5/12/2020 04:36 PM

سوودەکانی مۆز

مۆز یەکێک لە خۆشەویست‌ترین میوەکانی جیهانە و جگە لەوەی وەکوو خواردنێکی تەندروست کەڵکی لێوەردەگیرێت، بۆ دروستکردنی خواردنەوە جۆراوجۆرەکانیش بەکاردێت. لەدرێژەدا لەگەڵ تایبەتمەندییە سەلمێنراوەکانی ئەم میوە بەتامە ئاشنا دەبین.

زۆر وزەبەخشە
لەپێکهاتەی مۆزدا پۆتاسیۆمێکی یەکجار زۆر بوونی هەیە. جگە لە پۆتاسیۆم، مۆز سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ڤیتامین B6 و ریشاڵ کە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کەمکردنەوەی کۆلستڕۆڵ و رێکخستنی خووەکانی مرۆڤ. لەڕاستیدا خواردنی تەنها 1 دانە مۆز لەڕۆژدا دەتوانێ 9٪ـی پێداویستیی ئێوە بە پۆتاسیۆم و 8٪ـی پێداویستیتان بە مەگنسیۆم جێبەجێ بکات. یەک دانە مۆز 110 کالۆری وزە هەیە و هیچ چەورییەکیشی تێدا نییە.

شەکری خوێن رێکدەخات

ئەوەی کە دەگوترێ ئەو کەسانەی کە شەکرەیان هەیە نابێ میوەی شیرین بخۆن، بیرێکی هەڵەیە، هەڵبەت تا ئەو کاتەی کە کاربۆهیدراتەکەیان لە پێویستیی جەستە زیاتر نەبێت. لەڕاستیدا لە پێکهاتەی مۆزدا "پەکتین" و "نیشاستە"ـی تێدایە کە هەرس نابن و دەبنە هۆی کەمبوونەوەی شەکری خوێن. جگە لەمانە، رادەی "گلۆکۆز"ـی مۆز، بەپێی ئەوەی چەندە گەییبێت، لەنێوان 30 بۆ 60٪ـە. پزیشکان دەڵێن لەگەڵ خواردنی مۆز وا باشە هێڵکە و ماستیش بخورێت.

دەبێتە هۆی تەندروستیی دڵ

ئەگەرچی پۆتاسیۆم بە مادەیەکی کانگەیی دەناسرێت، بەڵام هاوکات "ئەلەکترۆلیت"ـیشە. ئەلەکترۆلیتەکان ئامرازێکن بۆ رێکخستنی ماسولکەکان. لەو رووەوە کە دڵ ماسولکەیە، لەنێوان بەکارهێنانی پۆتاسیۆم و تەندروستیی دڵدا پەیوەندییەکی نزیک هەیە. کەمبوونی پۆتاسیۆم واتە زیادبوونی خوێن لە دەمارەکاندا و ئەوەش فشاری خوێن زیاد دەکات و ئەگەری جەڵتەی دڵ بەرز دەکاتەوە.

کێشی جەستە کەم دەکاتەوە
کارناسان دەڵێن ئەو کاربۆهیدراتەی لەناو مۆزدا هەیە بووەتە هۆی بەدناوبوونی ئەم میوەیە لە جیهانی رجێمەکانی خواردندا. بەپێچەوانەی ئەم رێکلامە خراپانە ئێمە بە خواردنی مۆز قەڵەو نابین. لەڕاستیدا ئەم میوەیە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کەسەکە زووتر هەست بە تێربوون بکات. واباشە مۆز بە شینی بخورێت، چون هەرچی شینتر بێت رادەی ئەو نیشاستەیەی کە هەرس نابێت زیاترە و ئەمەش کەمبوونەوەی کێشی جەستەی لێدەکەوێتەوە.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved