30/11/2020 05:50 PM

ئاماری خوکوژی لە ژاپۆن لە ژمارەی مردووانی کۆرۆنا زیاترە

بەپێی راپۆرتەکان، لە مانگی رابردوودا ژمارەی قوربانیانی خۆکوژی لە ژاپۆن زیاتر بووە لە ئاماری مردووانی کۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا و ئەو جۆرەی کە حکومەتی ژاپۆن باسی کردووە ژنان زیاتر لە پیاوان ئەم کارەیان ئەنجامداوە. لە مانگی رابردوودا نزیکەی 2153 کەس خۆیان کوشتووە و بەم جۆرە ئاماری خۆکوژی لەم وڵاتە چوار مانگە کە لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لە سەرەتای 2020ـەوە تا ئێستا 2087 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە. "میشیکۆ ئودا"ـی مامۆستای زانکۆی Waseda لە تۆکیۆ لەم بارەوە بە میدیاکانی راگەیاندووە: "ئێمە تەنانەت کەرەنتینەشمان نەبوو بەم حاڵەوە لە ژاپۆن کاریگەری کۆڤید-19 لە وڵاتانی دیکە کەمتر بووە. بەڵام دیسانیش لەگەڵ ئامارێکی زۆری خۆکوژی بەرەوڕووین.
ئەوە دەریدەخات کە وڵاتانی دیکەش لەوانەیە لە مانگەکانی داهاتوودا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوژی لەناو هاووڵاتیاندا رووبەڕوو بنەوە. بە گوتەی توێژەران خۆکوژییەکانی ژاپۆن لەناو ژناندا زیاتر بوە و پەرەسەندنێکی 83٪ـی بەنیسبەت ساڵی رابردووەوە هەبووە.
ژنانی ژاپۆنی کە بەشی بەرچاوی هێزی کاری ئەم وڵاتەن بەهۆی کۆرۆناوە پیشەکانیان لەدەست داوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی خۆکوژیان. لەلایەکی دیکەوە ژنانی ژاپۆنی رێک وەکوو وڵاتانی دیکەی جیهان بەهۆی خانەنشین بوونەوە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لەگەڵ توندوتیژی بنەماڵەیی رووبەڕوو بوونەتەوە و ئەوەش دەتوانێ هۆکارێکی جدی بێت بۆ خۆکوژی.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved