28/11/2020 06:51 PM

کەوتنی لەنەکاوی ددان؛ دەرکەوتەی نوێی کۆرۆنا

ئەگەرچی زۆرینەی تووشبووانی کۆڤید-19 تەنها چەند رۆژ لەگەڵ ئەم نەخۆشییە بەرەوڕوون، بەڵام هەندێک کەسێک تا چەندین مانگ ئاسەواری ئەم ئازارەیان تێدا دەمێنێتەوە. ناوی ئەم حاڵەتە "کۆڤیدی درێژخایەن"ـە و ئێستا کارناسان سەبارەت بە دەرکەوتەیەکی دیکەی ئەم نەخۆشەییە هۆشداریان داوە و ئەویش کەوتنی لەنەکاوی ددانە. پزیشکانی ددان دەڵێن ئەم ڤایرۆسە لەوانەیە پووک بورووژێنێت و لە ئاکامدا ددانەکان لەق بن و بکەون. بە گوتەی نیۆرک‌تایمز، پاش پۆزەتیڤ دەرچوونی تاقیکاریی کۆرۆنای ژنێک لە وەرزی بەهاردا، یەکێک لە ددانەکانی لەم مانگەدا کەوت. "فەرەح کۆمەیلی"ـی تەمەن ٤٣ ساڵ، دانیشتووی نیۆرک، خەریک بوو ئایس‌کرێمی دەخوارد و بەر لەوەی ددانەکە بکەوێت هەستی بە لەق بوونی کرد.
دەگوترێ کوڕێکی تەمەن 12 ساڵیش پاش تووشبوون بە کۆرۆنا ددانێکی کەوتووە. "دایانا برانت"ـی دایکی ئەم کوڕە لە تویتێکدا داوای لە خەڵک کردووە ڤارۆسی کۆرۆنا  بە هەند وەرگرن. ئەو لەم تویتەدا نووسیویەتی: "یەکێک لە ددانەکانی پێشەوەی کوڕەکەم لەم دواییانەدا کەوتووە و ددانێکی دیکەشی لەق بووە...ئەوە ئازارێکی پەیوەندیدار بە دەمارەکانە لەحاڵێکدا 9 مانگ لە تووشبوونی بە کۆڤید-19 تێپەڕ بووە. تکاتان لێدەکەم ئەم نەخۆشییە پشت گوێ مەخەن."
دکتۆر "مایکڵ شرێر"ـی پزیشکی ددانی خەڵکی کالیفۆرنیا دەڵێ: "نەخۆشیی پووک لەبەرامبەر ورووژاندا زۆر هەستیارە و کەسانێک کە ماوەیەکی زۆر کۆرۆنایان لەگەڵ دەبێی بێگومان لەم تاقمەن." بەم حاڵەوە بەشێک کارناسان دەڵێن کەوتنی ددان لەوانەیە لە ئاکامی سنوورداردبوونەوەی سەردانکردنی پزیشکی ددان لە سەردەمی کۆرۆنادا هاتبێتە ئاراوە.
پرۆفیسۆر "دیمین والمزلی". راوێژکاری زانستیی ئەنجومەنی ددانی بەریتانیا دەڵێ: "کۆڤیدی درێژخایەن کێشەیەکی تاقەتپڕووکێنە و پشووسواری، هەست بە ئێش لە قەفەزەی سنگ، تەماوی بوونی مێشک و دڵەڕاوکێ نیشانە سەقامگیرەکانی ئەم نەخۆشییەن."
ئەم پرۆفیسۆرە دەڵێ لەوانەشە لەم کات و ساتەدا کە کۆرۆنا هەموو وڵاتی داگرتووە کەسەکان کەمتر بیر لە تەندروستیی بەشەکانی دیکەی جەستە بکەنەوە و لەم ناوەدا ئەگەر هەیە تەندروستیی ددان زیاتر لەگەڵ مەترسیی رووبەڕوو بێتەوە."

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved