیندانەکاندا کەرەنتین دەکات!

بەپێی راپۆرتەکان، تووشبووانی کۆرۆنا لە کۆریای باکوور لە زیندانەکاندا کەرەنتین دەکرێن بۆ ئەوەی لە برسان بمرن. زۆرینەی ئەو کەانەی تووشی کۆڤید-19 بوون رەوانەی 9 ناوەندی کەرەنتینە دەکرێن و هیچ ئاوڕێکیشیان لێنادرێتەوە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئەم کەسانە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ ناکرێ و تەنها بە بوونی چەند نیشانەی کۆرۆنا دەنێردرێن بۆ ئەم زیندانانە و بەبێ وەرگرتنی چارەسەر ناچارن ئەم دۆخە نالەبارە تەحەمول بکەن و دواجار دەمرن.
دەگوترێ رۆژانە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش دەگوازرێنەوە بۆ ئەم ناوەندانە و ئەگەر یەکیان بمرێت هەر لەوێ تەرمەکەی دەسووتێنن و بەبێ هیچ شرۆڤەیەک لەتوکوتی جەستەی کەسەکە بۆ خێزانەکەی دەنێرنەوە. رژێمی "کیم جونگ ئوون" کە تا ئێستاش پێداگرە لەسەر ئەوەی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لەم وڵاتە تۆمار نەکراوە، ئیزن نادات خەڵکی وڵاتەکەی باسی "ڤایرۆسی کۆرۆنا" و "نەخۆشی گوازراوەیی" بکەن.
ماڵپەڕی Daily NK هەروەها باس لەوە دەکات لە لەم ناوەندانەدا بەهۆی نەبوونی ئاوی گەرم و حەمام، دۆخی تەندروستی بەندکراوان زۆر خراپە. لەم ناوەندانەدا رۆژی 3 ژەم خۆراک دەدەرێت بە بەندکراوان و هەر ژەمێک بریتییە لە هەندێک سوپ و برنج. هەر بۆیە بەندکراوان بەردەوام برسین و پاش ماوەیەک دەمرن.
کۆریای باکوور بۆ بەرگیری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا چەندین مانگە سنووری وڵاتەکەی بە رووی کەسانی بیانیدا داخستووە. هەروەها خێزانی کەسانی تووشبوو بە کۆرۆما ناتوانن نەخۆشەکانیان ببینن و نەخۆشەکانیش ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیان بگرن و ئەگەر دەرمانێکیش پێویست بوو دەبێ بنەماڵەکان دابینی بکەن و بینێرن بۆ ناوەندەکانی کەرەنتین.
زۆرینەی کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە تا ئێستا هەزاران کەس لە کۆریای باکوور بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە. هەر لە شاری "مانپۆ" لە نزیک سنووری چین زیاتر لە 100 کەس بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی کۆرۆنایان بووە گیانیان لەدەست داوە.

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved