30/11/2020 05:51 PM

ترەمپ هیوای تەندروستی بۆ بایدن خواست!

پاش ئەوەی راگەیەندرا کە "جۆ بایدن"ـی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەکاتی یاری لەگەڵ سەگەکانی لاقی شکاوە، "دۆناڵد ترەمپ" لە پەیامێکدا "هیوای چاکبوونەوەی خێرای" بۆ خواست. نووینگەی بایدن سەرەتا رایگەیاند کە پێناچێ ئەو تووشی شکانی ئێسکی قاچ بووبێت، بەڵام دواتر وێنەی سکەنەکان دەریانخست ئەم رووداوە شکانێکی بچووکی لێکەوتووەتەوە.
ئەم رووداوە رۆژی شەممە ئەم هەفتەیە رووی دا و بایدنی تەمەنی 78 ساڵ رۆژی یەکشەممە "بۆ دڵنیایی زیاتر" بۆ گرتنی وێنەی X-ray و CTسکەن سەردانی پسپۆڕێکی ئۆرۆپێد(قاچ و دەست شکان)ـی کرد لە شاری دلاوری ئەمریکا.
بایدن لەئێستادا بۆ ئەوەی بەڕێدا بڕوات لە واکەر بوت(ئەو کەرەسەیەی کاتی قاچ شکان بەکاری دێنن) کەڵک وەردەگرێت و لەو رووەوە کە پزیشکان گوتوویانە ئەگەر هەیە تا چەندین هەفتە پێویستی بەم کەرەستەیە بێت، لەوانەیە کە رێەڕەسمی تەحلیف(رێوڕەسمی ناساندنی سەرۆکی نوێ لە ئەمریکا)ـدا بە واکەر بوتەکەیەوە ئامادە بێت.
شەوی رابردوو میدیای NBC هەندێک وێنەی بایدنی نیشان دا کە خەریکی سەرکەوتن لە ئۆتۆمبێلێک بوو پاش ئەوەی لە نووسینگەی پزیشکەکەی هاتە دەرەوە و دۆناڵد ترەمپیش کە هێشتا هیوادارە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت، بە دانانی ئەم وێنانە لە تویتەرەکەی خۆیدا ئاواتی تەندروستی بۆ بایدن خواست.
ترەمپ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام هەوڵی دەدا کەسایەتی بایدن برووخێنێت و دەیگوت بایدن کەسێکی گەندەڵە و تەمەنیشی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا زۆرە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە تەمەنی بایدن تەنها 3 ساڵ لە ترەمپ زیاترە. جێی ئاماژەیە کە بایدن یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە توانیویەتی لەو تەمەنەدا(78 ساڵ) سەرۆکایەتی ئەمریکا بگرێتە ئەستۆ.

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved