مەحموود محەمەدیان بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان، تالێس یەکەم بیرمەندی فەلسەفەی یۆنانە و ئەوە کە بۆ یەکەم جار بە بێ کەڵک وەرگرتن لە خودایان هەوڵ دەدا وڵامی پرسیارە گرینگەکەی "فەلسەی پێشاسوقڕاتی" بداتەوە، واتە "ئارخە چییە؟". وڵامی تالێس بۆ ئەم پرسیارە ئاوە. دیارە ئەم وڵامەی تالێس پەیوەندی بە کانتێکستی کۆمەڵایەتی یۆنانی کەوناراوە هەیە کە لەوێدا "ئاو" جێگەیەکی پیرۆزی هەبوو. هەڵبەت ئەم بیرۆکەیە بەگشتی بیرۆکەیەکی هێندوئەوروپاییە. ئەرەستوو لە "مێتافیزیک"ـدا دەڵێ لەوانەیە هانەی سەرەکی تالێس بۆ ئەم وڵامە ئەوە بووبێت کە سروشتی هەموو شتەکان شێدارە و گەرماش لە شێوە ساز دەبێت. هەروەها ئەوەی کە شاری ئیونیا لە ناوچەی مەلەتییە لە کەناری دەریا بووە و تا چاو هەتەری بکردایە هەر دەریا بووە، لەوانەیە کاریگەری لەسەر وڵامەکەی تالێس بووبێت. ئەوەش دەبێ بزانین کە تالێس زۆر خۆی بە شرۆڤە کردنی ئەوەی کە جیهان چۆناوچۆن لە ئاوەوە ساز بووە ماندوو نەکردووە، بەڵام بیرمەندانی پاش ئەو تا ڕادەیەک خۆ لەم باسەش دەدەن. دووهەم فەیلەسووفی ئیوونی کە دەگوترێ شاگردی تالێس بووە "ئاناکسیمێندێر/ ئاناکسیمێندروس"ـە. ئاناکسیمێندێر دەیگوت ناکرێ ئارخە ئاو بێت، چونکە ئاو خۆی یەکێک لە "ئەزداد"ـە. بە بڕوای ئەو ئارخە دەبێ شتێکی بێ فۆرمی ناجێگیر بێت. ئاناکسیمێندێر ئەم شتەی دەگوت "ئاپایرۆن" واتە شتێکی بێ فۆرم. کەوابوو وڵامی ئارخە لەم بیرمەندا ئیتزاعی دەبێتەوە. ئاناکسیمێندێر هەروەها هەوڵ دەدا چۆنیەتی دروستبوونی جیهان لە "ئاپایرۆن" شرۆڤە بکات. ئەو دەڵێ زەوی لە ناوەندی فەلەکدا جێگیر بووە و مەودای لەگەڵ هەسارەکانی دیکە لە هەموو بارێکەوە بە یەک ئەندازەیە و کەوابوو هیچ هۆکارێک بۆ بەربوونەوە و ئەوەی کە بکەوێت بە لایەکدا نییە. ئاناکسیمێندێر دەیگوت زەوی هاوشێوەی کەرێکە کە لە نێوان دوو باخە وێنجە دایە و باخەکانیش مەودایان لەگەڵ کەرە بە یەک ئەندازەیە و کەوابوو کەرە نازانێ سەر بۆ لای کامیان بسووڕێنێت و تا هەمیشە لە چەقی ئەم دوو باخەیەدا دەمێنێتەوە و عاقیبەت دەمرێ. ئەگەر سەرنج بدەین ئەم هەوڵەی ئاناکسیمێندێر بە جۆرێک یەکەم هەوڵە بۆ لێکدانەوەی هێزی ڕاکێشانی هەسارەکان. سێهەمی فەیلەسووفی ئیوونی ئاناکسیمێنێسە. ئەم بیرمەندە لای وایە ئارخە "هەوا"ـیە. کەوابوو بەنسبەت ئاناکسیمێندێر کە وڵامەکەی ئیتزاعییە، ئاناکسیمێنێس هەڵدەگەڕێتەوە بۆ لای تالێس و دەست لەسەر یەکێک لە "ئەزداد" دادەنێ وەکوو ئارخەی جیهان. ئاناکسیمێنێس دەیگوت هەموو شتێک دەرەنجامی تراوبوونەوە و خەستبوونەوەی هەوایە. هەوا کە خەست بۆوە دەبێتە خاک و کە تراو بووەوە دەبێتە ئاور. لە ئەندیشەی ئاناکسیمێنێسدا بۆ یەکەم جار چۆنایەتی بەپێی چەندایەتی لێک دەدرێتەوە. ئەوەش دەبێ بزانین کە ماکەی هەوا لە فەرهەنگی یۆنانیدا جێگەیەکی گرینگی هەیە. هەوا مایەی ژیانە. بەکورتی بیرمەندانی مێلێتووسی/ ئیوونی یەکەم ڕوخسارەکانی جیهانی ئەندیشەن کە لە ئوستوورەکان جوێ دەبنەوە و هەوڵ دەدەن بەشێوەیەکی ئاوەزمەندانە جیهان لێک بدەنەوە. نازناوێکی دیکە کە دەیدەنە پاڵ فەیلەسووفانی مێلێتووسی نازناوی "ماتریالیست" بوونە. بەڵام ئەم ماتریالیزمە لەگەڵ ماتریالیزمێک کە بۆ ئێمە ناسراوتر وهاوچەرخترە جیاوازی هەیە. بەپێی تێگەیشتنی هەنوویەکی ئێمە ماتریالیست کەسێکە کە لە نێوان دووانەی مادە-ڕۆحدا لایەنی مادە دەگرێ و لەگەڵ ماتریالیست بوونی فەیلەسووفانی مێلێتووسی جیاوازی هەیە و ئەوان لەنێوان دووانەی ئاماژە پێ کراودا قەتیس نەمابوون. کەوابوو دەبێ کاتێک یۆنان دەخوێنینەوە لەگەڵ تێرمینۆلۆژییەکەیشی ئاشنا بین ئەگینا تووشی سەرلێشێوان دەبین.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure