2/12/2020 11:03 AM

وەرزشی پیلاتێس چییە؟+وێنە

وەرزشی "پیلاتێس/ Pilates" کۆمەڵێک جووڵەی وەرزشییە کە لە هێزی راکێشەری زەوی، کێشی جەستە و کۆمەڵێک ئامێری تایبەت کەڵک وەردەگرێ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی رادەی بەرگری و تواناییەکانتان و هەروەها بەهێزبوونی ماسولکەکان. پەیوەندیی نێوان زەین و جەستە لەم وەرزشەدا زۆر گرنگە. ئەم وەرزشە یارمەتیدەری زەینتانە بۆ ئەوەی ئاستێکی دیاریکراو لە زانیاریتان سەبارەت بە شێوازی جووڵەکانی جەستەی خۆتان هەبێت.


پیلاتێس بەشێوەیەکی بەرچاو بەنیسبەت راهێنانە وەرزشییە نەریتییەکان کە لە وەرزشی لەشجوانیدا کەڵکی لێوەدەگیرێت، بۆ جومگەکان باشترە و زیانێکی کەمتری هەیە، چونکە لە جەستەی خۆتان بۆ بەرگری کەڵک وەردەگرێت و هێزی جەستە لە خودی جەستە وەردەگرێت. پیلاتێس هاوشێوەی یوگا زەین و جەستە ئارام دەکاتەوە، بەو جیاوازییەی کە پیلاتێس زیاتر لە یوگا لایەنی جەستەیی و فیزیکی هەیە و ئاستی دەروونی/ مەعنەوی لە وەرزشی یوگا کەمترە.


پیلاتێس 6 بنەمای سەرەکی هەیە: چڕبوونەوە، کۆنترۆڵ، جووڵە، بەدیهێنانی هێزی بەرگری، وردبینی و هەناسەدان. ئەم 6 بنەما گرنگە بۆ کواڵیتی و دەستەبەرکردنی درئەنجامی سەرکەوتووانە لەم وەرزشەدا پێویستن. پیلاتێس هەمیشە لەسەر کواڵیتی جەختی کردووەتەوە نەک چەندایەتی. بەپێچەوانەی سیستمە وەرزشییەکانی دیکە کە بریتین لە دووپات کردنەوەی لەڕادەبەدەری جووڵەیەکی وەرزشی، لە پیلاتێسدا هەر کام لە جووڵەکان بەتەواوی و بە وردی ئەنجام دەدرێن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەرزشوانەکە لە ماوەیەکی کورتدا بگاتە دەرئەنجامی دڵخوازی خۆی.


سوودەکانی پیلاتێس بریتین لە: سادەبوونی راهێنانەکانی، کەمکردنەوەی کێشی جەستە، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، نەرمبوونی جەستە، بەهێزکردنی ماسولکەکان، بەرزکردنەوەی خێرایی سووڕی خوێن. بەڵام ئەو کەسانەی فشاری خوێنیان سەقامگیر نییە یان کێشەی پشت و ئێسکیان هەیە واباشە بە چاوەدێریی پزیشکییەوە ئەم وەرزشە ئەنجام بدەن.

 

سەرچاوە: mayoclinic

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved